داوای دوورخستنەوەی ترەمپ دەکرێت

ليست هناك تعليقات



سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا داوا دەکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە و دەڵێت "ئەگەر مایک پێنس [جێگری سەرۆکی ئەمریکا] ماددەی 25ی دەستوور چالاک نەکات، ئەوکاتە هەوڵدەدەین لەڕێگەی کۆنگرێسەوە ترەمپ لە پۆستەکەی دووربخەینەوە".

نانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە "چاوەڕێی هەنگاوی خێرا لە مایک پێنس دەکەین".

"نابێت ترەمپ لە کۆشکی سپی بمێنێت"

چەک شومەر، سەرۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا داوای لابردنی ترەمپ لە کۆشکی سپی دەکات و دەڵێت "نابێت سەرۆکی ئێستا یەک رۆژی دیکە لە کۆشکی سپی وەکو سەرۆکی وڵات بمێنێتەوە".

پێشتریش جەی تیمۆنۆس، سەرۆکی گەورەترین رێکخراوی کۆمپانیا و کارگەکانی ئەمریکا کە 14 هەزار کۆمپانیای گەورە ئەندامیەتی داوای لە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا کرد کاربکەن بۆ لادانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستەکەی. 

هەروەها داواکاری گشتیی دی سی داوای لە جێگری سەرۆکی ئەمریکا کرد کابینەیەک پێکبهێنێت بە پشتبەستن بە هەمواری یاسای 25 و سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستەکەی دووربخاتەوە. کارڵ راسین، داواکاری گشتیی دی سی گوتی "جێگری سەرۆک پێنس، بتانەوێ و نەتانەوێت زۆر گونجاوترە بۆ پۆستەکە [پۆستی سەرۆکایەتی].. پێویستمان بە فەرماندەیەکی گشتیی هێزە چەکدارەکانە کە بەرپرسیارێتییە دەستوورییەکانی جێبەجێ بکات".

"ئەوانەی هێرشیان کردە سەر کۆنگرێس، تیرۆریستی ناوخۆیین"

هاوکات هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، ئەو هێرشەی رۆژی چوارشەممە کرایە سەر کۆنگرێس لەلایەن گرووپێکی پەڕگیرەوە ئەنجامدرا کە "تیرۆریستی ناوخۆیین".

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپی بەوە تۆمەتبارکرد کە "لەپشت ئەو رووداوەوە" بووە. گوتیشی "ترەمپ لە یەکەم رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەوە نەوەستاوە و بەردەوام هانی خەڵکی داوە".

بایدن ئاماژەی بەوەش کرد، کاری سەرەکیی ئەو یەکخستن و کارکردنە بۆ یەکێتیی ئەمریکا، چونکە لە ماوەی رابردوودا هەوڵدراوە ئەمریکا دابەشبکرێت.

لەدوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە 3ی تشرینی دووەمی 2020، زیاتر لە 60 سکاڵای لەلایەن دادگاکانەوە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا رەتکراونەتەوە.

"هەندێک لە بەشداربووانی خۆپێشاندانەکە سزادەدرێن"

وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاندووە، هەندێک لە بەشداربووانی خۆپێشاندانەکەی واشنتن دی سی سزادەدرێن، ئەوەش بەهۆی هەڵکوتانەسەر باڵەخانەی کۆنگرێس.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif