گێڕانه‌وه‌ی كورد بۆ پێش رووخانی سه‌ددام

ليست هناك تعليقات

عارف قوربانی
-
به‌دیاریكراوی له‌ سه‌رهه‌ڵدان و هاتنی داعشه‌وه‌ بۆ عێراق، زۆرجار گوێمان به‌وه‌ زرنگاوه‌ته‌وه‌ له‌ ناوه‌نده‌ ناڕه‌سمییه‌كانی به‌غداوه‌ كاره‌كته‌رێكی سیاسی، په‌رله‌مانتارێك، مه‌لا و مه‌رجه‌عێكی شیعی تووندڕه ‌و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كردووه‌ كه‌ ده‌بێت كورد بگه‌ڕێندرێنه‌وه‌ بۆ پێش رووخانی سه‌دام، به‌ڵام له‌ دوو رۆژی دوای 16ـی ئۆكتۆبه‌ردا كه‌ هێشتا روون نه‌بوو ئه‌و له‌شكركێشییه‌ی به‌غدا بۆ سه‌ر كوردستان تاوەکو كوێ‌ په‌لده‌هاوێژێت، له‌و په‌یام گۆڕینه‌وانه‌ی له‌نێوان عه‌بادی و سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌وكاتی هه‌رێمی کوردستاندا هه‌بوون، عه‌بادی گوتبووی ده‌بێت كورد بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پێش رووخانی سه‌ددام. واتا له‌ ناوه‌ندێكی ره‌سمییه‌وه‌ ئه‌و كاته‌و له‌لایه‌ن سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقه‌وه‌ ئه‌م په‌یامه‌ به‌گوێی كورددا درا.

هه‌رچه‌نده‌ به‌پێی زانیارییه‌كانی من كوردیش به‌و جۆره‌ وه‌ڵامیان دابووه‌وه‌ كاتێك ئه‌وه‌ رووده‌دات كه‌ ئێوه‌ش بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی پێش كه‌وتنی سه‌ددام لێی بوون، به‌ڵام له‌ واقیعدا ئه‌وان له‌ به‌غدا ماونه‌ته‌وه ‌و خه‌ریكه‌ زیاتر له‌وه‌ش پاشه‌كشه‌ به‌ كورد ده‌كه‌ن كه‌ پێش كه‌وتنی سه‌ددام خاوه‌نی بوو.

زۆرجار گوێبیستی ئه‌و ره‌خنانه‌ش ده‌بین كه‌ هه‌ندێك له‌ دۆسته‌كانی كورد له‌ وڵاته‌ جیاجیاكان پێمان ده‌ڵێن كورد پێش رووخانی سه‌دام سه‌ربه‌خۆ بوون، خۆیان چوون ته‌سلیمی به‌غدا بوونه‌وه ‌و عێراقێكی وێرانیان دروستكرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆییه‌كه‌یان لێزه‌وت بكات. له‌ واقیعدا كورد بۆیه‌ چووه‌وه‌ بۆ به‌غدا، چونكه‌ مافی زه‌وتكراومان لای به‌غدابوو، چوین بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی زه‌وتكراوه‌كان، به‌ڵام خه‌ریكه‌ ئه‌وه‌ی هه‌شمان بوو لێمان زه‌وت ده‌كاته‌وه‌.

ده‌بێت پرسیاره‌كه‌ له‌خۆمان ئه‌وه‌ نه‌بێت بۆچی چووین بۆ به‌غدا، به‌ڵكو بنه‌ڕه‌تی پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ بۆچی به‌شداربووین له‌ رووخانی سه‌ددام، چونكه‌ كورد رۆڵی زۆری هه‌بوو له‌ دروستكردنی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئه‌مریكا و ناوه‌نده‌ جیهانییه‌كان بۆ قه‌ناعه‌تپێهێنانیان به‌وه‌ی به‌هێزی سه‌ربازی پرۆسه‌ی رووخانی سەد‌دام ئه‌نجام بده‌ن، ئه‌مه‌ جیا له‌وه‌ی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه ‌و كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی دیکە كه‌ به‌رانبه‌ر به‌ كورد ئه‌نجام درابوون چه‌كی به‌هێزی ده‌ستی نه‌یارانی سه‌دام بوو له‌ هه‌موو ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان. واتا كورد هه‌ر كاره‌كته‌رێكی سه‌ره‌كی پرۆسه‌ی دروستكردنه‌وه‌ی عێراق نییه‌ له‌ دوای 2003، به‌ڵكو كاره‌كته‌رێكی سه‌ره‌كی رووخانی سه‌ددامیشه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌وه‌ش به‌ بیری ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستای عێراق بهێندرێته‌وه‌ كورد له‌كوێ‌ بوو، ئه‌وان له‌ كوێ‌ بوون؟ ئه‌وه‌ی مام جه‌لال بۆ به‌راوردی رۆڵ و پێگه‌ی كورد و لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌ عێراقییه‌كان وه‌ك به‌راوردێك به‌ (موعاره‌زه‌ی خه‌نادق و فه‌نادق) ناوی ده‌برد. كورد له‌ سه‌نگه‌ردا دژی سه‌دام ده‌جه‌نگاو ئه‌وانه‌ی ئێستا عێراقیان له‌سه‌ر سینییه‌كی زێڕ پێبه‌خشراوه‌، له‌ هۆتێله‌ هه‌ره‌ ئاست نزم و خراپه‌كانی سووریا و لوبنان و ئێران و وڵاتانی دیکەدا بوون.

نازانم چیرۆكی پشت ئه‌م په‌نده‌ كوردییه‌ چییه‌ كه‌ ده‌ڵێت چوون بۆ ریش، سمێڵی نایه‌ بانی. ئێستا كورد له‌ عێراق وامان به‌سه‌ر هاتووه‌، نه‌ك هه‌ر سمێڵ، به‌ڵكو به‌غدا خه‌ریكه‌ برۆ و سه‌ریشمان ده‌تاشێت. ئایا ئه‌وه‌ی به‌غدا ده‌یكات هه‌ر گێڕانه‌وه‌ی كورده‌ بۆ پێش كه‌وتنی سەد‌دام یاخود له‌وه‌ش زیاتری ده‌وێ‌؟ پێش رووخانی سەد‌دام هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی ئه‌و جوگرافیایه‌ی خۆی بوو كه‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ریدا هه‌بوو، به‌غداش كۆڵی له‌وه‌ دابوو چاوی له‌ داگیركردنه‌وه‌ی بێت، ئه‌گه‌ر دڵنیابووایە له‌وه‌ی كورد داوای كه‌ركووك و خاكی دیکەی لێناكاته‌وه‌ ئاماده‌بوو ئه‌و جوگرافیایه‌ی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی دراوسێش قبووڵبكات، به‌ڵام كورد ئه‌مه‌ی قبووڵ نه‌بوو، لانی كه‌م له‌ رسواكردنی سیاسه‌ته‌كانی ته‌عریب به‌رده‌وام بوو، له‌ ئاستی ناوه‌نده‌ جیهانییه‌كان سیاسه‌ته‌كانی به‌غدای شه‌رمه‌زار ده‌كرد و هه‌ر له‌ هه‌وڵی ده‌سته‌به‌ركردنی پشتیوانیدا بوو بۆ رووخاندنی سەد‌دام.

به‌غدا ئه‌وه‌ی وه‌ك هه‌نگاوی یه‌كه‌م كردوویه‌تی له‌ 16ـی ئۆكتۆبه‌ردا كوردی گێڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ پێش كه‌وتنی سەددام، سوپای عێراق وه‌ك جاران ته‌نیا چه‌ند كیلۆمه‌ترێك دوورتر ده‌ڕوانێته‌ گه‌رمیان و له‌بری بناری مه‌قان كورد تاوەکو قه‌رەهە‌نجیر باڵاده‌سته‌ و له‌ بری ئه‌وه‌ی سوپای عێراق له‌ قوشته‌په‌ بێت، چووه‌ته‌وه‌ پردێ‌. نه‌شیانشاردووەته‌وه‌ چاویان له‌وه‌یه‌ به‌ پاساوی ده‌ستوور و ناوه‌ندیبوونی سامانی سرووشتی و ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانه‌وه‌ سوپاكه‌یان تاوەکو ئیبراهیم خه‌لیل و حاجی ئۆمه‌ران و باشماخ و په‌روێزخان بهێنن. ده‌شیانه‌وێت‌ فڕۆكه‌خانه‌كان له‌ژێر ده‌ست و كۆنترۆڵی خۆیاندابێت. چاویان له‌وه‌شه‌ له ‌هه‌ر بسته‌خاكێكی هه‌رێمی كوردستان بۆنی نه‌وتی لێبێت، هێزێكی چه‌كداری به‌غدا بیكاته‌ مۆڵگه‌ی خۆی. ئایا كورد ئێستا درك به‌وه‌ ده‌كات ئه‌وه‌ی به‌غدا ده‌یكات زۆر له‌وه‌ش كه‌متره‌ كه‌ پێش رووخانی سه‌ددام خاوه‌نی بوو؟

له‌ ساڵی 1996ـەوە‌ به‌ بڕیاری 986ـی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ 13٪ـی داهاتی فرۆشی نه‌وتی هه‌موو عێراق له‌چوارچێوه‌ی پرۆژه‌ی رێكخراوه‌كانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان خه‌رج ده‌كراو هه‌موو داهاتی ناوخۆ و ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانیش هه‌ر لای حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بوو، ئێستا به‌غدا له‌ پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2021 دا ده‌یه‌وێ‌ به‌ مه‌رجی ته‌سلیمكردنی هه‌موو داهاته‌ جۆراوجۆره‌كانی هه‌رێم، ئه‌و رێژه‌یه‌ بداته‌وه‌ به‌ كوردستان. ئایا ئه‌وه‌ ده‌بینین پاشه‌كشه‌كردنی كورد گه‌یشتووەته‌ كوێ‌؟

جاران له‌ به‌رانبه‌ر پرۆسه‌ی ته‌عریبی كه‌ركووكدا كه‌م تا زۆرێك كرده‌وه‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ش هه‌بوو بۆ چاوترساندنی ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی ده‌بوونه‌ ئامرازی داگیركاری، له‌ ئاستی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئیداری هه‌رێمیشدا كورد به‌رده‌وام شه‌رمه‌زاری سیاسه‌تی ته‌عریبی ده‌كرد، ئێستا ته‌عریب و ته‌شه‌یوع به‌شێوه‌یه‌كی چڕتر به‌ڕێوەده‌برێت و ته‌نانه‌ت كوردستان و حیزبه‌كانی به‌ لاوازترین هه‌ڵوێست كه‌ ئیدانه‌كردن و ده‌ركردنی به‌یاننامه‌یه‌كی شه‌رمه‌زاركردنێتی، مافی ئه‌وه‌شیان پێڕه‌وانادرێت. به‌غدا پلانی ئه‌وه‌شی هه‌یه‌ به‌هۆی یاسای حیزبی سیاسییه‌وه‌ له‌ عێراق له‌ كۆنگره‌كانی داهاتووی حیزبه‌ كوردستانییه‌كاندا وه‌ك چاودێر به‌سه‌ر كۆنگره‌ی حیزبه‌كانه‌وه‌ به‌شداربێت بۆ دڵنیایی له‌ گفتوگۆ و داڕشتنی به‌رنامه‌ی حیزبه‌كان كه‌ پیرۆزیی و سه‌روه‌رییه‌كانی عێراق نه‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌. جارێ‌ له‌ كوێمانه‌، ته‌مه‌ن باقی بێت زۆر شتی دیکە ده‌بینین.

ئایا هێشتاش له‌وه‌ نه‌گه‌یشتوون ئه‌وه‌ی به‌غدا كردوویه‌تی زۆر له‌وه‌ زیاتر كوردی گێڕاوه‌ته‌وه‌ كه‌ پێش رووخانی سه‌دام لێی بووین؟ نابێت ئه‌م رووداوانه‌ رامانبچه‌ڵه‌كێنێت و له‌ خه‌وی غه‌فڵه‌ت به‌ ئاگامان بهێنێته‌وه‌ و له‌خۆمان بپرسین ئه‌گه‌ر به‌یه‌كجاری بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ پێش ساڵی 2003 و سیاسه‌ت و هه‌ڵوێسته‌كانمان به‌رانبه‌ر به‌ غدا به‌رینه‌وه‌ ئه‌و ئاسته‌ی به‌رانبه‌ر به‌ سه‌ددام هه‌مان بوو باشتر نییه‌ له‌وه‌ی ئێستا كه‌ نه‌ك هیچ خێرێكی بۆ كورد تێدا نەماوە‌، بەڵکو بووه‌ته‌ گه‌وره‌ترین سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه ‌و مه‌ترسی بۆ داهاتوومان. كاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ له‌ خۆمان بپرسین ئه‌م به‌شدارییه‌ رووكه‌شه‌ی كورد له‌ به‌غدا له‌ پرۆسه‌ی سیاسی له‌ به‌شداری په‌رله‌مان و حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار و دامه‌زراوه‌كانی دیکە، شه‌رعیه‌تدان و رێخۆشكردنه‌ بۆ داگیركردنه‌وه‌ی كوردستان؟

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif