کازمی پێنج راسپاردەی نوێی دەرکرد

ليست هناك تعليقات



سەرۆکوەزیرانی عێراق پێنج راسپاردەی نوێی لەبارەی رێکارەکانی رێگریکردن لە ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو دەرکرد، یەکێک لە رێکارەکان قەدەخەکردنی گەشتکردنە بۆ سەرجەم ئەو وڵاتانەی کۆرۆنای گۆڕاوی تێدا بڵاوبووەتەوە.

بەپێی راگەیێندراوێکی ئەمینداریەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لەسەر بنەمای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە رۆژی 26ی کانوونی دووەمی 2021، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێنج راسپاردەی ئاراستەی وەزارەت و لایەنە گرێنەدراوەکان بە وەزارەتەکان و پارێزگاکان کردووە، کە بەمشێوەیەی خوارەوەن:

یەکەم: دووپاتکردنەوە لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکانی لیژنەی باڵا و سەلامەتی، پەیوەست بە رێگریکردن لە نەوەی نوێی کۆرۆنا لەڕێگەی داخستنی سنوور و قەدەخەکردنی گەشتکردن بۆ سەرجەم ئەو وڵاتانەی ڤایرۆسە گۆڕاوەکەی کۆرۆنایان تێدا بڵاوبووەتەوە.

دووەم: هاندانی وەزارەتی دەرەوە، باڵیۆزەکانی عێراق لە دەرەوە بۆئەوەی هاوئاهەنگی بکەن لەگەڵ وڵاتان و کۆمپانیاکانی دروستکەری ڤاکسینی کۆرۆنا، لەوانە کۆمپانیاکانی فایزەر و ئەسترازینکا، بەوەی بەپەلە ڤاکسین بدەنە عێراق، هەروەها جەختیکردەوە لەسەر پەیوەندیکردن بە کۆمپانیای سینافۆرم لەلایەن وەزارەتی تەندروستی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هاوردەکردنی ڤاکسین.

سێیەم: نابێت ڤاکسین بەسەر هاووڵاتییان دابەشبکرێت تەنیا لەڕێگەی دامەزراوە تەندروستییەکان نەبێت، ئەمە تەنیا لە دەسەڵاتی وەزارەتی تەندروستییە.

چوارەم: دووپاتکردنەوە لەسەر قەدەخەکردنی دیوانەکانی (شیعە، سوننە، کریستیان، ئێزدی و سابئیەی مەندائی) لە پرسەدانان لە هۆڵەکانی (حوسێنییە، مزگەوت و کەنیسە و شوێنەکانی دیکە).

پێنجەم: دووپاتکردنەوە لەسەر پابەندبوونی وەزارەتی تەندروستی بەوەی دەوامی هەموو قوتابییانی قوتابخانەکان تەنیا یەک رۆژ بێت، لەگەڵ گرتنەبەری تەواوی رێکارەکانی خۆپارێزی و هاوکاریکردن لەگەڵ هۆبەی تەندروستیی قوتابخانە لە فەرمانگە تەندروستییەکان بۆ پشکنینی قوتابییان و کارمەندانی پەروەردە و بەدواداچوون بۆ رێکارە پێویستەکانی قوتابخانەکان و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق