سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا دەستی لەکارکێشایەوە

ليست هناك تعليقات


جۆسیپی کۆنتی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی سێرجیۆ ماتارێلا، سەرۆکی وڵاتەکە کرد بۆ ئەوەی رێگە بۆ پێکهێنانی "حکومەتێکی نوێ و بەهێز" خۆشبکات.

بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکایەتیی ئیتاڵیا، سێرجیۆ ماتارێلا دەستلەکارکێشانەوەکەی قبووڵکردووە و بانگهێشتی حکومەتی کردووە وەکو کاربەڕێکەر بمێنێتەوە.

ماتارێلا لە رۆژی چوارشەممەی داهاتووەوە دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردەی پارتە سیاسییەکان دەکات کە لەوانەیە تاوەکو رۆژی پێنجشەممە بخایێنێت. بەوەش ئەو وڵاتە کە خاوەنی سێیەم گەورەترین ئابووری سنووری ئەوروپایە، بەبێ سەرۆکوەزیران دەبێت.

ئەگەر جۆسیپی کۆنتی، کە سەر بە هیچ پارتێک نییە، پاڵپشتیی پێویست بەدەستبهێنێت، ماتارێلا دەتوانێت داوای لێبکات بۆ ئەوەی هاوپەیمانییەکی نوێ پێکبهێنێت. یەکێکی دیکەش لە بژاردەکان داواکردنی هەڵبژاردنی پێشوەختەیە.

ئیتاڵیا لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەمەوە بە چەندین قەیرانی سیاسیدا تێپەڕیوە و چەندینجاریش هەڵبژاردنی پێشوەختەی کردووە. کۆنتیش 66ـەمین سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەیە لەماوەی 75 ساڵدا.

ئیتاڵیا یەکەم وڵات بوو لە یەکێتیی ئەوروپا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەسەختی تێیدا بڵاوبووەوە، بەهۆی کۆرۆناوە زیانێکی زۆر بەر ئابوورییەکەی کەوت، کاریگەرییەکانی ڤایرۆسەکەش هێشتا لەسەر کەرتی تەندروستییەکەی بەردەوامە و رۆژانە نزیکەی 400 کەس گیانلەدەست دەدەن.

هاوپەیمانێتییەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە ساڵی 2019 لەلایەن هەردوو پارتی PD و M5Sـەوە پێکهێندرا. سەرەڕای جیاوازییە سیاسییەکانیشیان، بەڵام رێگرییان لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە کردبوو کە لەوانەبوو لە بەرژەوەندیی پارتی راستڕەوی وڵاتەکە بێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif