واشنتن بەرەو باری نائاسایی دەچێت

ليست هناك تعليقات


 

هێرشەکەی رۆژی چوارشەممەی رابردوو بۆ سەر کۆنگرێس،ژمارەیەک پۆلیسی تووشی کێشە کردووە. دوو پۆلیسی پاراستنی کۆنگرێس راگیراون، لەبەرئەوەی یەکێکیان تەنیا سێلفییەکی لەگەڵ خۆپیشاندەرێک گرتووە، یەکێکی دیکەیان کڵاوی "ئەمریکا مەزن دەکەینەوە"ی لەسەر کردووە، کە وەک ئاماژەیەکە بۆ پشتیوانی لە ترەمپ.

تیم رایان، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەڵێت: "هێشتا بەڵگەیەکی راستەوخۆمان لەبەردەست نییە، ئێمە ئاگادارین دوو پۆلیسی کۆنگرێس یەکێکیان بەهۆی سێڵفی و ئەوی دیکەشیان بەهۆی کڵاوی تایبەت بە دروشمی ترەمپ لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت، ئەوانە ئێستا راگیراون. یەکێکی دیکەش دەستگیرکراوە، بەڵام دەمانەوێت دڵنیابین لە هەموو شتێک پێش ئەوەی باسی درێژەی بابەتەکە بکەین"

ئەم رووداوانە و هەروەها بلۆککردنی ئەکاونتی ترەمپ لە تویتەر وایکردووە، راوێژکاری ئەڵمانیا بڵێت، ئەو کارانە لە ئەمریکا ئازادی رادەبڕینیان خستووەتە مەترسییەوە.

شتیفن زایبەرت، گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا دەڵێت: "مافی بنەڕەتی ئازادی رادەربڕین، مانایەکی جەوهەرییە، مافێکە کە لەوانەیە بکرێت قسەی تێدا بکرێت بەڵام بەپێی یاسا و لە چوارچێوەی کاری یاساداناندا نەک بەپێی بڕیاری رێکخستنی تۆڕێکی کۆمەڵایەتی، لەم گۆشەنیگایەوە راوێژکار پێیوایە ئەمە کێشەیە کە ئەکاونتی سەرۆکی ئەمریکا بەمشێوەیە بلۆک بکرێت"

هەر بەهۆی ئەو رووداوە، 20 کەس سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە و لەلایەن داواکاری گشتییەوە دۆسیەیان بۆ کراوەتەوە. یەکێک لەوانەیە جاکۆب کانسلییە، ئەو کەسەی بە کڵاوی فەروو و شاخەکانییەوە لەناو کۆنگرێس دەرکەوت.

یەکێکی دیکەیان، ئەو کەسە بوو کە مینبەری قسەکردنی نانسی پیلۆسی هەڵگرتبوو، ئەو ناوی ئادەم جۆنسنە و ئێستا لە پۆلیسی فلۆریدا دەستگیرکراوە.

دەیڤد بیگنەی، پارێزەری ئادەم جۆنسن گوتی: "ئێستا ئێمە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی لەکەدارکردنی کەسایەتی دەکەین، بەهۆی ئەو فۆتۆیەوە کە بڵاوکراوەتەوە، خەڵک لەسەر بنەمای فۆتۆیەک بڕیاریان لەسەر ئەم داوە، تەنانەت رووبەڕووی هەڕەشەی مردن بووەتەوە ، هەڕەشە لە خێزانەکەشی کراوە".

جگە لەوانەش، ژمارەیەکی دیکە هەن کە لەوانەن دەستیان بە هێرشکردن بۆ سەر کۆنگرێس کردووە یان خەڵکیان هانداوە. نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئێف بی ئای لە هەر 50 ویلایەتەکەی ئەمریکا و واشنتن دی سی دەستی بە لێکۆڵینەوە و گەان بەدوای ئەوانەدا کردووە کە لەو رووداوە بەشداربوون.

ئێف بی ئای هۆشداریشیداوە کە ئەگەری هەیە لە رۆژانی پێش رێوەسمی سوێندخواردنی سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا، خۆپیشاندانی دیکە و تووندوتیژی رووبدات.

سەرۆکی شارەوانیی واشنتن، داوایکردووە باری نائاسایی لە واشنتن تاوەکو 24ی ئەم مانگە رابگەیێنرێت، کۆشکی سپیش بەو پێشنیازە رازیبووە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif