کازمی: ناهێڵین عێراق مایەپووچ ببێت

ليست هناك تعليقات


سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دیدارێکدا لەگەڵ ژمارەیەک وەزیر و مامۆستایانی زانکۆ و کەسایەتیی سیاسیدا کۆبووەوە و باسی لەوە کرد کە ساڵی نوێمان بە هیواوە دەستپێدەکەین و پێویستمان بەوەیە لە پرۆگرامی چاکسازیدا یەکگرتوو و بەردەوام بین و گوتیشی ناهێڵن عێراق مایەپووچ ببێت.

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە دا کە ساڵی 2020 لەسەر مرۆڤایەتی سەخت بووە و لە عێراقیش قەیرانەکە زیاتر ئاڵۆز بووە. قەیرانەکە و ئەو جووڵە کۆمەڵایەتییە بە هەموو ئەنجامەکانیانەوە بۆ هەمووان وەکو زەنگی مەترسین مانای وایە وڵات لە مەترسیدایە و "گەل متمانەی نەک تەنیا بە هێزە سیاسییەکان، بەڵکو بە وڵات و دامودەزگاکانی لەدەستداوە."

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا باسی لەوە کرد کە ئەم حکومەتەی ئێستا لە ناوەڕاستی قەیرانەکاندا هات و کاری بۆ نەهێشتن و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانیان لەسەر گەلی عێراق کردووە. هەروەها گوتیشی: "تارمایی ململانێی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیمان دوور خستەوە کە خەریک بوو لە زنجیرەکەی درێژی شەڕدا بێتە عێراقەوە."

کازمی ئەوەیشی گوت کە "هێزە ئەمنییەکان زیاتر متمانەیان پەیدا کردووە و بەهێز بوون ... سوپایش لە هەر ساتێکدا ئامادەیە دژی هەر مەترسییەک گەل بپارێزێت."

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەی خستەڕوو کە ئابووریی عێراق لەم سەردەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و نالەباریی ئابوورییەدا بووەتە گرەوی دەستی نرخەکانی نەوت و "گەندەڵی تەڕ و وشکی سووتاندووە." ئاماژەی بەوەش دا کە توانیویانە مووچەی فەرمانبەران دابین بکەن و چاکسازییان کردووە و کاغەزی سپییان ئامادە کردووە کە دەتوانێت رووبەڕووی ئەم قەیرانە و قەیرانەکانی داهاتوو ببێتەوە و گوتیشی: "ناهێڵین عێراق هەرەس بهێنێت و وەک وڵاتانی دیکە مایەپووچ ببێت."

کازمی باسی لەوە کرد کە ئێستاکە دراوسێکانی عێراق و وڵاتانی جیهان هەوڵ دەدەن پشتیوانیی عێراق بکەن و یارمەتیی بووژاندنەوەی بدەن ... "هەمووان بۆیان دەرکەوتووە کە هاوسەنگییەکانی ناوچەکە و جیهان پێویستیان بە عێراقێکی بەهێز و پتەو هەیە."

کازمی گوتی: "عێراق هیچ گەشەسەندنێکی بە خۆیەوە نەبینیوە، بەڵکو لە چەند ساڵی پێشوودا پیشەسازی و کشتوکاڵ و خوێندن و تەندروستییەکەی داڕمێنراوە." هاوکات لەبارەی کاخەزی سپییەوە گوتیشی کە "بازاڕ دەبووژێنێتەوە و عێراق دەبێتە سەرچاوەیەکی پیشەسازی و کشتوکاڵی، نەک تەنیا نەوت."

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا باسی لەوە کرد کە لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و تاوانە تایبەتەکانیان داناوە و "بۆ یەکەمین جار کەسە گەورەکان خۆیان لە بەندیخانەدا دەبیننەوە و نە حیزب و نە جێبەجێکاران دەیانپارێزن" و جەختی لەوە کردەوە کە ساڵی 2021 "ساڵی دەرخستنی ڕاستییە مەزنەکانی تایبەت بەو گەندەڵییانە دەبێت کە کاریگەرییان لەسەر ئابووری و گەشەسەندن هەبووە."

کازمی باسی لەوە کرد کە ئەو بۆ چاکسازی هاتووە و "موزایەدە و نمایشەکان نایوەستێنن، تەنانەت ئەگەر باجەکەیشی بە ژیانی بدات" و ئاماژەی بەوە دا کە ئەو چاوی نەبڕیوەتە دەسەڵات و پلەی بەرز و گوتی: "بەرژەوەندی و داهاتووی سیاسیم لە پێناوی چاکسازیدا دەدەم."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif