ئاهەنگی دەستبەکاربوونی بایدن لە مێژووی ئەمریکادا 'زۆر جیاواز' دەبێت

ليست هناك تعليقات



یەکەمجارە لەماوەی 150 ساڵی رابردووی مێژووی ئەمریکادا ئەو سەرۆکەی کە کۆشکی سپی جێدێڵێت، ئامادەی ئاهەنگی دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێ نابێت. ئەمە فاکتەرێکە لە پاڵ چەندینی دیکە کە وایانکردووە کەشوهەوای دەستبەکاربوونی جۆ بایدن وەکو 46ـەمین سەرۆکی ئەمریکا جیاواز بێت.

رۆژی 6ی ئەم مانگە، لایەنگرانی ترەمپ بە چەکەوە هەڵیانکوتایە سەر کۆنگرێس، مێژووی کۆنگرێس بۆ 200 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

ئارۆل کاڵ، بەڕێوەبەری دیبەیت لە زانکۆی مشیگن دەڵێت "پێموانییە لە سەردەمی هیچ سەرۆکێک هێندەی ئەو بەمشێوەیە رووداوی جۆراوجۆر و تراژیدیا لە سەروبەندی دەستبەکاربوونی سەرۆکدا روویاندابێت، دەزانی رۆژی چوارشەممە هەر لە هەمان ئەو شوێنەی گێرەشێوێنەکان هەڵیانکوتایە سەر کۆنگرێس، بایدن گوتار پێشکەش دەکات، بۆیە پێموایە دیمەنی ئەم شوێنە لەکاتی پێشکەشکردنی گوتارەکەی زۆر سەیر دەبێت."

دۆناڵد ترەمپ لەوەدەچێت بەرگەی دیمەنەکانی ئاهەنگی دەستبەکاربوونی بایدن نەگرێت، ئەو رۆژە دەچێتەوە ماڵەکەی لە مار ئا لۆگۆ لە فلۆریدا، ترەمپ لەوانەیە ئامادەی گوتاری ساڵانەی سەرۆکیش نەبێت، کە بایدن لە مانگی شووباتدا پێشکەشی دەکات.

هاتنی بایدن لەکاتێکدایە، ئەمریکا زۆر پێویستی بە کۆدەنگی و یەکگرتوویی هەیە، چونکە تاوەکو ئێستاش بەشێکی زۆری ئەو 74 ملیۆن کەسەی دەنگیان بە ترەمپدا، پێیانوایە لە هەڵبژاردندا فێڵ لە ترەمپ کراوە.

بەڕێوەبەری دیبەیت لە زانکۆی مشیگن ئاماژە بەوە دەدات، "پێموایە بایدن گوتارێک دەدات کە تۆنی یەکگرتوویی پێوەدیاردەبێت. هەرچەندە جۆ بایدن 81 ملیۆن دەنگی بەدەستهێناوە و ترەمپ 74 ملیۆن، واتا خەڵک هەن دەنگیان بە بایدن نەداوە، بەڵام ئەو پێویستی بە پاڵپشتی هەمووانە بۆ ئەوەی ئاشتەوایی لەنێو خەڵک دروستبکات و وڵات یەکبخاتەوە."

تووندترین رێکاری ئەمنی بۆ رۆژی ئاهەنگی دەستبەکاربوونی سەرۆکی ئەمریکا گیراوەتەبەر، 25 هەزار سەرباز بە شار و شارۆچکەکانی واشنتن بڵاوکراونەتەوە، دەزگا هەواڵگرییەکان بە چڕی خراونەتە گەڕ، چونکە دەنگۆ هەیە لە ئاهەنگەکەدا هێرشی چەکداری رووبدات و ترسە گەورەکەش ئەوەیە هێرشەکە لەنێو خودی هێزە ئەمنییەکان بکرێت.

جێگیرکردنی ئەو هەموو هێزە ئەمنییە لەکاتێکدایە، ئاهەنگی دەستبەکاربوونی بایدن چۆڵەوانی پێوە دیاردەبێت، ئەگەر جاران سەدان هەزار کەس ئامادەی بووبن، ئەمجارە چەند هەزار کەسێک دەبن.

نزیکبوونەوەی رۆژی گواستنەوەی دەسەڵات، نیگەرانییەکانی زیاتر کردوون

جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا گوتی "ئێمە پێشتر لە مێژووماندا، رووبەڕووی بارودۆخی قورسن بووینەتەوە و دڵنیاشم ئەم کێشەیەش تێدەپەڕێنین، بەڵام پێکەوە دەتوانین ئەو کارە بکەین".

یەکێک لەو شتانەی کە نیگەرانی دروستکردووە، لایەنگرە چەکدارەکانی ترەمپن، کە گومانیان لێدەکرێت لە رۆژی رادەستکردنی دەسەڵاتدا پشێوی و ئاڵۆزیی دروستبکەن.

بەڵام هەر ئەوان نین جێگەی گومانن، ئێف بی ئای زانیاری هەیە و دەڵێت، لەوانەیە بەشێک لەو پاسەوانە نیشتمانییانەی بۆ پاراستنی ئەمنییەتی رێوەڕەسمی سوێندخواردنەکە دانراون، خودی ئەوانە دەستیان لەگەڵ لایەنگرانی ترەمپ تێکەڵ بکەن و بە چەکەکانیانەوە، جۆرە کودەتایەک بکەن.

بۆیە دەستکراوە بە فلتەرکردنی تاک تاکی پاسەوانەکان تاوەکو دڵنیابن لەوانەی لە بازنەی یەکەمی دەوروبەری شوێنی رێوەڕەسمەکە دەوەستن، دەستپاک و بێکێشە بن، چونکە ئەو پاسەوانانە تێکەڵەیەکن لە هەموو ویلایەتەکانی ئەمریکا.

وڵیەم واکەر، فەرماندەی پاسەوانی نیشتمانی واشنتن دی سی پایتەخت گوتی "پاسەوانان لە هەموو 50 ویلایەتەکەی ئەمریکاوە هاتوون تاوەکو پشتگیری لە پاسەوانی نیشتمانی واشنتنی پایتەخت بکەن".

نیگەرانییە ئەمنییەکان وایکردووە ژمارەی پاسەوانان لە 10 هەزارەوە بۆ 20 هەزار و دواتر بۆ 25 هەزار پاسەوان زیادبکرێن.

ریچارد ئیدلەر، پاسەوانی نیشتمانی ئاماژە بەوە دەدات "هەموو پاسەوانێکی نیشتمانی سوێندی کارەکەی خۆی خواردووە بۆ بەرگریکردن لە دەستووری ئەمریکا دژ بە دووژمنە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی. ئێستاش وەک دەبینن دووژمنەکانمان هاتوونەتە بەر دەرگای ماڵەکەمان".

واشنتن دی سیی پایتەخت هەنگاوێکی پێشکەوتووی ناوە لە تووندووتۆڵکردنی رێوشوێنی ئەمنی، شارەکە بەسەر زۆنی سەوز و زۆنی سووردا دابەشکراوە.

زۆنی سوور، زۆنی تووندە و تێیدا 8 خاڵی پشکنین دامەزراون. رۆیشتن بۆ پیادەڕەوان بۆ زۆنی سوور بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە، تەنیا ئۆتۆمبێلی پۆلیس و سەربازی بۆیان هەیە پێیدا تێپەڕن.

زۆنی سوور لە کۆشکی سپییەوە دەستپێدەکات، تاوەکو رۆژهەڵاتی کۆنگرێس و نێوانی ئەو دوو شوێنەش دەگرێتەوە. زۆنی سەوزی واشنتن تەنیا بۆ کرێکار و دانیشتووانی ناوچەکەیە و تەنیا رێگە بە پیادەڕەوی دەدات، لە دەرەوەی زۆنی سەوز خەڵک بۆیان هەیە لە جوڵەی رۆژانەیاندا بەردەوامبن.

لەمڕۆشەوە، پۆلیسی دەزگا هەواڵگرییەکان و پاسەوانی نیشتمانی، سەنتەرە بازرگانییەکان، باخچە و تەواوی مۆڵەکانی ئەم ناوچەیە دادەخەن.

پۆلیسی سەر بە دەزگا هەواڵگرییەکان دەڵێن پەرژینکردنی شوێنە هەستیارەکانی پایتەخت کۆتایی پێهاتووە، ئەو پەرژینکردنە لە باخچەی نەیڤی لە رۆژهەڵاتەوە دەستپێدەکات، تاوەکو مۆنۆمێنتی ئابراهام لینکۆڵن لە رۆژئاواوە.

لەترسی هێرشی چەکداری و پەلاماری لایەنگرانی ترەمپ کە تووڕەن لە ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، رێوشوێنی ئەمنی لە تەواوی ئەمریکا بەتایبەتی لە واشنتن ئێجگار تووندکراوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif