گەڕانەوە بۆ ڕەچەڵەکی حیزب

ليست هناك تعليقات


فارس نەورۆڵی

حزب یەکێکە لە پایەکانی کۆمەڵگای مەدەنی. سروشتی هەر حزبێک هەڵقوڵاوی باری کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەو کۆمەڵگایە، واتە حزبی سیاسی بۆیە دروست دەبێت، پەرچە کرداری ئەو دۆخەیە، کە لەو وڵاتەدا هەیە و بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی ئەو سەردەمە سەرهەڵدەدات. ئەگەرسەیری فۆرمی زۆربەی حزبەکانی جیهان بکەین دابەش بوون بەسەر دوو مۆدێلدا و دەگەڕێنەوە سەر دوو ڕەچەڵەک ( ڕەچەڵەکی سۆڤییەتی کۆمۆنیستی) و( ڕەچەڵەکی ئەوروپی دیموکرات ولیبراڵ). حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم پەڕی چەپ بۆ ئەوپەڕی ڕاست، دەچنەوە سەر ڕەچەڵەکی سۆڤییەتی کۆمۆنیستی و لە هەیکەل و لە بیرکردنەوە دا جۆرێک لە ئەقڵییەتی دیکتاتۆری بەرهەم دەهێنن. حکومەت و حزب لەیەک بازنەدان، هەربۆیە لەکاتی هەڵبژاردنەکان و دەستاو دەستکردنی دەسەڵات، کێشە و گرژی دروست دەبێت. هەڵگرانی ئەم ئایدیایە باوەڕیان بە گۆڕانکاری نییە و بەردەوام تۆمەت دەدەنە پاڵ یەک. ئەم مۆدێلە عەوداڵی زۆری بۆ بارەگاو ناوەندی زۆرو کۆکردنەوەی کادری بێشومارو پڕۆگرام کردنیان بە ئایدۆلۆجیای حزبی هەیە. ئەم جۆرە هێزانە ئەوانەن، کە پێیان وایە لەو کاتەوە ئەوان دروستبوون سیاسەت لە دایک بووە و ناتوانن جیاواز بیر بکەنەوە بەهۆی غرور بوونیانەوە، کەم و کوڕییەکان نابینن. خەلەلی ئەم مۆدێلە لە حزبایەتی ئەوەیە (بۆ ڕێگا چارە ناگەڕێ بەڵکوو پێیوایە هەموو ڕێگا چارەکان لای ئەوە، لەبەر ئەوە ئایدۆلۆجیاکەیان ئامادەییەکی ئەوتۆیان نییە هەتا لەتەک هەلومەرج و گۆڕانکارییەکاندا خۆیان بگونجێنن) ئەمەش وادەکات نەتوانن لە چەند گۆشە نیگایەکەوە لە ژیان بڕوانن و لە سیاسەت تێبگەن. هەر حزبێکیش نەیتوانی لە چەند گۆشەیەکەوە لە ژیان و لە سیاسەت بڕوانێ، ئەوە هێزێکی ناتەندروستە.

تێناگا کە لە نێوان ڕەش و سپیدا چەندان ڕەنگی دیکە هەیە. بۆیە لە هەر ڕوداوێک و گۆڕانکارییەکدا بەریەککەوتنی گەرم دروست دەبێت، دەبێتە هۆی لاسەنگ بوونی پرۆسەی سیاسی و هەندێ جار پرۆسەکە دێننەوە خاڵی سفر، ئەوە دۆخی حزبی ئایدۆلۆجیای بەڕەچەڵەک سۆڤییەتی کۆمۆنیستییە. بەڵام حزبی بە ڕەچەڵەک ئەوروپی حزبی هاوڵاتییە، حزبی دەنگدەرە لە ڕێگای پرۆژەی مەعریفی و فیکری و خزمەتگوزارییەوە کار بۆ حزبەکەیان دەکەن بەشێوەیەکی مەدەنی جیاوازییەکان بەڕێوە دەبەن. ڕێگا نادەن جیاوازی بگۆڕدرێت بۆ دژایەتی لەبری کۆکردنەوەی خەڵک لەخۆیان ، خۆیان لەتەک خەڵک کۆدەبنەوە، بۆیە هەمیشە ئاسایشی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەو وڵاتانە پارێزراوە کەئەم مۆدێلەلەحیزبایەتی بەڕێوە دەبەن، چونکە دەگەڕێنەوە سەر ڕەچەڵەکی ئەوروپی.

سەبارەت بە حزبی کوردی لەبەر ئەوە کورد نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتە، دابەشکراوەبەسەرسێ نەتەوەی جیاوازدا، بۆیە حزبی کوردستانیش بەهەمان مۆدێل و لەژێر کاریگەری ڕەچەڵەکی سۆڤییەتی کۆمۆنیستی دان چونکە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تائێستا بەجۆرێک لەجۆرەکان لەناوهەمان کەلتوردایە، بۆیە مۆدێلی حیزبی کوردی هەم زادەی کۆمەڵگای کوردی و هەم کاریگەریی دەرەکی بە مۆدێلی ( ستالینی و ماوی) لەسەرە ئێستاش ئەگەر چی ئەم مۆدێلە کاڵیش بووبێتەوە، بەڵام کاریگەری هەر ماوە و نەمانتوانیووە لەو تەپوتۆزە ئایدلۆلۆجیایە خۆمان دەربازکەین. هەمیشە لەبری ڕکەبەرایەتیی دوژمنایەتی بەرهەم دەهێنین. ئەوەی بۆ حزبی کوردی پێویستە، دەبێ دەرک بەوە بکەن کۆی حزبەکان لە قەیرانی قوڵدان، بۆ دەربازبوون لەو قەیران و دۆخە چەقبەستووەدا کە حزبەکانی تێدایە، پێویستی بە هەنگاوی بوێرانە هەیە بۆ جێهێشتنی ئەم مۆدێلە لە حزبایەتی سۆڤیەتی کۆمۆنیستی و چوونە سەر ڕەچەڵەکی ئەوروپی و لە فۆرم و ناوەڕۆکێکی نوێدا حزب ڕێکخەینەوە. ئەمەش پێویستی بە پەروەردەیەکی لیبراڵ هەیە لە نێو ڕێکخستن و جەماوەری حزبەکاندا پێویستی بە قوڵکردنەوەی پرنسیپەکانی دیموکراتی و لێبوردەیی و گفتوگۆی بەردەوام و ئازادی تاک و دادگەری کۆمەڵایەتی خۆشەویستی نیشتیمان هەیە.

 هەر حزبێک بتوانێ بە تەواوی لەڕووی بیرکردنەوە و جیهانبینییەوە ئەو ڕەچەڵەکە ڕووسییە تێپەڕێنێت و بە مۆدێلێکی نوێ و کرانەوەیەکی زیاتر و چوونە سەر مۆدێلی ڕەچەڵەک ئەوروپی لە شێوازی کارکردنی حزبدا، ئەوا ڕای گشتی بۆ خۆی مسۆگەر دەکات و تێگەشتنێکیش لەتەک نەوە جیاوازەکاندا دروستدەکات و سەرنجی جیهانی پێشکەوتوش بەلای خۆیدا دەهێنێت. خۆ ئەگەر لەم فۆرمەدا بمێنێتەوە ئەوە زیانی گەورە بە خۆی و بە کۆمەڵگاش دەگەیەنێ و توانای بەردەوامی نابێت و دەبێتە مێژوو، چونکە گۆڕانکارییەکان چاوەڕێی هیچ هێزو حزبێک ناکەن هەتا بە ویستی خۆیان بیربکەنەوە ئایا دەگۆڕێن یاخود لە بازنەی هەمان ڕەچەڵەکدا دەخولێنەوە؟

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif