داستانی تۆڵە، چیرۆکی پێشمەرگەیەکی ئەندازیار

ليست هناك تعليقات




فارس نەورۆڵی

چی مێژووی گەلی کوردستان و چ ئێستای کورد، کێڵگەیەکی بە پیتە بۆ توێژەر و بۆ جیهانی سینەما و بۆ نووسەر، کە بتوانێ توێژینەوەی تێدا بکات و فیلمی لێ بەرهەم بهێنێت. چونکە سەرزەمینێکی پڕ تراژیدیا و قوربانییە، مێژوویەکە سەدان وێزگەی کەوتن و هەستانەوەیە پڕ جوانی و ناشیرینییە پڕ بەرگری قارەمانانەیە، سەرزەمینی هەزاران سەربازی ونی نیشتیمانە، لەهەمان کاتدا مۆڵگەی هەزاران جاش وخۆفرۆشە، بەڵام لە ئاستی جیهاندا ناخوێنرێتەوە و ناوچەیەکی کوێرە، بۆیە نایەن فیلمی گەورەی لێ بەرهەم بهێنن. چونکە سینەماش بەرژەوەندییە سیاسیەکان ئاراستەی دەکات.

کتێبی تۆڵە، یەکێکە لەو چیرۆکە خەمناکانەی نێو مێژووی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردە، کە بەشێک لە بیرەوەرییەکانی سوارە مەحەمەد ئەمین ئاغایە، کە وەک گەڕیدەیەک وەک پێشمەرگەیەک بە دوای بازنە ونبووەکانی ئەم چیرۆکەدا دەڕوات و بە زمانێکی سادەو مانایەکی قوڵ بۆمان دەگێڕێتەوە. یەکێک لە لایەنە جوانەکانی ئەم بیرەوەرییە و جیاوازی لەتەک بیرەوەری کەسانی دیکەدا، ئەوەیە زۆرێک لە بیرەوەری کارەکتەرەکانی ناو بزووتنەوەی کوردایەتی بەشێکی زۆری باسی شەڕی براکان و ئێسک شکاندنی یەکترە، بەڵام بیرەوەری سوارە مەحەمەد( داستانی تۆڵە)، هەتا کۆتایی چیرۆکەکە هەماهەنگی هەموو هێزە سیاسیەکان نیشان دەدات، کە ئامادەبوون بە هەموو شێوەیەک هاوکاربن بۆ دۆزینەوەی چارەنوسی ئەندازیار. کاک سوارە لە داستانی تۆڵەدا باس لە ژیانی ئەندازیارێکی کورد دەکات، کە لە سەرەتای گەنجێتیدا لە سەردەمێکی بێ هیوایدا، کە گەلەکەی گەلەکۆمەی لێکراوە و دوژمن لە لوتکەی غروردایە.

ئا لێرەوە عەبدوڵای ئەندازیار لەبری ئەوەی بە دوای لەزەتەکانی ژیاندا بڕوات، ئەو دێت و لەو بێهیواییەدا بەدوای خەون و هیوای کورددا دەگەڕێت. لەبری ئەوەی لەزەت بەرێتەوە، مێژوو دەباتەوە. غاندی دەڵێت ( بۆ ئەوەی لەزەتی مێژوو ببەیتەوە، دەبێت لەزەتی ژیان لە دەست بدەیت) دروست عەبدوڵای ئەندازیار ئەم ڕێگایەی گرتەبەر، بۆیە بۆ دەستوەشاندن لە داگیرکەر لەتەک گروپێک لە جاش دەکەوێتە گفتوگۆ، ئەندازیار لە پاکی خۆیەوە ئەو گروپە دەخوێنێتەوە. ئاخر خەمناکی شۆڕشگێڕەکان ئەوەیە لە بیریان دەچێت لە ڕۆحی خائیناندا توانای بەرهەمهێنانی جوانییان نییە. بۆیە مرۆڤ کە بیر لەو چرکەساتە دەکاتەوە ئەندازیاری پێشمەرگە لەسەر بەڵێنی ئەو گروپە دەڕوات بۆ تۆمارکردنی داستانێکی گەورە، بەڵام بە پێچەوانەوە وەک مێژووی هەر خائینێک ناپاکی لەتەک دەکەن. ئەوە چی چرکەساتێکی خەمناکە چی باوەڕی مرۆڤێکی بە باوەڕە بە مەسەلەی ڕەوای گەلەکەی، چی عیشقێکە وەها لە مرۆڤی شۆڕشگێڕ دەکات بە تونەیلێکی نادیاردا بڕوات. ئیتر لێرەوە کاک سوارە ڕۆڵی کارەکتەرێکی دەرکەتوو دەبینێ لە چیرۆکەکەدا و هەموو ڕێگایەک دەگرێتەبەر بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی ئەندازیار عەبدوڵا بەدوای خەونەکانی دا، دوای گەڕانێکی زۆر کە زانییان هیچ بە دەستناهێنن، بۆیە بیر لە تۆڵە دەکەنەوە.



بۆ ئەم مەبەستە پۆلێک گەنجی شەیدای نیشتیمان پێشمەرگەکانی ڕۆژانی سەخت بە ڕۆژی ڕوناک بە بەرچاوی ئەو هەموو چاوەی ڕژێمی بەعسەوە بێ ترس دێن و دەس لە یەکێک لە خۆفرۆشەکان دەوەشێنن، بەڵام چیرۆکەکە کۆتایی نایەت و سوارە مەحەمەد بەردەوام بۆ گەیشتن بە چارەنوسی ئەندازیار هەر لە گەڕاندابووە، هەتا دوای ڕاپەڕین یەکێک لە تاوانبارەکان لە جێگایەکی هەستیاردا دەبینێ چرکەساتی ئەو دیدارە مانایەکی تایبەتی هەیە، بۆیە حیکایەتی داستانی تۆڵە دەکرێ لە جوانترین و کاریگەرترین فیلمی سینەمای لێ بەرهەمبهێنرێت. بەڵام ئاخ بۆ میللەتی بێ دەوڵەت! ئەگینا ئەم داستانە چیرۆکێکی غەمگینی نەتەوەیەکی ژێردەستە، دەکرێ فلیمی گەورەی لەسەربکرێ و لەشاکارێکی گەورەدابنوسرێتەوە

نوسەر





ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif