قوباد تاڵەبانی ناوەڕۆكی گفتوگۆكانی وەفدی هەرێم لەگەڵ حكومەتی عێراق دەخاتەڕو

ليست هناك تعليقات


قوباد تاڵەبانی، سەرۆكی وەفدی باڵای دانوستانكاری هەرێم لە بەغدا رایگەیاند، لە گفتوگۆكاندا ئێمە ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە بۆ جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی عێراق كە خۆی لە رادەستكردنی داهاتی نەوتی و نانەوتیدا دەبینێتەوە، ئێستاش چاوەڕێین حكومەتی عێراق وەڵاممان بداتەوە كە لەبەرامبەر ئەوەدا بەشی هەرێمی كوردستان چەند دەبێت. رەتیشیدەكاتەوە كە گفتوگۆكان شكستیان هێنابێت و دەڵێت: لێرە دەبین تا دەگەینە ئەنجامێكی سەركەوتو بۆ هەرێمی كوردستان.

 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە لە رۆژی چوارشەممەی رابردوەوە بە سەرۆكایەتی وەفدی باڵای دانوستانكاری حكومەتی هەرێم لە بەغدایە، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان، ناوەڕۆكی گفتوگۆكانی وەفدەكەیانی لەگەڵ حكومەتی عێراق خستەڕو.

قوباد تاڵەبانی وتی"سەرەڕای تێبینیەكانمان لەسەر یاساكە، ئێمە هاتوین بۆ ئێرە تا یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی عێراق جێبەجێ بكەین. چەندین كۆبونەوەمان هەبوە لەگەڵ بەرپرسانی حكومی و پەرلەمان و كەسایەتییە سیاسییەكان و سەركردایەتی حزبە سیاسییەكان."


وتیشی"ئەم یاسایە داوا لە هەرێمی كوردستان دەكات داهاتی نەوت تەسلیم بكات، ئێمە ئامادەین. ئەم یاسایە داوامان لێدەكات داهاتی نانەوتی تەسلیم بكەین، ئێمە ئامادەین. ئێستا ئێمە چاوەڕێی حكومەتی فیدراڵین كە پێمان بڵێت، لەبەرامبەر رادەستكردنی داهاتی نەوت و رادەستكردنی داهاتی نانەوتی، بەشی هەرێمی كوردستان لەم یاسایە، چەندە؟"

ئەوەشی خستەڕو"ئەم گفتوگۆیە بەردەوامە، جۆرەها لێدوانمان بیستون و بینون لەلایەن كەسانی ترەوە كە وتویانە ئەم دانوستانانە شكستیان هێناوەو وەستاون. من ئەمەوێ خەڵك دڵنیا بكەمەوە كە ئەم دانوستان و گفتوگۆیانە بەردەوامن و بەردەوامیش دەبن تا بگەینە ئەنجامێك."

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا"ئێمە لێرەین بۆ وەرگرتنی مافی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و موچەخۆران بەتایبەت، نەهاتوین زیاتر لە هەقی خۆمان داوا بكەین، نەشهاتوین كە خەڵك خێرمان پێ بكات. یاسایەك دەرچوە، ناوەڕۆكەكەی زۆر رون و ئاشكرایەو ئێمە هاتوین ئەو یاسایە جێبەجێ بكەین."

جەختیشی كردەوە"لێرە دەمێنینەوە تاوەكو بگەینە ئەنجامێكی سەركەوتو بۆ هەرێمی كوردستان و موچەخۆران."

لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتی"كەشی سیاسی لە عێراق ئاڵۆزە، بەرەو هەڵبژاردنێك دەڕۆین بۆیە فشارێك هەیە لەسەر لایەنە سیاسییەكان، پڕۆسەیەكی ئاڵۆز هەیە كە ئاڵۆزتر كراوە. بۆیە داوا لە هەمو لایەك دەكەین سەبرمان هەبێت و گفتوگۆكانمان لەگەڵ حكومەتی عێراق بەردەوامن و لێرەین بۆ وەرگرتنی مافی هەرێمی كوردستان و موچەخۆران، دڵنیاشم كە دەگەینە ئەنجامێكی سەركەوتو."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق