هەندێک پەرلەمانتار بەرنامەی پێشوەختیان بۆ تێکدانی دانیشتنی پەرلەمان هەبوو

ليست هناك تعليقات


جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ باسی دانیشتنی رۆژی دووشەممەی پەرلەمان کرا کە نارەزایەتی بەشێک لە پەرلەمانتارانی لێکەوتەوە و رایگەیاند، ئەوان لە دەستەی سەرۆکایەتی بڕیاریان داوە بابەتی بودجە و مووچە گفتوگۆی لەبارەوە بکەن، بەڵام هەندێک پەرلەمانتار بەرنامەی پێشوەختەیان بۆ تێکدانی دانیشتنەکە هەبووە.

هێمن هەورامی، جێگری سەرکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان لە پەیڕەوێکی ناوخۆیان هەیە کە کاروبارەکانی پەرلەمان رێکدەخات و بەپێی ماددەی 16 سێ خاڵمان کردبووە بەرنامەی کاری دانیشتن.

ئەو رۆژە لە پەرلەمان ژمارەیەک پەرلەمانتار یاداشتێکیان بۆ دەستەی سەرۆکایەتی بەرزکردبووەوە و داوایان کردبوو خاڵێک بۆ دانیشتنی پەرلەمان زیاد بکرێت کە ئەویش گفتوگۆکردن بوو لەسەر پرسی مووچە و بودجە.

جێگری سەرکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "لەبەر گرنگیی پرسی مووچە و دۆخی دارایی خەڵک بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان راستییەکان بزانن، ئێمە دوو ئۆپشنمان لە بەردەستدا بوو: یەکەم، ئەوەی دانیشتنێکی پرۆفیشناڵییانەی پەرلەمانی لەبارەوە بکرێت. ئایا ئێمە بڕگەیەک زیاد بکەین یان دانیشتنێکی تایبەتی بۆ تەرخان بکەین؟ دووەم، ئێمە چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکەین؟ ئێمە وەکو دەستەی سەرۆکایەتی بە سازان رێککەوتین و بڕیارماندا کە لە 48 سەعاتی ئایندەدا دانیشتنێکی تایبەتی پەرلەمانی بۆ بکرێت. دواتر ئەو فراکسیۆنانەی بەشداری حکومەتن رێککەوتن کە رۆژی چوارشەممە لە پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێک لەبارەی مووچەوە بکرێت."

هێمن هەورامی باسی لەوە کرد کە ئەوان وا رێککەوتوون کە سەرۆکی پەرلەمان بەر لە دانیشتنەکە رایبگەیێنێت کە دانیشتنێکی تایبەتی لەبارەوە دەکەن و سەرۆکی پەرلەمان روونکردنەوەی داوە کە "ئەگەر دەتانەوێت لایەنی حکومەت بەشدار بێت، رۆژی چوارشەممە دانیشتنێکی تایبەتی بۆ دەکەین، دیار بوو هەندێک لەو بەڕێزانە بەرنامەی پێشوەختیان بۆ تێکدانی دانیشتنی پەرلەمان هەبوو بۆ ئەوەی دۆخێکی نەخوازراو بهێننە پێشەوە."

جێگرەکەی سەرۆکی پەرلەمان ئەوەیشی خستەڕوو کە داواکاریی ئەو پەرلەمانتارانەیان بەپێی ماددەی 49 خستووەتە دەنگدانەوە کە ئایا ئێستا گفتوگۆی لەسەر بکەن یان نا، زۆرینەی ئەندامان دەنگیان بەوە داوە کە بەڵێ با ئێستا گفتوگۆی لەسەر بکرێت. ئەو دەڵێت: "ئێمەش وامانکرد کە خاڵی یەکەم، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازە یاسای پەروەردە و زانکۆ تایبەتەکان و خاڵی دووەم، بابەتی مووچە و دۆخی دارایی بێت." 

بەشێک لە پەرلەمانتاران پێیانوایە لەژێر گوشاری ئەواندا پرسی مووچە و بودجە خراوەتە پەیڕەوی پەرلەمانەوە و دژی پەیڕەوی ناوخۆ بووە.

هێمن هەورامی گوتیشی: "بە گوێرەی ماددەی 49 ئەگەر دەستەی سەرۆکایەتی ئامادە نەبوو ئەو خاڵە زیاد بکات و ئەوانەی داوایان کردووە زیاد بکرێت و لەسەری سوور بوون، ئەو کات دەرفەت بە سێ ئەندام پەرلەمانی پشتیوان و دژ دەدرێت بۆ ئەوەی قسەی خۆیان بکەن و دواتر پەرلەمانی کوردستان بەبێ گفتوگۆ بڕیار دەدات، واتە دەنگی لەسەر دەدات. ئێمەش ئەوەمان کرد و رەتمان نەکردەوە. ئەندامانی بەڕێز بە زۆرینەی دەنگ."

جێگری سەرۆکی پەرلەمان لەو بارەوە روونکردنەوەی زیاتری دا و گوتی: "ئێمە خاڵی دووەم و سێیەمی بەرنامەی کارمان دواخست، ئەو سێ وەزیرەیشی لەبارەی بابەتی کۆچی گەنجانەوە بانگهێشت کرابوون لەنێو پەرلەماندا لە هۆڵی پرۆتۆکۆل دانیشتبوون و چاوەڕێ بوون خاڵی دووەم قسەی لەسەر بکرێت و بێنە ژوورەوە. بەڵام کاتێک خاڵی بابەتی مووچە و دۆخی داراییمان خستەڕوو و باسمان کرد، ئەو بەڕێزانە [بەشێک لە پەرلەمانتاران] ئامانجیان قسەکردن لەسەر مووچە نەبوو بۆ ئەوەی چارەسەری بۆ بدۆزینەوە. ئامانجیان تێکدانی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان و قۆستنەوەی بابەتێکی رەوابوو بە میکانیزمێکی ناڕەوا بۆ ئەوەی بۆ مەرامی سیاسی بەکاربهێنرێت."

هێمن هەورامی جەختی لەوە کردەوە کە پرسی بودجە و مووچە پێویستی بە چارەسەری ریشەییە و "پێویستی بە سناپ و لایڤکردنەوە و خۆبەپاڵەوانکردن نییە لەسەر حیسابی قووتی خەڵکی کوردستان."

هێمن هەورامی پێیوایە، کۆرۆنا کێشەی نەک بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ هەموو جیهان دروست کردووە و فرۆشی نەوت کەمبووەتەوە. دەشڵێت، بڕیار بوو بەغدا 320 ملیار دینارەکە بۆ سێ مانگی داهاتوو بنێرێت، "بەڵام یاسایەکیان بە بیرێکی شۆڤێنییانەوە دەرکرد بۆ بچووککردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان و بڕینی قووتی خەڵکەکەی. ئەمانە کێشەی جیددین و دەبێت وەکو خەڵکی هەرێمی کوردستان رووبەڕوویان ببینەوە."

بە گوتەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەن بێنە پەرلەمانی کوردستان و گفتوگۆ لەبارەی بابەتی مووچە و چوونی شاند بۆ بەغدا بکەن و "هیچ کاتێک لارییان نەبووە."

هێمن هەورامی دەڵێت: "ئەم خولەی پەرلەمان زۆر لە خولی پێشوو چالاکتر بووە کە بتوانێت حکومەت بهێنێتە ناو پەرلەمانی کوردستان. لە کۆی 52 دانیشتنی پەرلەمان 27 جار وەزیرەکانی حکومەتمان هێناونەتە پەرلەمان. سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و جێگرەکەی هاتنە پەرلەمان و 10 سەعات وەڵامی 465 پرسیاری ئەندامانی پەرلەمانیان داوەتەوە."

هێمن هەورامی باسی لەوە کرد: "ئەندامی پەرلەمان هەبووە پێمان گوتووە وەرە ناو کۆبوونەوەی لیژنەکانەوە و وەزیر بانگکراوە، گوتوویەتی نایەمە کۆبوونەوەکەوە، چونکە کامێرای تێدا نییە و خەڵک نازانن کە من لەوێ بووم. ئەمە لە ئەندام پەرلەمانی سەر بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنیش هەبووە."

لەبارەی ئەوەی کە ئەوان وەک ئەندامێکی حیزبی لە پەرلەمان کاردەکەن، هێمن هەورامی نەیشاردەوە کە کەسیان بەبێ حیزبەکانیان چوونەتە نێو پەرلەمانی کوردستان. گوتی: "بەڵێ، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەرهەمی سێ فراکسیۆنی پێکهێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بەڵام ئێمە بەپێی پەیڕەو مامەڵە دەکەین."

ئۆپۆزیسیۆن دەڵێن، قۆناخێکی نوێ لە پەرلەمان دەستی پێکردووە و چیتر بێدەنگ نابن. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتییش دەڵێت، قۆناخێکی تازە لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە دەسەڵات دەستپێدەکەن.

جێگری سەرۆکی پەرلەمان گوتی: "پێم وانییە قۆناخی دابڕانێک یان شتێکی لەو جۆرە بێت. پەرلەمانی کوردستان رۆڵی یاسادانان و چاودێریی خۆی دەگێڕێت. لایەنە سەرەکییە پێکهێنەرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ لایەکیان نەیانگوتووە کە پابەندی رێککەوتنەکانمان نیین."

هێمن هەورامی جەختی لەوە کردەوە "ئێمە وەکو پارتی هەمیشە پێمان گوتراوە کە بە سازان لەگەڵ فراکسیۆنەکاندا پرسەکان یەکلایی بکەینەوە. جگە لە بابەتی پارێزبەندییەکە، لە هیچ بابەتێکی دیکەدا زۆرینەمان بەکارنەهێناوە. ئێمە دەمانەوێت بابەتە نیشتمانییەکان بە زۆرینە و کەمینە نەبێت و بۆچوونی هەموو لایەکی تێدا بێت."

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif