جارێکی دیکە لەسەر برێکزت رێکنەکەوتن

ليست هناك تعليقات



یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیا جارێکی دیکە لەسەر برێکزت نەگەیشتنە رێککەوتن، وادەی گفتوگۆکان جارێکی دیکە درێژکرایەوە. سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، مەترسی ھەیە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا نەگەینە رێککەوتن. سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا گوتی: "دەرفەتێکی دیکەمان داوەتە بەریتانیا، بە کارێکی بەرپرسانەمان زانیوە چەند رۆژێکی دیکەش لە دانوستان بەردەوام بین".

لەبارەی برێگزت بریاڕ بوو ئەمڕۆ، دوا رۆژی کاری تیمی دانوستانکاری نێوان بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا بێت، بەڵام دوای ئەوەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا لەسەر درێژکردنەوەی وادەی گفتوگۆکان رێککەوتوون، جارێکی دیکە تیمی دانوستانکاری لەندەن و برۆکسل دەستیان بە کاری خۆیان کردەوە.

ئۆرسۆلا ڤۆندێرلاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا گوتی: "پەیوەندییەکی تەلەفۆنی سەرکەوتوو و باشم لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا "بۆریس جۆنسن" ھەبوو، باسی بابەتە ھەڵپەسێردراوەکانمان کرد، تیمی دانوستانکارمان لە چەند رۆژی رابردوودا، بە شەو و رۆژ کاریان کردووە، سەرەڕای ساڵ و نیوێك دانوستان، چەندین جار لە درێژکردنەوەی وادەی برێگزت، ھەردوولا بە کارێکی بەرپرسانەمان زانی، چەند ماوه‌یه‌كی دیکەش بەردەوام بین، با بزانین دەتوانین بگەینە رێککەوتن؟"

مایکڵ بارنیەر، سەرۆکی تیمی دانوستانکاری یەکێتی ئەوروپا و دەیڤد فرۆست، سەرۆکی تیمی دانوستانکاری بەریتانیا، لە به‌یاننامه‌یه‌کی ھاوبەشدا رایانگه‌یاند، بۆ چەند رۆژێکی دیکە لە برۆکسل دەمێنینەوە.

بریاڕە تا کۆتایی ئەمساڵ، بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا دەربچێت، بەڵام تا ئێستا لەسەر رێکار و شێوازی ئاڵوگۆڕی بارزگانی لەنێوان لەندەن و برۆکسلدا رێککنەکەوتوون.

بۆریس جۆنس، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا گوتی: "لەگەڵ ئۆرسۆلا قسەم کرد، کابینەی حکومەتم لە ئەنجامەکەی ئاگادار کردووته‌وە، دەبوو ئەمڕۆ بگەینە رێککەوتن، ترسم لەوەیە ھێشتا لە زۆر بابەتی سەرەکییەوە لە یەک دوورین، بەڵام ژیان بەردەوامە و ھیوا و ئومێدیش ھەیە، خەڵک بەدڵنیاییەوە چاوەڕێی ئەوەمان لێدەکەن، ھەندێکی دیکە پشوو درێژ بین، داوام لە ئۆرسۆلا کرد، ئەگەر پێویست دەکات من ئامادەم لەگەڵ سەرکردەی وڵاتانی دیکەش قسە بکەم".

ئەگەر بەریتانیا بەبێ رێککەوتن لە یەکێتی ئەوروپا دەربچێت؛ ھەموو ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی دەچیته‌ چوارچێوەی یاساکانی رێکخراوی بازرگانی جیھانییەوە، ئەو کات پێویستە گومرگی زیاتر بدات، ئەمە وادەکات نرخی کاڵاکان بەرزتر ببێتەوە و بەئاسانی وەك ئێستا ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان بەڕێوەنەچن، کاریگەری نەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان برۆکسل و لەندەن درووست دەبێت

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif