فەخریزادە چۆن تیرۆر کرا

ليست هناك تعليقات



موحسین فەخریزادە وەک زۆر لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران، دەسپێکی چالاکییە سەربازییەکانی لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بوو، کاتێک کە کۆماری ئیسلامی هێرشی کردە سەر ناوچە رزگارکراوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان. بەڵام ئەو سەرەنجام لەم شەقامەی ئابسەردی تاران کوژرا، شێوازی کوژرانەکەش هێشتا ناڕوونە. لەم چەند رۆژەدا زانیاریی جۆراوجۆر بڵاوبووەتەوە.

ئەمیر حاتەمی، وەزیری بەرگریی ئێران لە ئێوارەی هێرشەکەدا گوتی "بەپێی ئەو راپۆرتانەی لە کەسە هاوڕێیەکانی و شوێنی رووداوەکە بە دەستمان گەیشتووە، بەمجۆرەیە کە سەرەتا تەقە لە ئۆتۆمبیلەکەی کراوە، دوای نزیک بە دە پازدە چرکە ئۆتۆمبیلێکی بارهەڵگری نیسان، کە ماددەی تەقەمەنی تێدا بووە و بە دووری پازدە بیست مەتر لە ئۆتۆمبیلەکەی فەخریزادە دەتەقێتەوە. واتە تەقە دەکرێ، نیسانەکە دەتەقێتەوە و هاوکات لەگەڵ ئەمانەش تەقەکردن هەبووە."

رۆژنامەڤانێکی تەلەڤزیۆنی ئێران بەهەندێ جیاوازیی بچووک لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئێران دەڵێت "هەندێ شتمان لە شایەتحاڵان بیست، لەوبەری منەوە نیسانێک راگیرابوو، کە داری پێبوو و ماددەی تەقەمەنی دانرابووەوە ئەمەش دەتەقێتەوە و شەپۆلی تەقینەوەکە کێبڵەکانی کارەباکە دەپچڕێنن، لەمبەری شەقامەکەوە ئۆتۆمبیلیکی بەرز هەبووە کە پێنج شەش چەکداری تێدا بووە تەقەیان لەمبەری شەقامەکە کردووە. بەپێی هەندێ سەرچاوەی هەواڵ کە هێشتا پشتڕاست نەکراوەتەوە یەکێک لە تیرۆریستەکان دەستبەسەرکراوە."

یەکێک لە شایەتحاڵەکان کە ئێوارە هەینی و دوای رووداوەکە قسەی بۆ تەلەڤزیۆنی ئێران کرد و گوتی "لەناکاو ئۆتۆمبێلەکە تەقیەوە، من راوەستام، راوەستام تاوەکو تەقینەوەکە تەواو بێت و لە تەنیشتیەوە تێپەڕ ببم، بەڵام هاوکات کە تەقینەوەکە تەواو بوو، تەقە دەستیپێکرد، لەمبەرەوە تەقەیان دەکرد و لەوبەریشەوە تەقەیان دەکرد، من یەکێکیانم بینی کە لەسەر شەقامەکە دانیشتبوو. بە گشتی نەمبینی چەند کەس بوون، بەڵام پێنج شەش کەس دەبوون."

فەرەیدوون عەباسی، پەرلەمانتار لە زاری پاسەوانەکانی فەخریزادەوە رووداوەکە بەمجۆرە دەگێڕێتەوە و دەڵێت "ئەوان ویستویانە بە تەقەکردن ئۆتۆمبیلی شەهید فەخریزادە لە تەنیشت نیسانەکە راوەستێت و ئینجا بیتەقێننەوە، کە تەقە دەکرێت، ئۆتۆمبیلی فەخریزادە دوور لە نیسانەکە رادەوەستێت و خۆی دادەبەزێت، رەنگە پێیوابووبێ بەهۆی تەقەکردنەکەوە خێزانەکەی بریندار دەبێت، لەو کاتە گوللەیەک شانی دەپێکێت، پاسەوانەکانی دادەبەزن بۆ ئەوەی پارێزگاری لێ بکەن، لەوێ پاسەوانێکی بەردەکەوێت، ئینجا فەخریزادە خۆی بە ئامانج دەگرن، بەم شێوەیە بریندار دەبێت و هاوکات نیسانەکەش دەتەقێننەوە، پاسەوانەکان بەهۆی کاریگەریی تەقینەوەکە نەیانتوانیوە بەجوانی دەوروبەر ببینن، ئەوانەش چونکە بەسەر بارودۆخەکەدا زاڵ بوون و لە رێگەی دوورەوە تەقەیان کردووە، ئەوەی کە کەسێک هاتبێتە نێو شەقامەکە و تەقەی کردبێت هێشتا روون نییە."

رۆژی شەممە جەواد مەوگوویی، توێژەری مێژووی کۆماری ئیسلامی و دیکۆمێنتارساز، روونکردنەوەیەکی لەژێر ناوی رێک وەک فیلمە ئەکشنە ئەمریکاییەکان لە ئینستاگرامی خۆیدا بڵاوکردەوە. بەگوتەی مەوگوویی، نیسانەکە چەکی تیرباری ئۆتۆماتیکی و تەقەمەنی تێدا بووە، لەوبەریشەوە ئۆتۆمبیلێکی جۆری سانتافی بە چوار سەرنشینەوە چاوەڕێ بوون، لەگەڵ چوار ماتۆڕ سوار و دوو قەناس بەدەست.

یەکەم ئۆتۆمبیلی پاسەوانەکانی فەخریزادە تێپەڕدەبێت، ئۆتۆمبیلی فەخریزادە و هاوژینەکەی کە شوێنی سووڕانەوەی شەقامەکە دەسوڕێنەوە و چەکە ئۆتۆماتیکەکە تەقەیان لێدەکات، فەخریزادە سێ گوللەی بەردەکەوێت. ئینجا دادەبەزێت، دووەم ئۆتۆمبێلی پاسەوانەکانی دەگات، یەکێک لە پاسەوانەکان خۆی دەکاتە قەڵغان و چوار گوللەی بەردەکەوێت، لەو کاتەدا نیسانەکەش دەتەقێنرێتەوە، هاوکات 12 کەس لە پاسەوانەکانی فەخریزادە وەبەر دەسڕێژی گوللە دەدەن. هیچ کەس لە تەقەکەرەکان ناکوژرێ و ناگیرێت. کارەبای ناوچەکە نیوکاژێر پێشتر بڕابوو و کامێراکانی چاودێری کوژابوونەوە و هیچ فیلمیک تۆمارنەکراوە.

ئەو دەڵێت: "تیمێکی 12 کەسە بۆ تیرۆر 50 کەسی وەک پشتیوان دەوێ، کات و شوێنی رووداوەکەش نیشانی دەدات کە هەموو جۆرە زانیارییەکیان لەسەر هاتووچۆ و تەنانەت بەرنامەکانی بنەماڵەی فەخریزادە هەبووە."

شەوی شەممە حامد یەکێک لە کوڕەکانی فەخریزادە قسە بۆ بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی ئێران کرد و رایگەیاند "بە داخەوە نەتەنیا تیرۆر، بەڵکوو شەڕێک بە تەواوی مانای شەڕ بووە."

بێژەر: ئێوە خۆتان لەوێ بوون؟

ئەو کوڕەی فەخریزادە دەڵێت "من دوای ماوەیەکی زۆر کەم گەیشتمە ئەوێ، چونکە نزیک بووم"

بێژەر: وەک بیستوومانە ئەم شەهیدە مەزنەمان لە باوەشی هاوژین یان بڵێین دایکتاندا شەهید بووە، ئەمە راستە؟ ئەویش دەڵێت "بەڵێ بەڵێ، هەر بەمجۆرە بووە، لە دەسپێک تاوەکو کۆتایی رووداوەکە دایکم لەگەڵی بووە."

بەڵام ئاژانسی فارس نزیک لە سوپای پاسداران ئێوارەی یەکشەممە راپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە جیاوازی زۆر بەرچاوتری لەگەڵ لێداوانەکانی دیکەدا هەیە.

بەپێی ئەو راپۆرتە، ئۆتۆمبیلی فەخریزادە گوللەنەبڕ بووە لە باکووری ئێرانەوە بەرەو ئابسەردی دەماوەند رۆیشتوون، یەکەم ئۆتۆمبیلی پاسەوانەکانی بۆ پشکنینی شوێنی مانەوە ئەوانی دیکەی بەجێهێشتووە، لەو کاتەدا چەند گوللەیەک ئۆتۆمبیلەکەی فەخریزادە دەپێکێت و ئۆتۆمبیلەکەی رادەوەستێتت.

بەپێی ئەو راپۆرتە فەخریزادە پێیوابووە ماتۆڕی ئۆتۆمبیلەکە کێشەی هەیە یان لە شتێک گیری کردووە. بەڵام هەر کە دادەبەزێت تەقەی لێدەکرێت، سێ گوللەی بەردەکەوێت. لەو کاتەدا بەرپرسی پاسەوانەکانیشی خۆی دەکاتە قەڵغانی فەخریزادە و ئەویش بریندار دەبێت، ئینجا نیسانەکە دەتەقێتەوە.

بەپێی راپۆرتی فارس هیچ کەسێکیش وەک ئەنجامدەری کردەوەکە لەوێ نەبووە. هەروەها خاوەن نیسانەکەش مانگێک لەمەوبەر لە ئێران رۆیشتووە. بەڵام ئەگەر ئۆتۆمبیلەکەی گوللەنەبڕ بووە، بۆچی ئەم شوشەیەی شکاوە و لێرەشەوە کون بووە.

ئەم رووداوە رەخنەی زۆری بەرەوڕووی دامودەزگە ئەمنییەکانی ئێران کردووەتەوە، رەنگە یەکێکیان ئەوە بێت کە تاوەکو ئێستا بەوە نەگەیشتب کە فەخریزادە چۆن کوژرا.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif