ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بودجەی 2021ـی پەسندکرد

ليست هناك تعليقات


لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دووشەممە 21-12-2020ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە بەسەرۆکایەتیی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو، بودجەی ساڵی 2021 پەسندکرا.

لە راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی بڕیاری پەسندکردنەکە، هیچ روونکردنەوەیەک لەبارەی چۆنیەتی و شێوازی پەسندکردنەکە نەهاتووە.

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە رۆژنامەڤانانی گوت، بودجە دەست بۆ مووچەی فەرمانبەران نابات، ئەوانەی کە زۆرینەی چینی کۆمەڵگە پێکدەهێنن، بەڵکو ئەو بودجەیە چینی باڵای کردووەتە ئامانج.

دەشڵێت، بودجە خراوەتەبەردەم هەموو کوتلە سیاسییەکان و سەرجەمیان پێشتر پشتیوانیان کردووە. هاوکات حکومەتیی تورکیاش ئامادەیی دەربڕیوە 5 ملیار دۆلار بداتە عێراق. 

بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، دەبێت حکومەت پێش رۆژی 15ی مانگی 10ی هەموو ساڵێک پرۆژەیاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان بکات، ئێستا زیاتر لە دوو مانگ لە وادەی خۆی دواکەوتووە. 

بەپێی ئەو زانیارییانەی دزەیان پێکراوە لە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 نرخی بەرمیلێک نەوت بە 42 دۆلار خەمڵێنراوە و رۆژانە 3 ملیۆن و 250 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکرێت، کە 250 هەزار بەرمیلی نەوتی هەرێمی کوردستانە.

ئەوە لەکاتێکدایە سێ رۆژە کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 بەردەوامن؛ دابەزینی بەهای دینار لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی یەکێک لەو هەنگاوانەیە کە حکومەت پەنای بۆ بردووە بە مەبەستی پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە و ئەوەش بەشێک لەلایەنە سیاسییەکان و خەڵکی نیگەران کردووە و راستەوخۆ کاریگەری کردووەتە سەر بازاڕ. 

پێشتر رەحیم عبودی، ئەندامی دەستەی سیاسی رەوتی حیکمە رایگەیاند، "یاریکردن بە دراوی عێراقی، دابەزینی دراو بەم شێوەیە و بەم بێسەروبەرییە کارێکی قبووڵکراو نییە، بەهای دراو و پڕکردنەوەی کورتهێنان، زیادکردنی بەهای دۆلار دەبێت هەنگاو بە هەنگاو بێت و ناکرێت بەو بازدانە گەورەیە بێت، 118 و 119 هەزار بۆ 145 و 150 هەزار دینار ئەمە کارەساتە بۆ بازرگانان و بازاڕی عێراق".

هاوکات لە پەرلەمانی عێراقدا زیاتر لە 120 واژۆی پەرلەمانتاران کۆکراوەتەوە بۆ میوانداریکردنی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیران و عەلی عەللاوی وەزیری دارایی عێراق لەبارەی دابەزینی نرخی بەهای دینار و هەڕەشەی متمانە وەرگرتنەوەشیان لێدەکەن.

چەند رۆژێکیش بوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەندێک لە چالاکوانان داوایاندەکرد ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی تەحریری شاری بەغدا خۆپێشاندان دژی هەنگاوەکەی حکومەت بکرێت. 

هێزە ئەمنییەکان رێ و شوێنی تووندیان گرتەبەر و خۆپێشاندەرانیش رایانگەیاند، ئەوەی حکومەت دەیکات کاریگەری گەورەی لەسەر چینی هەژار و مامناوەندی وڵات دەبێت. 

چالاکوانێکی خەڵکی بەغدا کە بەشداربوو لە خۆپێشاندانی ئەمڕۆی گۆڕەپانی تەحریر باسی لەوە کرد، "خۆپێشاندان لە پێناو لەنێوبردنی گەندەڵی بە ورد و درشتییەوە ئەمە یەکەمە، دووەم، بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار ئەمە پیلانێکی ئیمپریالیستی پیسە، دژی گەلی عێراقی، ئێمە لە قەیرانێکەوە دەبەنە قەیرانیکی دیکە، کەی گەل هەناسە بدات و تەنانەت هەناسەش بۆ خەڵک نییە؟ خەڵکیان وێران کرد، قەیرانی بەرزکردنەوەی دۆلار و داتەپینی دینار و بێ بەهاکردنی دینار کوفرە، کوفرە ، پێم ناڵێی هەژار بۆ کوێ بڕوات و چۆن گوزەران بکات؟"

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif