دادگا بڕیارێكی لە دژی ئاسیا و كۆڕەك و زەین دەركرد

ليست هناك تعليقات


دادگای کەرخی بەغدا بڕیاریدا گرێبەستی کۆمپانیاکانی گەیاندن لە عێراق دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەیان لە ساڵی 2022 نوێنەکرێتەوە، چونکە پابەندی یاساکان نەبوون و باجێکی زۆریان لەسەر کەڵەکەبووە و نەیانداوە.

لە نووسراوی بڕیاری دادگای تێهەڵچوونەوەی كەرخ لە بەغداد كە بەرواری ئەمڕۆی لەسەرە، هاتووە: "ئەنجوومەنی وەزیران مافی نوێکردنەوەی گرێبەستەکانی کۆمپانیاکانی مۆبایلی نییە، ئەو گرێبەستانەش لە ساڵی 2007 واژۆکراون، لە ساڵی 2022 یش کۆتاییان دێت، هیچ بڕگەیەکیش لە دەقی گرێبەستەکاندا نییە بەناچاری نوێیان بکاتەوە، بەڵکو داواکاریی نوێکردنەوەیان بەندە بە دانوستاندن، مەرجیشە پابەندی هەموو مەرجەکان و دەقەکانی گرێبەستی یەکەم بن، ئەوەش بەدینەهاتووە.

بڕیارەکەی دادگا ئاشکرای کردووە کۆمپانیاکان، کە سکاڵا لە دژیان تۆمار کراوە، "سەرپێچیی زۆریان کردووە و قەرزێکی زۆری دەوڵەتیان لەسەرە، کە تائێستا نەیانداونەتەوە".

هەروەها لە بڕیارەکەدا هاتووە ئەو خزمەتگوزارییەی ئەو کۆمپانیایانە پێشکەشی هاووڵاتیانی دەکەن "خراپە"، ئەوەش رێگرە لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکان بۆ پێنج ساڵی دیکە و پێدانی سێ ساڵی دیکەش پێیان وەک قەرەبووی کەمبوونی داهاتیان لە سەردەمی هاتنی داعش و پەتای کۆرۆنادا.

هەر لە دەقی بڕیاری دادگاکەدا هاتووە: "لە کاتێکدا دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان، پێشتر رێکاری گرتەبەر بۆ ئەوەی داوای شایستەکان لە کۆمپانیاکان لەو پارێزگایانە نەکرێ (ئەو پارێزگایانەی کە بەشێکیان کەوتنە ژێر دەستی داعش)، چونکە دەستەکە کۆمپانیاکانی لەبری ئەو ماوەیە قەرەبووکردووەتەوە، هاوکات درێژکردنەوەی گرێبەستەکان بۆ سێ ساڵ، وەک قەرەبووکردنەوە، هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە.

دادگاکە ئاماژەی بە دەقی ماددەی 3ـی یاسای فرۆشتن و بەکرێدانی سامانی دەوڵەت ژمارە 21ـی ساڵی 2013داوە کە دەڵێت فرۆشتنی هەر سامانێک یان خزمەتێک و هەر شتێکی دیکە کە دەوڵەت خاوەنێتی دەبێ تەنیا بەڕێگەی زیادکردنی ئاشکرا بکرێ، دەستەکە و ئەنجوومەنی وەزیرانی پێشوو لە کاتی واژۆکردنی گرێبەستە ئەسڵییەکاندا لە ساڵی 2007 ئەوەیان کرد، هەروەها لە فرۆشتنی مۆڵەتەکانی نەوەی سێیەمدا بە 307 ملیۆن دۆلار بە هەر کۆمپانیایەک لە ساڵی 2013 ئەوە رەچاوکرا، پێچەوانەی ئەوەی کە ئێستا دەستەکە کردی و مۆڵەتی نەوەی چوارەم و پێنجەمی بە کرێیەکی کەم و رەنگە بەبێ کرێی راستەقینە بەخشییە کۆمپانیاکان "ئەوەش بەهەدەردانی سامانی گشتییە".

دادگای تێهەڵچوونەوە لە کەرخ لە بڕیارەکەیدا دەشڵێ: "باشترە دەوڵەت خۆی خزمەتگوزاریی پەیوەندیی بۆ هاوڵاتیانی دابینبکات، کەچی بڕیاری ئەنجوومەنی ئەندامانی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە 6/7/2020 کە ئەنجوومەنی وەزیران پشتی پێوە بەست و لە بڕیاری ژمارە 50ـی لە 7/7/2020 دەرکرد، زیانی بە سامانی گشتیی گەیاند و سوودە چاوەڕوانکراوەکانی واژۆکردنی گرێبەستەکانی نوێکردنەوەی کۆمپانیاکانی مۆبایلی لە دەستی دەوڵەتی عێراق دەرکرد.

دادگای کەرخ لە بڕیارەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە کە "لە بڕگەکانی بڕیارەکەدا نەزانییەکی زۆر گەورە دیارە، کە بریتییە لە کەمی ئەو پارەی لەبری نوێکردنەوەکە وەرگیراوە، لەگەڵ دیارینەکردنی قەرزە شایستەکان و رێگەدان بە دانەوەیان بەشێوەی قیست و بەبێ سوود و گەرەنتی دانەوەی ئەو قەرزانە، ئەوە زیان بە سامانی گشتیی دەگەیەنێ. بەهۆی ئەمانە و بەهۆی بەدینەهاتنی رێژەی یاسایی ئامادەبوونی ئەندامانی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە کاتی دەرکردنی بڕیار لە 6/7/2020، هەروەها بەهۆی یەکلایینەکردنەوەی دروستیی ئەندامێتی دوو ئەندامی دەستەکە، بۆیە بڕیارمان دا بڕیاری نوێکردنەوەی گرێبەستەکانی کۆمپانیاکانی زین، ئەسیر، ئاسیا سێل و کۆڕەک تیلیکۆم هەڵبوەشێتەوە".

محەممەد شیاع سودانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق کە سکاڵای لەسەر کۆمپانیاکان تۆمارکردووە، لەوبارەوە رایگەیاند، دادگای عێراق ئەمڕۆ قسەی خۆی کرد و نوێکردنەوەی گرێبەستەکانی کۆمپانیاکانی پەیوەندی رەتکردەوە.

محەممەد شیاع سودانی، لە هەژماری خۆیدا لە توویتەر رایگەیاند: "ئەمڕۆ یەکشەممە 15/11/2020 دادگای عێراق قسەی خۆی بۆ بەرژەوەندیی گەل کرد، بەوەش جەختی لەسەر سەربەخۆیی و پیشەیی خۆی کردەوە، کاتێک دادوەرەکە بڕیاریدا سکاڵاکە قبووڵ بکات و بڕیاری نوێکردنەوەکە رەتبکاتەوە".

محەممەد شیاع سوودانی، هەینی رابردووش لە توویتێکی دیکەدا نووسیبووی: "ئەو قەرزانەی کە لەسەر کۆمپانیاکانی تەلەفۆن و مۆبایلن، نە دادگا و نە دیوانی چاودێریی و نە من، کە سکاڵاکەم تۆمارکردووە، نایزانین".

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە مانگی تەممووزی 2020 دا، رایگەیاند: "کۆمپانیاکانی مۆبایلمان ناچارکرد لە بەرانبەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی 4G هەموو قەرزەکانی سەریان بدەنەوە بە حکومەت، چونکە شوورەییە عێراق تائێستا ئەو خزمەتگوزارییەی نەبێ و زۆر لە وڵاتان پێشمان کەوتوون، کاتێک هەوڵماندا ئەو خزمەتگوزارییە پێشکەشی هاووڵاتیان بکەین کەسانێک گومانیان هەبوو، رەخنەیان لە گرێبەستەکە گرت، هۆکارەکەش گەیشتنی زیانە بە بەرژەوەندیی ئەوان، بۆیە بەڵێن دەدەم تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ عێراق خزمەتگوزاریی 4G بۆ هاووڵاتیانی دابینبکات".

دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە عێراق دەڵێ: نوێکردنەوەی گرێبەستی کارکردنی سێ گەورەترین کۆمپانیای مۆبایل و ئەنتەرنێت لە عێراق زیاتر لە 700 ملیۆن دۆلار داهات بۆ عێراق دەبیندەکات و هەلیکار دەرەخسێنێ و خزمەتگوزاریی مۆبایل بۆ 96٪ـی دانیشتووانی عێراق و خزمەتگوزاریی 4G ئەنتەرنێت دابیندەکات."

هاوکات ناوەندیی چاودێریکردنی ئەنتەرنێت لە عێراق ئاماژەی بەوەکردووە: "کۆمپانیاکانی پەیوەندیی لە عێراق زێدەڕۆیی دەکەنە سەر مافی هاووڵاتیان کە بە دەست خراپی خزمەتگوزاریی پەیوەندیی و ئەنتەرنێت دەناڵێنن، لە کاتێکدا عێراق هێشتا خزمەتگوزاریی (4G) دابیننەکردووە و کۆمپانیاکان خزمەتگوزاریی (3G) یان لە هەموو عێراق دابیننەکردووە، کۆمپانیاکانی ئاسیاسێل، کۆڕەک، زین، 38 ملیۆن هاوبەشیان هەیە، کەچی ئەوان ساڵانە تەنیا 18٪ـی داهاتیان دەدەنە حکومەت، ئەو پارەیەش زۆر کەمە".


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif