چاوپێککەوتنی ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێم لە بارەی ناکۆکیەکانی ھەولێر و بەغدا

ليست هناك تعليقات



دڵشاد شەھاب، راوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نوێترین زانیاری لەسەر ناکۆکیەکانی ھەولێر و بەغدا دەخاتەڕو و رایدەگەیەنێت، یه‌كه‌مجاره‌ ببینێت و ببیستێت كه‌ په‌رله‌مانی وڵاتێك دابنیشێت و بڕیاربدات موچه‌ی موچه‌خۆرانی وڵاتی خۆی ببڕێت، یان رابگرێت، دەشڵێت، "پێدەچێت ئه‌وه‌ هیچ پێشینەیەکی نه‌بێت له‌ هیچ دۆخێك و له‌ژێر هیچ پاساوێكدا"، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان لە هەمو قۆناغەکاندا ئامادەیی دەربڕیوە بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا.

دڵشاد شەھاب ئەوەشی خستەڕو، حكومه‌ت ئیعترازی له‌سه‌ر ئه‌وه‌نه‌بوه‌ كه‌ نه‌وت له‌ رێگه‌ی سۆمۆوه‌ بفرۆشرێت، بەڵام ئه‌گه‌ر هەمو بڕە نەوتەکە بێت پابەندبونەکان بەجۆرێکن و ئەگەر بەشێک بێت بەجۆرێکی دیکەیە، ئه‌و ته‌ئكیدكردنه‌وه‌یه‌ نوێ نیه‌، ئه‌وه‌ چونه‌ ژێرباری یاسایه‌ك نیه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ ده‌رچوبێت له‌ هه‌مو قۆناغه‌كانی دانوستان ئەوە باسکراوە.

دەقی چاوپێککەوتنی ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان

 كۆبونه‌وه‌ی سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی هه‌رێمی‌ كوردستان چۆن بو، له‌باره‌ی په‌سه‌ندكردنی یاسای وه‌رگرتنی قه‌رز چ بڕیارێك درا؟

دڵشاد شه‌هاب: كۆبونه‌وه‌كه‌ زۆرباش بو، هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی زۆرباش له‌سه‌ر ئه‌و یاسایه‌ كرا ئه‌وه‌ی به‌ناوی پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی دارایی په‌سه‌ندكرا، خۆی له‌ ئه‌ساسدا یاساكه‌ بۆ قه‌رز نێردرابو، كه‌ حكومه‌ت مه‌به‌ستی بو، له‌به‌رئه‌وه‌ی ساڵی 2020 یاسای بودجه‌ی عێراق په‌سه‌ندنه‌كراوه‌، بەهۆی ئەو بارودۆخانه‌ی له‌كاتی مناقه‌شه‌كردنی موازنه‌ هاتنه‌ئاراوه‌، وەک ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی حكومه‌تی پێشوتر و دواتر تا حكومه‌تی نوێ پێکهێنرا، ئه‌مانه‌ بونه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌ یاسای بودجه‌ نه‌چێته‌ په‌رله‌مان، له‌بری ئه‌وه‌ ئیعتیماد له‌سه‌ر هه‌ندێك بڕیاری تر كرا و یه‌كێك له‌وانه‌ یاسایه‌ك بو به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی قه‌رز، دیاره‌ ئه‌و یاسایه‌ش به‌شی ئه‌وه‌ی نه‌كرد كه‌ وا ساڵی دارایی پێ ته‌واو بكرێت بۆیه‌ به‌ناچاری جارێكی تر حكومه‌ت داوایكرد ئه‌م پرسه‌ رێگه‌ی پێبدرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كورتهێنانه‌ پڕبكرێته‌وه‌.

پرسەکە لەلای ئێوە چۆن خوێندنەوەی بۆ کرا؟

دڵشاد شه‌هاب: به‌لای ئێمه‌وە دو ته‌وه‌ره‌، یه‌كێكیان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كه‌یه‌ و ئه‌وی دیكه‌یان لایه‌نی یاسایی و دارایی و كاریگه‌ریه‌كانیه‌تی به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، كۆبونه‌وه‌كه‌ هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر به‌سه‌ر سیاسیه‌كه‌ی ئه‌وه‌بو كه‌ هه‌روه‌كو چۆن له‌ وته‌كانی جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێمیشدا دیاربو، هه‌مو ئاماده‌بوانیش ته‌ئكیدیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرد كه‌ ناتوانم بڵێم ده‌ستپێكێكه بۆ تێکدانی تەوافوق‌، پێشتریش جاری واهه‌بوه‌ ته‌وافوق تێكدراوه‌، به‌ڵام بۆ مه‌سه‌له‌یه‌كی وا كه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی وڵات دابنیشێت، یه‌كه‌مجاره‌ ببینم و ببیستم كه‌ په‌رله‌مانی وڵاتێك دابنیشێت و بڕیاربدات موچه‌ی موچه‌خۆرانی وڵاتی خۆی ببڕێت یان رابگرێت، ئه‌وه‌ مومكینه‌ هیچ سابیقه‌یه‌كی نه‌بێت له‌ هیچ دۆخێك و له‌ژێر هیچ پاساوێكدا.

ده‌بوایه‌ بیانوتایه‌ ئه‌م بڕیاره‌ موچه‌ی مانگی 10 ناگرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌ت گفتوگۆی بكردایه‌ تا رێككه‌وتن

له‌روی سیاسیه‌وه‌ هه‌مومان كۆكین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌روه‌كو چۆن فراكسیۆنه‌كانیش له‌ به‌غدا و ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی كه‌ راگه‌یه‌ندرا پێش ئه‌وه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ش بكرێت و له‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت و په‌رله‌مان و جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی و جه‌نابی سه‌رۆك كۆمار په‌یامێكیان بڵاوکردەوە، كه‌ هه‌مومان كۆك بوین كه‌ نابێت و ناكرێت ئه‌و عێراقه‌ وای لێبێت زۆرینە به‌كاربێت بۆ بڕینی قوتی خه‌ڵك، ئه‌مه‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كه‌یه‌تی كه‌ كاریگه‌ری خراپی هه‌یه‌.

هەڵسەنگاندنەکان لەبارەی پەسەندکردنی یاسای وەرگرتنی قەرز چۆن بو؟

دڵشاد شه‌هاب: دیوێکی دیکەی پرسەکە یاسایی و دارایی بو‌، وه‌ك له‌سه‌ره‌تاوه‌ وتم یاساكه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنان، بۆ قه‌رز بوه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌یری بڕگه‌ و ماده‌كانی بكرێت شێوەیەکی وای وه‌رگرتوه‌ كه‌ به‌شێك بێت یان ئه‌سڵه‌ن یاسای بودجه‌ بێت وه‌ها مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كراوه‌، چونه‌ته‌ ورده‌كارییه‌وه‌، هه‌ڵسه‌نگاندێكی ورد له‌وباره‌یه‌وه‌ كرا له‌لایه‌ن تیمی دانوستانكاری حكومه‌ت و راپۆرته‌كانی خۆیان خسته‌ڕو، له‌وێدا ده‌ركه‌وت بۆ هه‌مو ئاماده‌بوان كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ساڵی 2019ه‌وه‌ ده‌ستیان به‌ گه‌ڕێكی جددی دانوستان كردبو، له‌گه‌ڵ حكومه‌تی كابینه‌ی پێشوی به‌ڕێز عادل عه‌بدولمه‌هدی گه‌یشتبونه‌ رێككه‌وتن كه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ واژۆبكرێت و بخرێته‌ ناو بودجه‌ی ساڵی 2020ه‌وه،‌ به‌ڵام دوای خۆپیشاندانه‌كان به‌و ئاڕاسته‌یه‌ رۆشت، كه‌ نه‌ حكومه‌ت توانی به‌رده‌وامی به‌كاره‌كانی بدات و نه‌ یاسای بودجه‌ش په‌سه‌ندكرا، به‌ڵام ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ ماون كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم واژۆی له‌سه‌ركردوه‌ و ئاماده‌یی خۆی ده‌ربڕیوه‌ كه‌ پابه‌ندی هه‌مو ئه‌و پابەندیانە بێت له‌به‌رامبه‌ردا ماف و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ بكرێت.

دوای ئه‌وه‌ی كابینه‌ی نوێی ده‌ستبه‌كاربو له‌گه‌ڵ به‌ڕێز كازمیش زیاتر له‌ 10 جار شاندی حكومه‌ت به‌سه‌رۆكایه‌تی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و له‌سه‌ردانه‌كانی جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكومه‌تدا و به‌ پشتیوانی جه‌نابی سه‌رۆك كۆمار له‌ به‌غدا به‌رده‌وام ته‌ئكید له‌سه‌ر ئه‌وه‌كراوه‌ته‌وه،‌ كه‌ رێگای گفتوگۆمان پێ دروسته‌، نه‌ك هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ گفتوگۆیه‌ك بكه‌ینو بێ ده‌رئه‌نجام، هه‌میشه‌ هه‌مو به‌ڵگه‌نامانه‌ی كه‌ وا له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا حكومه‌ت خستیه‌ڕو هیچ پرسیارێك له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی حكومه‌تی كوردستان نه‌ماوه‌، به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ هه‌ندێك شوێن و ده‌زگای راگه‌یاندندا ده‌وروژێنرێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌مته‌رخه‌می حكومه‌ت یان حازرنه‌بوه‌، كه‌ پابه‌ندبونه‌كانی خۆی جێبه‌جێ بكات، به‌راستی ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ تیمی حكومه‌ت به‌ به‌ڵگه‌وه‌ به‌ نوسراوی ره‌سمییه‌وه‌ خستیه‌ڕو به‌ ئیمزای ره‌سمی ده‌سه‌ڵاتدارانی حكومه‌تی عێراق له‌ قۆناغی جیاجیا تیایدا ده‌ركه‌وێت كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌وپه‌ڕی جددیه‌ته‌وه‌ دواجار به‌وه‌ گه‌یشتون كه‌ ئه‌و سیغه‌یه‌ی كه‌ له‌م چه‌ند مانگه‌دا جێبه‌جێ ده‌كرا و حكومه‌تی ئیتیحادی 320 ملیار وه‌كو ته‌كمیله‌ی پێداویستییه‌كانی هه‌رێم جگه‌ له‌و به‌شه‌ داهاته‌ی هه‌رێم ده‌ستی ده‌كه‌وێت له‌ فرۆشتنی نه‌وتی خۆی، یانی ئه‌وه‌ نه‌بوه‌ شتێكی تری له‌ پاڵدا بوبێت و حكومه‌ت خۆی لێ به‌دورگرتبێت.

 بۆچی نه‌تونرا نوێنه‌رانی كورد له‌ په‌رله‌مانی عێراق رازی بكرێن كه‌ به‌شداری كۆبونه‌وه‌كه‌ بكه‌ن؟

دڵشاد شه‌هاب: ئه‌گه‌ر راستیت ده‌وێت باش بو ئاماده‌بونایه‌، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بونیان نه‌ك خوانه‌خواسته‌ بێبایه‌خ سه‌یری حزوری ئه‌وان بكرێت، به‌ڵام ئه‌وان ئه‌و به‌شه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ خۆیانه‌وه‌ هه‌بو له‌ به‌غدا هه‌م هه‌ڵوێستی خۆیانیان نیشاندا هه‌م یه‌كڕیزی خۆیان نیشاندا لە راستیدا سه‌ره‌ڕای هه‌مو ئه‌و جیاوازی بیروبۆچونانه‌ی له‌نێوانیاندا هه‌بو، خاڵی به‌هێزی ئێمه‌ش له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا ئه‌وه‌بو، بۆیه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ زۆر به‌ نیگه‌رانیه‌وه‌ سه‌یر ناكرێت و كارێكی ئاساییه‌ له‌وبارودۆخه‌ی كه‌ له‌ كوردستان هه‌یه‌ به‌گشتی، دیسان ده‌ڵێم ئه‌وان هه‌نگاوێكی زۆر باشیان نابو، من خۆم قسه‌م له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌و به‌ڕێزانه‌ كرد، كه‌سیش بنه‌مای گفتوگۆكردن و حازربونی به‌لاوه‌ ره‌تكراوه‌ نه‌بو هه‌ر هه‌ندێكیان به‌ هۆكاری جیاجیا هه‌ڵوێستیان هه‌بو، مومكینه‌ هه‌ندێكیان كێشه‌ی فراكسیۆنه‌كان و خۆشیان هه‌بوبێت، به‌ڵام دواتر كه‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ كرا هیچ فه‌راغێك له‌وه‌دا دروستنه‌بو، چونكه‌ ئه‌وان هه‌ڵوێستی خۆیان به‌جوانی نیشانداو چاوەڕوانیشمان وایه‌ كه‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ و هه‌رچیه‌كیش له‌سه‌ر ئێمه‌ پێویست بێت كه‌ قسه‌شمان له‌گه‌ڵیاندا كرد پێمانوتن سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی هه‌رێم به‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ پاڵپشتی ئه‌و هه‌نگاوه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ ئێوه‌ خۆتان ده‌ستپێشخه‌ربونه ئه‌ویش ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و یاسایه‌ بوه‌ و ئه‌و یه‌كڕیزیه‌ بو.

به‌ڵام دیاره‌ ئه‌وان وایان به‌ باش زانی و مومكینه‌ یه‌ك هۆكار نه‌بێت، هه‌ر فراكسیۆنێك ره‌نگه‌ هۆكارێكی هه‌بێت، له‌دواجار رێز له‌ بۆچونی ئه‌وان ده‌گرین و گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی ده‌ستیان داوه‌تێ میلله‌تی كورد به‌ گشتی پێی دڵخۆشه‌ و له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌شدا دیسانه‌وه‌ ده‌ستخۆشیان لێكرا بۆ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یان هه‌یانبوه‌.

 بۆچی دۆخه‌كه‌ به‌م رۆژه‌ گه‌یشت، له‌كاتێكدا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێش هه‌ر كه‌سێك به‌یانێكی بۆ پشتیوانی كازمی ده‌ركرد، به‌ر له‌وه‌ی ببێته‌ سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراق؟

دڵشاد شه‌هاب: ده‌زانیت كێشه‌ی به‌ڕێز كازمی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن كوتله‌یه‌كی دیاریكراوه‌وه‌ پاڵپشتی نه‌كراوه‌ تاوه‌كو بڵێن ئه‌وه‌ کاندیدی ئه‌و كوتله‌یه‌یه‌، بەگشتی كه‌ كابینه‌ پێکدەهێنرێت ده‌كرێت دانوستان له‌ نێوان كوتله‌كان له‌سه‌ر ئه‌و كاندیده‌ی كه‌ هه‌یه‌ دەکرێت، عێراق بە بارودۆخێكی ناسروشتیدا تێپه‌ڕبو چه‌ندجارێكیش چه‌ند به‌ڕێزیشكیش پێشنیازكران و سه‌ركه‌وتنی تێدا به‌ده‌ستنه‌هات، بۆیه‌ به‌ڕێز كازمی خاوه‌نی هیچ كوتله‌یه‌كی په‌رله‌مانی نیه‌ ئه‌و شته‌ی كه‌ كازمی بینێرێت راسته‌وخۆش پشتگیری لێده‌كرێت، دوه‌م، ئێمه‌ هیچ په‌شیمان نین له‌وه‌ی كه‌ پشتگیری به‌ڕێز كازمیمان كرد و هیچ ئیعترازێك نه‌بوه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ده‌قه‌ی كه‌وا حكومه‌ت ناردویه‌تی بۆ په‌رله‌مان، ئه‌گه‌ر وه‌كو خۆی به‌ڕێوه‌بچوایه‌ هیچ كێشه‌یه‌ك له‌و ده‌قه‌دا نیه‌، كه‌واته‌ ئه‌وه‌ نه‌تیجه‌ی ناکۆکی ئێمه‌ نیه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێز كازمی، نه‌تیجه‌ی ئه‌و ده‌ستكاریه‌یه‌ كه‌ له‌په‌رله‌مان به‌سه‌ر یاساداكه‌ هاتوه‌.


ئێستا هه‌ندێك په‌رله‌مانتار ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر به‌بێ رێككه‌وتن كازمی هه‌ر بڕه‌ پاره‌یه‌ك بۆ هه‌رێم بنێرێت ئه‌وا كابینه‌كه‌ ده‌چێته‌ به‌ر ره‌حمه‌تی روخان، ئێوه‌ پێتان وانیه‌ كه‌ كازمیتان خستوه‌ته‌‌ دۆخێكی ئیراجه‌وه‌ كه‌ خۆتان پشتیوانیتان كردوه‌؟

دڵشاد شه‌هاب: ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ پێدەچێت بیروبۆچونی کەسی بن یاخود تۆزێكیش کاریگەریان له‌سه‌ر ده‌قه‌ یاساییه‌كه‌ كردبێت، ئێمه‌ ناچین به‌ به‌ڕێز كازمی بڵێین و داواكاریه‌كی ئیحراجی وای لێبكه‌ین كه‌وا ببێته‌ هۆی سه‌به‌بی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومه‌ت، ئێمه‌ ده‌ڵێین به‌پێی ده‌ستور كه‌ له‌سه‌روی هه‌مو یاساكانه‌وه‌یه‌ و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان خه‌ڵكی ئه‌م عێراقه‌ن و مافیان هه‌یه‌ و مافی ده‌ستوریان هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بچیته‌ ورده‌كاری ره‌نگه‌ هه‌ندێك شتی له‌م یاسایه‌دا ئه‌سڵه‌ن دژی بنه‌ماكانی مافی مرۆڤیش بن، چونكه‌ ته‌نانه‌ت ناكرێت كه‌سێك له‌سه‌ر سیاسی سزابدرێت به‌ قوتی، مه‌سه‌له‌کە شه‌خسێك نیه‌ و هه‌زاران خێزان ژیانیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌، خه‌ڵك چی گوناحێكیان هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت كێشه‌شی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی كوردستان و حزبه‌كانی كوردستان هه‌بێت، بۆیه‌ ئێمه‌ شتێك ده‌ڵێین كه‌ له‌ حكومه‌ت داواكرابێت كه‌ پشت ئه‌ستوریه‌كی ده‌ستوری هه‌بێت و له‌وێوه‌ داوای مافی خۆیمان ده‌كه‌ین، نه‌ك ئه‌وه‌ی داوای دەکەین بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌ت به‌هۆیه‌وه‌ توشی كێشه‌ی یاسایی ببێت، نه‌خێر هه‌رێمی كوردستان هیچ جۆره‌ داواكاریه‌كی نایاسایی و ناده‌ستوری له‌ حكومه‌ته‌كانی عێراق نه‌بوه‌.

ئێمه‌ پێمان باشیش نیه‌ هیچ دۆستێكی ئێمه‌ توشی هیچ گرفتێك یان ئیحراجیه‌كی سیاسی ببێت و داواكاریه‌كانی ئێمه‌ ده‌ستورین، به‌ڵام ئه‌وه‌یان نادروست و ئیحراجیه‌ ئه‌گه‌ری‌ بڕینی قوتی خه‌ڵكی كوردستان و موزایه‌ده‌ی ئینتیخابی كه‌ به‌حساب نزیكبوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر حسابی ئێمه‌ بیكه‌ن، كه‌وا كێ له‌گه‌ڵ كوردستان توندتربێت ئه‌وه‌یان زیاترعێراقچێتی و عه‌ره‌بچێتی نیشان بدات نابێت سیاسه‌تمه‌دارانی عێراق و به‌تایبه‌ت كازمی بچێته‌ژێر باری ئه‌و فشاره‌وه‌.


سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا وتی، نه‌وت راده‌ست ده‌كه‌ین، به‌ڵام له‌ یاسای قه‌رزدا هاتوه‌ بڕێك راده‌ست بكه‌ن، ئێوه‌ بۆ ناچن ئه‌و بڕه‌ بده‌ن، به‌مه‌ش هه‌م مه‌جالی مزایه‌ده‌ نایه‌ڵن هه‌م به‌هانه‌ی به‌غدا ده‌بڕن؟

دڵشاد شه‌هاب: له‌ هه‌مو قۆناغه‌كانی گفتوگۆكاندا من سه‌ره‌تا ئاماژه‌م پێكرد به‌ به‌ڵگه‌وه‌ له‌به‌رده‌ستن كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌بوه‌ هه‌مو ئه‌و ئیلتیزاماتانه‌ جێبه‌جێ بكات، ئه‌گه‌ر هه‌مو نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی سۆمۆوه‌ بفرۆشرێت یاخود به‌شێكی بفرۆشرێت، چونكه‌ هه‌ریه‌كه‌ و حسابێكی هه‌یه‌، بۆ هه‌مو ئه‌گه‌ره‌كان حكومه‌ت ئاماده‌یی خۆی پیشانداوه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێمه‌ هه‌مو داهات و هه‌مو نه‌وت راده‌ستبكه‌ین له‌ به‌رامبه‌ردا ئیلتیزاماتێك هه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ بڕه‌ پاره‌ موچه‌ی موچه‌خۆرانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌نده‌ش هی به‌ڕێوه‌بردنی وڵاته‌، خۆ ئه‌گه‌ر باسی دارایی ده‌كه‌ین، راسته‌ ئه‌وله‌یه‌تی یه‌كه‌م و كۆتایی هه‌ر موچه‌ی خه‌ڵكه‌ چونكه‌ ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ژیانی رۆژانه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام خۆ وڵات ته‌نها به‌ موچه‌ به‌ڕێوه‌ناچێت، ئه‌م وڵاته‌ خه‌سته‌خانه‌ و پاكوخاوێنی و پارێزگاری له‌ ئه‌منیه‌تی خه‌ڵك و پاراستنی نیزامی ده‌وێت، و ئه‌م وڵاته‌ خوێندنی بێبه‌رامبه‌ری تیایدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت و كۆمه‌ڵێك ئیلتیزاماتی تر له‌ئه‌ستۆی حكومه‌تن، كه‌ پێی ده‌ڵێن خه‌رجییه‌كانی به‌ڕێوه‌بردن و پێداویستی رۆژانه‌ی خه‌ڵكن. 
بۆیه‌ نه‌ بە رێژه‌یی و نه‌ به‌گشتی حكومه‌ت ئیعترازی له‌سه‌ر ئه‌وه‌نه‌بوه‌ كه‌ نه‌وت له‌ رێگه‌ی سۆمۆوه‌ بفرۆشرێت، بەڵام ئه‌گه‌ر هەمو بڕە نەوتەکە بێت ئیلیتزاماته‌كان بەجۆرێکن و ئەگەر بەشێک بێت بەجۆرێکی دیکەیە، ئه‌و ته‌ئكیدكردنه‌وه‌یه‌ نوێ نیه‌، ئه‌وه‌ چونه‌ ژێرباری یاسایه‌ك نیه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ ده‌رچوبێت له‌ هه‌مو قۆناغه‌كانی دانوستان ئەوە باسکراوە، بۆ بیرخستنه‌وه‌ی جه‌نابتان له‌دوای قۆناغه‌كانی بڕی بودجه‌ی كوردستانیشه‌وه‌ ئه‌وكاتیش له‌گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ به‌غدا ئاماده‌یی ئه‌وه‌مان هه‌بوه‌ چی ئه‌گه‌ر به‌شێك یان هه‌مو نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی سۆمۆوه‌ بفرۆشێت، به‌ڵام ده‌بێت له‌به‌رامبه‌ردا حكومه‌تی عێراق ئیلتیزاماتی به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵكی كوردستان جێبه‌جێ بكات.


کەواتا رێگری نیە لەوەی هەرێم رێککەوتن لەوبارەیەوە لەگەڵ بەغدا واژۆ بکات؟

دڵشاد شه‌هاب: ده‌مه‌وێت به‌رونی بڵێم شاندی حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پێشتریش جه‌نابی سه‌رۆك وه‌زیران باسیان کردوە، هه‌مو تاكێك له‌م وڵاته‌ دڵنیابێت كه‌وا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دامه‌زراوه‌ ده‌ستوری و یاسایی و سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌هیچ جۆرێك نابنه‌ رێگر له‌به‌رده‌م هیچ رێككه‌وتنێك و ته‌نها مه‌رجیش دابینكردنی شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت.


سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا وتی، تا كۆتایی ئه‌مساڵ له‌گه‌ڵ به‌غدا رێككه‌وتون، بۆچی پێش ئه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان دانه‌نیشتون كه‌ رێگه‌ چاره‌یه‌ك بدۆزنه‌وه‌ و مشورێكی ئه‌و پرسه‌ بخۆن بۆ ئه‌وه‌ی توشی ئه‌م دۆخه‌ نه‌بین؟

دڵشاد شه‌هاب: مشور خوراوه‌ و كۆبونه‌وه‌كان به‌رده‌وامبون و كۆتا كۆبونه‌وه‌ كه‌ له‌ نێوانی هه‌ردولادا كراوه‌ له‌مانگی 10داو نوسراوی فه‌رمی له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌رچوه‌ بۆ حكومه‌تی ئیتیحادی كه‌وا ئێمه‌ حازرین بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ته‌فاسیلی ئه‌م مه‌سه‌لانه‌ رێكبكه‌وین و حكومه‌ت ئاماده‌یی تیادا هه‌بوه‌ و ئاماده‌كاری كراوه‌ بۆ بودجه‌ی 2021 یان هه‌مو هه‌نگاوه‌كان حكومه‌ت ئاماده‌یی تیادا هه‌بوه‌ و له‌گه‌ڵیدا چوه‌ته‌ پێش، به‌ڵام به‌راستی ئه‌وه‌ی كه‌ وا رویداوه‌ نه‌له‌حساباتی ئێمه‌دا بوه‌ و نه‌له‌ حساباتی حكومه‌تی ئیتیحادیشدا بوه‌، ئه‌وانیش كه‌ ناردویانه‌ وایان ناردوه‌ كه‌ ئه‌م سێ مانگه‌ش هه‌روه‌كو سێ مانگی رابردو حكومه‌تی ئیتیحادی 320 ملیاره‌كه‌ی به‌غدا بنێرێت، چونكه‌ هەرێم خۆی شایسته‌ی هه‌رێم 320 ملیار نیه‌، حسابێك كراوه‌ كه‌وا ئه‌و به‌شه‌ نه‌وته‌ی كه‌ هه‌رێم ده‌یفرۆشێت له‌گه‌ڵ 320 ملیاره‌كه‌ شتێكه‌ بۆ دۆخی ئێستای عێراق شتێكی گونجاوه‌ و بۆ چه‌ند مانگێكه،‌ ئه‌گینا به‌هه‌ر رێژه‌یه‌ك سه‌یر بكرێت شایسته‌ی هه‌رێم زۆرله‌وه‌ زیاتره.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەمو قۆناغەکاندا ئامادەیی تەواوی هەبوە لەسەر سەرجەم پرسەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق رێکبکەوێت

ئێستاش به‌ داهاته‌ ئیتحادیه‌كان و پاره‌ی فرۆشتنی نه‌وت و ئه‌و پاره‌یه‌ی كه‌ به‌غدا بۆ ئێمه‌ی ده‌نێرێت کۆی گشتی كه‌متره‌ له‌ شایسته‌ی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام هه‌مو ئه‌و پرسانە به‌ رێککەوتنی کاتی به‌ڕێكران بۆ ئه‌وه‌ی گرێبەستێکی گشتگیر له‌چوارچێوه‌ی یاسای بودجه‌دا بێته‌ ئاراوه‌، هه‌تا ئه‌گه‌ر له‌ بیرتان بێت پێش ماوه‌یه‌ك گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرا كه‌ پلانێكی دو یان سێ ساڵی مناقه‌شه‌ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك بحه‌سێته‌وه‌ و هه‌میشه‌ له‌ هه‌بونی كێشه‌یه‌كی سیاسیدا و له‌ دڵه‌ڕاوكێدا نه‌بێت.


كه‌واتا ئه‌مه‌ پیلان له‌ په‌رله‌مانی عێراق بۆ كوردستان دانرا؟

دڵشاد شه‌هاب: ئەنجامەکەی هیچ نیه‌تێكی باشی تێدا نیه‌ خۆ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیش نه‌بوه‌، من له‌ ناو واقعه‌كه‌دا نه‌بوم تا بڵێم ئاماده‌كاری بۆ كراوه‌، له‌ ده‌رئه‌نجام و مامه‌ڵه‌كردن شێوازێكی ئه‌وه‌نده،‌ نه‌ك بڵێم نادۆستانه‌ بو، ناشمه‌وێت وشەی دوژمنكارانه‌ به‌كاربهێنم، به‌ڵام به‌راستی ره‌تكردنه‌وه‌ی هه‌مو بنه‌ماكان بو ته‌نانه‌ت ئینسانیه‌تی تیادا ره‌چاونه‌كرا، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ پێویست بو كاتێك كه‌ مناقه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد و بڕیاریشیان ده‌درا خه‌ڵكێك له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقییه‌ و كه‌ خه‌ریته‌ی كوردستان سه‌یر ده‌كه‌ن و هه‌رێمی كوردستان به‌شێكی لێ حسابده‌كه‌ن له‌ هه‌ولێر تا به‌سڕه‌ شیمال بۆ جبوب حساب بكه‌ن، ئینجا دابنیشن بڕیاربده‌ن به‌ هه‌مو ئه‌و پارێزگایانه‌ی خوارو و ناوه‌ڕاست دو موچه‌ پێكه‌وه‌ وه‌ربگرن به‌ كاملی، به‌ڵام به‌ هه‌رێمی كوردستانی ره‌وا نه‌بینن كه‌وا به‌و نسبه‌ته‌ كه‌مه‌ كه‌وا به‌ هه‌مو توانایه‌كی هه‌رێمه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ده‌وری 82%ی موچه‌ درا به‌خه‌ڵك، ئه‌ی باشه‌ ئه‌مه‌ ناوی چی لێبنێین؟.

ته‌نانه‌ت كه‌ یاسایه‌كیش ده‌رده‌چێت پێویست وابو ئه‌گه‌ر هه‌ر نیه‌ت باشییه‌كیان هه‌بوایه‌، ده‌بوایه‌ بیانوتایه‌ ئه‌م بڕیاره‌ موچه‌ی مانگی 10 ناگرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌ت هه‌م بیتوانیایه‌ ئه‌و بڕه‌ وه‌ربگرێت و هه‌میش گفتوگۆی بكردایه‌ تا رێككه‌وتن، له‌ هه‌مو حاڵه‌تێكدا كارێكی زۆر زۆر خراپ بو، كاریگه‌ری له‌سه‌ر پێكهاته‌ و مه‌سیجی وڵات به‌جێده‌هێڵێت، هه‌ر نیه‌تێكی له‌ پشته‌وه‌ بێت كه‌ هیچ نیه‌تێكی باشی له‌ پشته‌وه‌ نیه‌و هه‌مو نیه‌ته‌كان خراپن، ئێستاش ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی ئاقڵ و په‌رۆشی دۆخی عێراقیان تیایدا هه‌بێت ئه‌گه‌ر به‌ده‌نگ ئه‌م مه‌سه‌له‌وه‌ نه‌یه‌ن كاریگه‌ر پێكه‌وه‌ ژیان له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌جێده‌هێڵێت. 

 ئێمه‌ زانیومانه‌ نه‌ ئه‌مریكا و نه‌ بریتانیا نه‌هاتونه‌ته‌ خه‌ت، ته‌نها سه‌رۆك كۆمار و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌سه‌رخه‌تن، ئه‌گه‌ر هه‌رێم له‌سه‌ر حه‌قه‌ بۆچی ئه‌وان ده‌نگ ناكه‌ن؟

دڵشاد شه‌هاب: من ناتوانم له‌جیاتی ئه‌وان هیچ بڵێم به‌ڵام مه‌سه‌له‌كه‌ وه‌كو كات كاتی ماوه‌و ئه‌و‌ راستیانه‌ش پێده‌چێت هێشتا لایان روننه‌بوبێت و پێده‌چێت له‌م چه‌ند رۆژه‌ به‌تایبه‌ت له‌ دوێنێوه‌ كه‌ هه‌نگاو نراو حكومه‌ت یه‌كێك له‌و هه‌نگاوانه‌ی كه‌ ده‌ینێت ئه‌و حه‌قیقه‌تانه‌ بۆ ئه‌وانیش رونده‌كرێنه‌وه‌، وه‌كو چۆن له‌ په‌رله‌مانیش رونده‌كرێنه‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی خۆیان ده‌وه‌ستێت، به‌ڵام پێشبینی ئێمه‌ وایه‌ به‌تایبه‌ت بۆ نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان له‌ عێراق بێته‌سه‌ر خه‌ت و مومكینه‌ دۆسته‌كانی تریش ده‌ورێكی وه‌سه‌ت بگێرن و هێشتا زوه‌ بڵێین ئه‌وان هه‌ڵوێستیان نه‌بوه‌، چونكه‌ ئێستا ده‌سپێكی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌كید حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندیه‌كانی خۆی ده‌خاته‌ گه‌ڕ. 

بۆچی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا نیگه‌ران بو، له‌ چی نیگه‌ران بو، له‌ به‌شدارینه‌كردنی لایه‌نه‌كان، یان به‌یاننامه‌كه‌ی یه‌كێتی یان له‌چی نیه‌گه‌ران بو؟

دڵشاد شه‌هاب: هه‌مو ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی كه‌وا لایه‌كان هه‌یانبوه‌ به‌لای جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه‌ ئاسایی بون، چونكه‌ ئه‌وانه‌ رای خۆیان بوه‌ و پێمان باشبوه‌ شتێك بكرێت و ئه‌وان پێیان باشتربوه‌ به‌شكڵێكی تر بكرێت دواجار سه‌رۆكایه‌تییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ ئه‌ركی به‌رپرسیارێتی خۆیان هه‌ڵساون و وه‌هیچ نیگه‌رانیك له‌لای جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نه‌بوه‌ و پێمان خۆشتربو هه‌مومان له‌و مه‌جلیسه به‌ڕێزه‌‌ ئاماده‌بوینایه‌، به‌ڵام ئه‌و نیگه‌رانیانه‌ی كه‌ هه‌یبون هی ئه‌وه‌ن كه‌ زۆڵم له‌ خه‌ڵكی كوردستان كراوه‌ و سه‌رۆكی هه‌رێم بەدڵنیایی زۆر نیگه‌رانه‌ له‌وه‌ی ئه‌مڕۆ سه‌دان و هه‌زاران خانه‌واده‌ ده‌بوایه‌ ئیستحاقی خۆیان وه‌ربگرتایه‌ و حه‌قی ماڵ و مناڵی خۆیان وه‌ربگرن و بڕیارێك ببێته‌ سه‌به‌بی بێبه‌شكردنی هه‌زارانی خه‌ڵكی موچه‌خۆر له‌م وڵاته‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌یچۆن سه‌رۆكی هه‌رێم نیگه‌ران ناكات بەدڵنیایی نیگه‌رانی ده‌كات

ئەم چاوپێککەوتنە لەگەڵ خەنداندا ئەنجامدراوە

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق