هەفتەیەک مۆڵەت دەداتە تیکتۆک

ليست هناك تعليقات


ئەمریکا حەوت رۆژی دیکە مۆڵەت دەداتە کۆمپانیای بایتدانس بۆ ئەوەی بەرنامەی تیکتۆک بفرۆشێت بە ئەمریکا یاخود دڵنیایی بە واشنتن بدات کە بەرنامەکە دەست لە کاروباری ئاسایشی وڵاتەکە وەرنادات، بڕەوێنێتەوە.

نیگەرانییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کاتێک دەستی پێکرد کە پێیوابوو "تیکتۆک زانیارییە کەسییەکان بە چین دەدات"، بۆیە لە 14ی ئابی 2020 بڕیارێکی جێبەجێکاریی دەرکرد و تێیدا 90 رۆژ وەک وادە بۆ کۆمپانیای بایتدانسی چینی، خاوەن بەرنامەی تیکتۆک دانا تاوەکو چارەنووسی خۆی لە ئەمریکا یان بە فرۆشتن یان بە داخستنی دیاری بکات.

دوای تەواوبوونی ئەو وادەیەی سەرۆکی ئەمریکا دیاریکردبوو بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنانی ئەمریکا کە سەر بە وەزارەتی گەنجینەیە هەفتەیەک کاتی بۆ تیکتۆک درێژکردەوە بۆ ئەوەی بەرنامە چینییەکە خۆی یەکلایی بکاتەوە، 27ـی تشرینی دووەم ئەو وادەیەش کۆتاییدێت.

بەپێی خەمڵاندنەکان 100 ملیۆن بەکارهێنەری تیکتۆک لە ئەمریکان. دۆناڵد ترەمپ پێیوایە تیکتۆک هاوشێوەی هواوی بۆ مەبەستی "سیخووڕی لە وڵاتەکەی بەکاردێت و نوێنەرایەتیی بەرپرسانی چین دەکات". بۆیە چەندینجار رایگەیاندووە یان دەبێت تیکتۆک لە وڵاتەکەی قەدەخەبکرێت، یان کۆمپانیایەکی ئەمریکی بیکڕێت.

لەو بارەیەوە حکومەتی چین بەردەوام رەخنەی تووندی گرتووە لە بڕیارەکانی ترەمپ دژ بە تیکتۆک. ژائۆ لی جیان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە سەرەتای بڕیاری قەدەخەکردنی تیکتۆک رایگەیاند: "ئەو بڕیارە و بڕیارەکانی دیکەی ئەمریکا پێشانی دەدەن کە ئازادی و ئاسایش لە ئەمریکا هیچ نییە جگە لە بیانوویەک بۆ دیپلۆماسی هەڕەشە و شەڕی دیجیتاڵ کە لەلایەن هەندێ سیاسەتڤانی ئەمریکاوە بەکاردەهێنرێن. ئەم جۆرە زۆردارییانە پێشێلکاریی ئاشکرای بازاڕی ئازاد و رکابەری یەکسانە کە بەردەوام ئەمریکا شانازی پێوەدەکات."

تاوەکو ئێستا دیارنییە، هاوبەشبوونی ئۆراکڵ لەگەڵ تیکتۆک تەنیا لە ئەمریکایە یان لەگەڵ تەواوی تۆڕەکەیە لە سەرانسەری جیهان. هەر رێککەوتنێک لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان بکرێت، بەرێوەبەرایەتیی وەبەرهێنانی ئەمریکا دەتوانێت لێکۆڵینەوە لە رێککەوتنەکە بکات، سەرۆکی ئەمریکاش مافی ئەوەی هەیە رێککەوتنەکە پەسندبکات یان رەتیبکاتەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif