وادەی وازهێنانی خۆی لە سیاسەت ئاشكراكرد

ليست هناك تعليقات


لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی حکومەتی ئەڵمانیا، بڕیاردرا لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ دەستنیشانکردنی کەسێکی نوێ وەکو راوێژکاری ئەڵمانیا، بۆئەوەی ببێتە شوێنگرەوەی ئەنگێلا مێرکل.

ئەنگێلا مێرکل 15 ساڵە راوێژکاری ئەڵمانیایە و تاوەکو ئەیلوولی 2021، شازدە ساڵ لە ئۆفیسی راوێژکاریی حکومەتی ئەڵمانیا تەواودەکات.

ئەڵمانییەکان لە باسی مێرکلدا دەڵێن، ئەوکاتە مێرکل بوو بە راوێژکاری ئەڵمانیا هێشتا تۆڕی کۆمەڵایەتی یوتیوب نەبوو، بازاڕی مۆبایل لەلایەن نۆکیاوە داگیرکرابوو.

راوێژکاری ئەڵمانیا گوتوویەتی کە نایەوێت بۆ جاری پێنجەم خۆی بۆ ئەو پۆستە بەربژێر بکاتەوە و دەیەوێت دوای 16 ساڵ کۆتایی بە سەرکردایەتیکردنی گەورەترین هێزی ئابووریی ئەوروپی بهێنێت.

مارتینا فیتز، گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوە کرد، جێهێشتنی مێرکل و وازهێنانی لە سیاسەت بۆ ئەڵمانیا شتێکی تازە دەبێت و ئەو وڵاتە دەچێتە قۆناخێکی سیاسیی نوێوە.

گوتەبێژەکەی حکومەتی ئەڵمانیا ئاشکرایکردووە، ئەندامانی کابینەی حکومەت رازیبوون لەسەر دەستنیشانکردنی 21ی ئەیلوولی 2021 بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی و ئێستا بووەتە پێشنیازێک و دەخرێتە بەردەم فرانک ڤاڵتەر شتاینمایەر بۆئەوەی پەسندی بکات.

پارتەکەی مێرکل کە ناوی پارتی یەکێتیی مەسیحیی دیموکراتە، هێشتا هیوایان بەوەیە ببنە براوەی هەڵبژاردن، بەڵام دەبێت لە کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوودا لە هەڵبژاردنی ناوخۆییدا سەرکردەی نوێی پارتەکە دیاریبکەن.

ئارمین لاشێت، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی نۆرت راین ڤێستڤاڵن، یەکێکە لەوانەی ئەگەری هەیە وەکو سەرکردەی پارتەکە دەستنیشان بکرێت، بەڵام هەریەکە لە فریریش مێرتز، پاریزەر و نۆربێرت رۆتگن، شارەزای کاروباری دەرەوە کێبڕکێی دەکەن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif