پاراستنی منداڵ لە دەسترێژی سێکسی

ليست هناك تعليقات


کوردە باپیر
-
دیاردەیەکی باو و تاڕادەیەک شاراوە لە نێو کۆمەڵگای کوردی و بگرە جیھاندا بڵاوە ئەویش دەستدرێژی سێکسیە بۆ سەر منداڵ،گرنگە ھەر یەکێک لە ئێمە بەرپرسیاربین بەرامبەر بە پاراستنی منداڵ و بیپارێزین لە ھەراسانکردن و دەستدرێژی سێکسی بۆسەری ،

سەرەتا ئەگەر ناساندنێک بۆ ھەراسانکردنی سێکسی منداڵ بکەین بریتیە لە بەکارھێنانی منداڵ بۆ تێرکردنی حەزی سێکسی کەسێکی پێگەیشتوو یان ھەرزەکار کە جیاوازی تەمەنیان لە پێنج ساڵ زیاتر بێت یاخود لە نێوان دوو ھەرزەکاردا ، ھەراسانکردنی سێکسی چەمکێکی فراوانترە لەوەی ھەر بریتیبێت لە لاقەکەدن یان دەستدرێژی سێکسی ، ھەر چالاکیەک، ڕەفتارێک، وێنەیەکی سێکسی یان پیشاندانی ئەندامی زاوزێ یان داکەندنی جل و بەرگی منداڵەکە، ووتەی نەشیاو و دەستلێدان و دەستبازی دەگرێتەوە .

ھاوسەرگیری منداڵیش یەکێکە لەباوترین جۆرەکانی توندوتیژی .

لەگرنگترین ھۆکارەکان بۆ ڕوودانی استغلالکردنی سێکسی منداڵ بریتیە لە

- نەزانینی منداڵ و نەشارەزایی دەربارەی بابەتەکە ، کە کۆمەڵێک عادات و تەقالید ھەن کە بەشتێکی باشی نازانن منداڵ شارەزایی ھەبێت دەربارەی بابەتە سێکسیەکان ، زۆرجاران خێزان خۆیان دەدزنەوە لەوەڵامی ئەو جۆرە پرسیارانە ...

- لایەنی ئابوورییش کاریگەری زۆری ھەیە ، استغلالکردنی سێکسی پەیوەست نیەبە کۆمەڵگایەک یان چینێکی دیاریکاراو لەھەموو کۆمەڵگاکاندا بوونی ھەیە ، ڕێژەکە بەرزدەبێتەوەو ئەگەر ئابووری ئەو کۆمەڵگایە دابڕوخێت و بێکاریش زەویەکی بەپیت دەڕەخسێنێت بۆ دەستدرێژی سێکسی ، ئەمە جگە لەوەی ھەژاری ھۆکارێکە بۆ استغلالکردن بەھەموو جۆرێک.

- خێزانیش ھۆکارێکی گرنگە ، ئەگەر ئەرکەکانی لەبواری گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیدا بەدروستی جێبەجێ نەکات ،

- تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کە لەھەموو ماڵێک بەئاسانی بەردەستن و وێنە و فیلم و.. کەمنداڵ لاساییان دەکاتەوە .

- کەمتەرخەمی خوێندنگا لە پەروەردەی سێکسی ،کە بەتەواوەتی ئەم بابەتەی فەرامۆشکراوە . وە گەلێک ھۆکاری دیکەش.

دەتوانین بڵێین زۆرینەی ئەو دەستدرێژیانەی ئەنجامدەدرێت لەلایەن کەسانی نزیک و متمانە پێکراوەوەن ، کە بەشێکی ھەرەزۆریان کاریگەری سلبی لەسەر منداڵەکە جێدەھێڵن ، کاریگەریەکانیش بەپێی جۆری دەستدرێژیەکە دەگۆڕێت کە ئەگەر توندوتیژی لەگەڵ بەکارھاتبێت کاریگەری زیاترە ، یاخود ماوەی دەستدرێژیکردنکە کە ئەگەر ماوەیەکی دوورو درێژ بەردەوام بێت کاریگەری زیاتر دەبێت ،

یاخود نزیکی دەستدرێژیکارەکەو تەمەنی قوربانیەکە

وای لێ دەکات متمانەی بەخۆی نەمێنێت و ھەست بەتاوان و کەمی دەکات ھەندێ جار بیر لە خۆکوشتن دەکاتەوە ,

ئەمە جگە لە کاریگەریە درێژخایەنەکانی کە خۆی دەبینێتەوە لە کێشەی سۆزداری و دەروونی و خەمۆکی و شەڕەنگێزی وە توانای خۆگونجاندنی کۆمەڵایەتی لاواز دەبێت یاخود ئاست نزمی لە خوێندن و ئەگەر یارمەتی نەدرێت لە داھاتوو کێشەی بۆ دروست دەبێت لە ژیانی ھاوسەرو منداڵەکانی خۆشی .

گرنگە ھەریەکەمان کە دایک یان باوکین ، یان لەشوێنی کار و گەڕەکەکەمان بۆ خزمان و ھاوڕێیانمان کە ھۆشیاریەکمان ھەبێت سەبارەت بەم بابەتەو بەشداربین لە پاراستنی منداڵ لە دەستدرێژی سێکسی ،

گرنگە ئەگەر ئەم نیشانە یان شوێنەوارانەمان بینی ھاوکاریان بکەی ، لە گرنگترین نیشانەکان ئەگەر منداڵێک دەستدرێژی سێکسی بەرامبەر کرابێت بریتیە لە:

— ڕەفتاری سەرنجڕاکێشی سێکسی و زانیاری پێشکەوتو کەلەتەمەنی منداڵەکە گەورەتر و پێشکەتوترە، یاخود لەکاتی یاریکردن ڕەفتارەکان دووبارە دەکاتەوە لەگەڵ ھاوئاستەکانی خۆی.

— ترسی منداڵەکە لە ئازار گەیشتن بە کۆئەندامی زاووزێی یان نیشانەکان لە جەستەو ڕووخساری ڕەنگی داوەتەوە .

— تێکچوونی خەوو خواردن و لەپڕ گۆشەگیر بوون یان شەڕەنگێز و توندوتیژ .

— زۆر دووبارە بوونەوەی خۆشتن لە ھەرزەکاراندا .

— ترسێکی زیاد لە پێویست بەرامبەر بە دۆخێک یان کەسێک کە ئەو ترسە زۆرە ناخوازێت .

— لەڕێگەی وێنەکێشانی منداڵەکەشەوە دەتوانی درک بە دۆخێکی نەخوازراو بکەین ...

گرنگە کاتێک زانیمان منداڵەکەمان دەستدرێژی کراوەتە سەر ، سەرەتا ھێمنی خۆمان بپارێزین و گوێگرێکی باشبین بۆ منداڵەکە و ھێوری بکەینەوە و دوور بکەوینەو لە تۆمەربارکردن و تانەدان و لێدان و بە کەتنکەر سەیرکردنی چونکە منداڵە و قوربانیە ، ڕەنگە بەشێکی لە نائاگایی خۆمانەوە بێت کە وەکو پێویست ئاگادار نەبووین و متمانەمان بەکەسانێک کردووە کە لە بنەڕەتدا ھیچ جێگەی متمانە نەبوون ،

بۆیە گرنگە بەلامەوە کەدایک و باوک ھەر لەمنداڵیەوە گرنگی بە ھۆشیاری و ڕۆشنبیری سێکسی بدەن بۆ منداڵەکانیان بەپێی قۆناغەکانی گەشەی منداڵ ، دەبێت کرداری ڕۆشنبیری لەگەڵ تەمەنی منداڵەکە گونجاو بێت ، ئەگەر منداڵ باس و پرسیارێکی سێکسی کرد یەکسەر بابەتەکە مەگۆڕە و بە عەیبە ناوزەندی مەکە بە دەرفەتی بزانە بۆ باسکردنی بابەتەکە کە گونجاو بێت لەگەڵ تەمەنی .

— 2-5 ساڵ دەبێت دوو شت بزانێت

یەکەم ، دەستلێدانی ئاسایی چیە و دەستلێدانی نائاسایی چیە.

دووەم ، تایبەتمەندی ئەندامانی لەشی بکات و جیاوازیان بکات .

— 6-12 ساڵ شێوازی ڕۆشنبیرکردنیان پێشکەوتوترە ، چونکە زانستیانە و ساڵ بە ساڵ باسی گۆڕانکاریەکانی بۆ بکرێت .

—13-18 ساڵ قۆناغی ھەرزەکاریی پێگەیشتووە کە دەبێت قبوڵکراوو قبوڵنەکراوی کۆمەڵایەتی فێربکرێت و باسی پەیوەندی قوڵی مرۆیی نێوان ھەردوو ڕەگەز و تێگەیشتنیان بۆ یەکتر ، وە فێری گوتنی نەخێر لە حاڵەتی نائاسایدا بکرێت و بەھێزکردنی گەشەی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی ھاوڕێیەتی ڕاستەقینە و متمانە بەخۆبوون بکرێت.






ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif