قەیرانی سیاسی لە عێراق بەڕێوەیە، ئێمە چی بکەین؟

ليست هناك تعليقات


موحەمەد ڕەوف
 -
بەڕێزان لەم قۆناغە ھەستیارەدا دەبێت ھەموومان بە زیهنییەتی (ئێمە چی بکەین؟) بیربکەینەوە، چونکە قەیران و ئاسەوارەکانی بۆ ھەموومانە، من بۆ حیزبێک یان دەسەڵات یان ئۆپۆزیسیۆن نانووسم و ناڵێم، بەڵکو بۆ خەڵک و ھەمووان دەنووسم و پێشبینی و زانیاری و شرۆڤەکان دەخەمەڕوو، ھەروا لێم وەرگرن.

لەم چەند مانگەی (بە حساب) دانراوە بۆ ھەڵبژاردنی عێراق و عێراقێکی جیاواز، زۆر روونە کە ئەم ماوەیە، بریتییە لە ماوەی نەپەرژانی ئەمریکا و نەکەوتنە سەرپێی سیاسەتی نوێی پاش ترەمپ و سەرقاڵبوونی بایدن و ستافەکەی و حیزبەکەی بە سەقامگیریی ناوخۆی ئەمریکا و کۆنترۆڵکردنی کۆرۆنا و چاککردنەوەی ھەلەکانی ترەمپ و رێکخستنەوەی ئەو پەیوەندییانەی کە ناگونجێن لەگەڵ سیاسەتی دیموکراتەکان.

لەم ھەل و مەرج و ساتەوەختەدا کۆمەڵێک دەوڵەتی گەورە و ناوچەیی دەستدەکەنەوە بە جێبەجێکردنی ھەندێک لە سیاسەتە سیاسی و ئەمنی و ئابووری و دەستێوەردانەکانی پێشتری خۆیان لەسەر ئاستی جیهانی و ناوچەیی و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی، ئێستا فۆکەسی مەبەستی من لەسەر عێراق و ئێرانە.

ئێران دێتەوە سەرخەت و جووڵە دەکاتەوە بەو ھێز و سەرکردانەی پێشتر لە دەسەڵاتدا بوون، وەکو مالیکی و عامری و ھێڵی گەرمیش دەکاتەوە لەگەڵ بەشێک لە سووننەکان و ئەگەر لە کوردیش دەستیکەوێت دەیخاتە ریزەوە، دەبێت لەوە دڵنیابین نە ئێران ئەم چەند مانگە لەدەستدەدات و نە سەرکردە شیعەکانیش لەدەستی دەدەن، بۆیە پێموایە ئەو جووڵەیەی لە بەغدا دەستیپێکردووە بەردەوام دەبێت بۆ یەکێک لەم ئامانجانەی خوارەوە:

ھەڵوەشاندنەوەی وادەی ھەڵبژاردن، یان دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیران یان رێککەوتن بەو شێوەی لە قازانج و مانەوە و دەسەڵاتی ھێز و سەرکردە شیعە سیاسییەکان بێت، بۆئەوەی ئەم کارە بە ئاسانی بڕواتە پێش، فشار دەکەن بۆ لابردن و دەستلەکارکێشانەوەی ھەردوو سەرۆکایەتییەکەی دیکەش و ناوی پاڵێوراوی نوێش دەخەنە بازاڕەوە تاوەکو سووننە و کورد بەرگری لە کازمی و حەلبووسی و ھەڵبژاردن نەکەن.

بەڕێزان لەم جەنجاڵ و ترافیکە سیاسی و دیپلۆماسییەدا نابێت کورد ھەموو ھێلکەکانی بخاتە سەبەتە و زەمیلەی یەک لایەنی ناوخۆیی یان ھەرێمایەتییەوە، بەڵکو دەبێت دڵنیابین لەوەی عێراقی ئەمڕۆ و ئایندەی تاڕاددەیەک دووریش نە دەبێتە دیموکراسی و نە دەبێتەوە دەوڵەتی مەرکەزی، چونکە شیرازەی ئەم دەوڵەتە وا بچڕاو و ھەڵوەشاوە، ھەرگیز یەکناگرێتەوە، دەبێت ھەر پێکهاتەیەک بە لۆژیکێکی واقیعی خەمی ئایندەی خۆی بخوات.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif