گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵکرد

ليست هناك تعليقات


 
ئیدارەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە ئەمریکا، جۆ بایدن وەکو براوەی هەڵبژاردنەکەی سێی ئەم مانگە ناساند، ترەمپیش سەرەڕای هاوئاهەنگی بۆ دەستپێکردنی قۆناخی گواستنەوە, بەڵام سوورە لەسەر بەدواداچوون بۆ ئەنجامی هەڵبژاردن.

راگەیێندراوەکەی ئیدارەی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی ئەمریکا رێگە لەبەردەم جۆ بایدن براوەی هەڵبژاردن خۆش دەکات دەست بە قۆناخی گواستنەوەی دەسەڵات بکات.

ئێمیڵی مێرفی، سەرۆکی ئیدارەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە نامەکەیدا بۆ جۆ بایدن دەڵێت: "تکایە ئەوە بزانن من سەربەخۆیانە و دوای بەدواداچوونی یاسایی و راستییەکان گەیشتوومەتە ئەو بڕیارە، قەت راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ گوشاری هیچ دامەزراوەیەکم لەسەر نەبووە، لە نێویاندا ئەو دامەزراوانەی سەر بە کۆشکی سپین."

تیمی بایدن پێشوازییان لە نامەکەی سەرۆکی ئیدارەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان کرد و دەڵێن: "بڕیارەکەی ئەمڕۆ هەنگاوێکی پێویستە بۆ چارەسەری ئاستەنگەکانی بەردەم گەلی ئەمریکا، لە نێویاندا کۆنتڕۆڵکردنی پەتای کۆرۆنا و بووژاندنەوەی ئابووری."

راستەوخۆ دوای بڕیارەکە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە توویتێکدا رایگەیاند: "کەیسەکەمان بەهێزەوە بەردەوامە و بەردەوامیش دەبین لە هەوڵەکانمان و سەرکەوتووش دەبین لە پێناو بەرژەوەندیی وڵاتدا، ئێمیڵی و تیمەکەی هەنگاوی پێویستی سەرەتاییان هەڵگرتووە، منیش هەمان شتم بە تیمەکەی خۆم گوتووە."

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا داوای لە ئیمیلی مێرفی، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری گشتیی ئیدارەی سەرۆکایەتی کردووە کە هەموو کارێکی پێویست بکەن بۆ ئاسانکاری لە پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات.

ئەوە دەبێتە یەکەم هەڵوێستی ترەمپ لەبارەی گواستنەوەی دەسەڵات، چونکە پێشتر چەند جارێک رایگەیاندبوو کە لە ئەگەری رازی نەبوون بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، دەسەڵاتەکانی رادەست ناکات.

لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا، دۆناڵد ترەمپ ئاماژە بەوە دەدات کە ئیمیلی "هەڕەشە و سووکایەتی" پێکراوە، سەرۆکی ئەمریکاش نایەوێت کەسی دیکە لە ئیدارەکەی رووبەڕووی "هەڕەشە و سووکایەتی" ببنەوە، بۆیە داوا لە ئەندامانی ئیدارەکەی دەکات کە لە قازانجی وڵاتەکەیانە بیکەن.

ئەوە لەکاتێکدایە شەوی رابردوو تیمی هەڵبژاردنەکانی ویلایەتی میشیگن بە فەرمی سەرکەوتنی جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکانی راگەیاند و بایدن هەنگاوێکی دیکە لە بوونە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا نزیک بووەوە

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif