نێردەی تایبهتی نەتەوەیەکگرتوەکان لهعێراق داوا دهكات كه بابهتی موچەی فەرمانبەرانی ههرێمی كوردستان نابی بکەوێته ناو کێشەو ناکۆکییە سیاسیەکانەوە. ئهو دهڵێت، تا ھەولێرو بەغدا چارەسەرێکی ریشەیی نەدۆزنەوە پەیوەندییەکانیان لەوەی ئیستا ھەیە باشتر نابێت.
لەکۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا جێنین ھێنس پلاسخارت، نێردەی تایبهتی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ عێراق رایگەیاند، نابێت موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان تێکەڵی کێشە سیاسیەکان بکرێت، دەبێت بەزوترینکات ئەو بابەتە چارەسەر بکرێت.
وتیشی، "ئهگهر بەڕونی بڵێم، فەرمانبەرانی ھەرێم تەنھا فەرمانبەری حکومەتی ھەرێم نین، بەڵکو ئەوانیش ھاوڵاتی عێراقینو موچەی فەرمانبەرانیش نابی بکەوێته ناو کێشەو ناکۆکییە سیاسیەکانەوە. دەبێ بەزویی چارسەری بۆ بدۆزرێتەوە. وەك پێشریش باسم کرد، پەیوەندی نێوان ھەولێرو بەغدا لەکێشەدایە، ئەویش بەھۆی نەبونی رێبەریەکی دەستوری رونو راشکاو، ئەم نارونیەش بەداخەوە بووەتە کێشەو گرفت... تا ھەولێرو بەغدا چارەسەرێکی ریشەیی نەدۆزنەوە پەیوەندییەکانیان لەوەی ئیستا ھەیە باشتر نابێت".
پلاسخارت ڕاشیگهیاند، "لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغداو ھەولێر، ھەمومان لەسەر ئەوە کۆکین کە ھەبونی پەیوەندییەکی ئەرێنیو بنیادنەر لەنێوان حکومەتی فێدراڵو حکومەتی ھەرێمی کوردستان کلیلی سەقامگیرییە بۆ ھەمو عێراق".
ناوبراو باسی لهپهسهندكردنی یاسای پڕكردنهوهی كورتهێنانی دارایی كرد لهلایهن پهرلهمانی عێراقهوه بهبێ نوێنهرانی كوردو وتی، "ھەرچەندە لەدەنگدانەکەی ئەم دواییەی پەرلەمانی عێراق بۆ وەرگرتنی قەرز سەلماندی کە پەیوەندی نێوان ههولێرو بهغدا چەندە پەیوەندییەکی ئاڵۆزو لەھەمانگاتدا سستە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە چاومان لەوەیە ھەردولا زۆر شەفافو بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن لەھەمو بوارەکاندا".
نێردەی تایبهتی نەتەوەیەکگرتوەکان لهعێراق ئهوهشی وت، "لە 15 ساڵی رابردودا ھەمو دەرفەتەکان بۆ گەیشتن بەرێکەوتنێکی گونجاو لەکیس چون. بەڵام ئێستا دەبێ بەزویی رێکەوتن لەسەر ئەوە بکرێت، کە سیستمی فێدراڵی چۆنەو چۆن کاری پێدەکرێتو پیش بخرێت. راستیەکەش ئەوەیە تا چارەسەرێکی ریشەیی نەدۆزرێتەوە، پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێرو بەغدا لەمەی کە ھەیە باشتر نابن".
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق