وەزیری پێشمەرگە: هاوکارییەکانی ئەمریکا سوودی زۆری بۆ پێشمەرگە هەبووە

ليست هناك تعليقات


لە چوارچێوەی رێورەسمی پڕچەككردن و یەكگرتنەوەی دوو لیوای پێشمەرگە، وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند، بەیەكریزی، پێكەوە كاركردن و بەردەوامیدان بە پڕۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە پاڵپشتی و پشتگیریكردنمان زیاتر و بەردەوام دەبن، بۆیە هەنگاوەكانمان لە پڕۆسەی ریفۆڕمی سەربازی بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، هێزەکانی ئەمریکا هەردوو لیوای 14 و 16ی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیان پڕچەککرد، پڕچەککردنی ئەو دوو لیوایە لە چوارچێوەی پرۆژەیەکە بەناوی "پێشمەرگە لە ئایندەدا"

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان كە لە مەراسیمەكە ئامادە بوو گوتارێكی پێشكەشکرد و رایگەیاند: "ئەمڕۆ دۆستایەتی نێوان كورد و ئەمریكا لەرووی هاوكارییە سەربازییەكانەوە دەچێتە قۆناخێكی بەهێزتر، هاوكاری سەربازی ئەمریكی بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان سوودێكی سەربازی گرنگی هەبووە و هەیە بە ئاراستەی پڕچەككردنی هێزی پێشمەرگە."

هەروەها وەزیری پێشمەرگە گوتی: "هاوكاریە سەربازی و لۆجستیەكانی سوپای ئەمریكا بۆ هێزی پێشمەرگە كە خۆی لە چەندین كەلوپەلی سەردەم دەبینێتەوە بریتیە لە زرێپۆش و كەلوپەلی سەربازی بە ستاندەری سەربازیی سەردەم، ئەمەش دەبێتە دەرفەتێكی دیكەی گرنگ بۆ بەهێزبوونی هێزەكانمان لەرووی لۆجستیەوە."

بەگوتەی وەزیری پێشمەرگە، هێزی پێشمەرگە پەیوەندییەكی باش و پتەو و بەردەوامی لەگەڵ حكومەتی عێراق، وەزارەتی بەرگری و سوپای عێراق هەیە و دەڵێت "ئێمە وەكو حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە كار بۆ باشتركردنی دەكەین."

وەزیری پێشمەرگەی كوردستان باسی لەوەشكرد كە داعش خەریكی خۆڕێكخستنەوەیە و دەڵێت "هەست بە مەترسییەكانی داعش و بەهێزبوونەوەیان دەكەین و لە هەندێك ناوچە جموجوڵیان هەیە و كردەوەی تیرۆریستیش دەکەن، وەكو هێزی پێشمەرگە هەنگاوی جیدیمان ناوە بۆ باشتر رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێكی لە ناكاو و كاریش بۆ هەر ئەگەرێكی نەخوازراو دەكەین".

مەرجی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ یارمەتیدان و پڕچەککردنی هێزەکانی پێشمەرگە، چاکسازییە لە هێزەکانی پێشمەرگە

سەربەست لەزگین، بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە سەبارەت بە چاکسازییەکان لە هێزەکانی پێشمەرگە بە (تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "چەند هەنگاوێک لە بەرنامەی چاكسازی جێبەجێكراون، لە دوو ساڵی رابردووش سیستمی یەكخستنی لیواكان لە 4 بەتالیۆنەوە كراوەتە 3 بەتالیۆن، ئەوانەشی زیاد بوون خەریكین رێكیاندەخەینەوە".

بەگوتەی سەربەست لەزگین، پڕۆسەی چاكسازی لە نێو وەزارەتی پێشمەرگە بەباشی بەڕێوەدەچێت دەڵێت: "لە بواری ژمێریاریش هەنگاوی گرنگ نراوە، ئامادەكاریكراوە كە ئەو بودجە و مووچە و میزانیەی بە هێزی پێشمەرگە دەدرێ لەرێگەی وەزارەتی پێشمەرگە بەپێی رێنمایی و چاودێری دارایی بەڕێوەبچێت".

وەزارەتی پێشمەرگە لە پێنج بوار چاكسازی دەستپێكردووە، بۆ ئەو مەبەستەش پێنج لیژنە پێكھاتون و بەردەوام كاری تێدا دەكەن. ئەوانیش رێكخستنەوەی ھێزەكانی پێشمەرگە و یەكەی پاسەوانی، ھەموو پاسەوانەكان رێكدەخرێنەوە، ھەموو ھێزی پێشمەرگە لە یەك یەكەی ژمێریاری موچە وەردەگرێت، هەروەها پێداچونەوەی بە دۆسیەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و خانەنشینانی پێشمەرگەدا دەكرێت و بەپێی یاسای چاكسازی رێكدەخرێن.

پێشتر لیوا بابەكر فەقێ ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە بە رووداوی گوتبوو: "ئەمریكا پێداویستیی سەربازی و لۆجستی بۆ ١٢ لیوای نوێی ھێزی پێشمەرگە دابین دەكات، ئەوەش دوای یەكخستنەوەی ئەو ھێزانە لە چوارچێوەی لیواكانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق