پینەی تۆپی لاستیکە نەک زیاتر!

ليست هناك تعليقات


 ڕەزوان یاڵانپێی
خوێندکاری دکتۆرای مێژوو
-
بڕیارەکانی حکومەت بە گشتی و بەتایبەت لە سەر ڕەوشی خوێندن ڕاست وەک پینەی تۆپی لاستیکە لە لایەن منداڵانەوە، جاران کە ژیان سادە و خەڵکیش هەژار بوو، لە گوندێک، یا کەمپێک، یا گەڕەک و کۆڵانی شارێک، منداڵان کۆدەبونەوە و کایەیان دەکرد، هەبوو تۆپێکی لاستیکی ناسک ، لە گەڵ ساحەیەکی پڕ لە خۆڵ و دڕک و زیخ.

بە تەواوی منداڵانی گوند و کۆڵانەوە جا دەتوانرا پارەی ئەو تۆپە کۆ بکرێتەوە، یاری دەستی پێ دەکرد، جاری وا هەبو لە گەڵ یەکەم شوتدا دەتەقی، یا خود دڕکێک یا زیخێکی پێدا دەچوو، منداڵانیش دەستەوسان دەمانەوە و سەیری یەکتریان دەکرد، بەهەمویانەوە ئاگرێکیان دەکردەوە و پارچە لاستێکێکی تریان دەهێنا و گەرمیان دەکرد و جێ تەقینەکەیان پینە دەکرد، یاری دەستی پێ دەکردەوە، زۆری نەدەخایاند تۆپەکە لە دو و سێ لای ترەوە کونی تێ دەبوو، ناچار هەریەکە و بۆ ماڵی خۆی ڕای دەکردەوە.

بڕیاری دواخستن و داخستنی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکان بە هیچ شێوازێک چارەسەری بنبڕی پەتای کۆرۆنا نیە، ناکرێت بە بڕیارێکی سەرپێی قوفڵ لە تەواوی فێرگەکان بدرێت و تەواوی خوێندکار بدەیتە دەست چارەنوسێکی نادیار، لای هیچ وڵات و پزیشک و کەسێک ڕوون نیە ئەم پەتایە کەی کۆتایی دێت، لەوەیە سبەی و لەوانەشە بۆ چەند ساڵێک درێژە بکێشێت، دەبێت بڕیارێکی عەقڵانی و زانستی و تەندروستیانە بدرێت.

سیستمی ئەلیکترۆنی و خوێندنی ئۆنلاین لە زۆربەی وڵاتە پێشکەوتوەکانیشدا زەحمەت و سەختە، چ جای لە هەرێمێکی دواکەوتوی وەک هەرێمی کوردستان، کە نە بەکارهێنانی ئەنتەرنێت و تۆڕی هەوایی کوالێتی باشە، نە مامۆستا و خوێندکاریش هێندە فێرکراون لە تەواوی سیستم و بەرنامەکاندا شارەزاییان هەیە، ئەویش بەشێکی بۆ ئەو سیستمە نالۆجیکیە دەگەڕێتەوە کە هەر دو حزب لە پێناو بەدەست هێنانی دەنگێکی زیاتر و کورسیەکی زیاتر بە هەزارەها نەخوێندەواریان فڕێدایە نێو قوتابخانە و زانکۆکان بە قەبوڵ خاص دەرچون و ئێستا بەڕێوەبەر و سەرپەرەشتیار و ڕاگر و بەرپرسن.

چارەسەری خوێندن زۆر بە ئاسانی دەکرێت، بەڵام حکومەت لە خەمی خوێندن و خوێندکار و مامۆستادا نیە، فێرگەکان وەک بازاڕ و یاریگا و مەلەوانگەی داخراو و مزگەوت و شوێنە گشتیەکانە، بۆچی ئەوان دەکرێنەوە، بەڵام دەرگای قوتابخانە لە سەر خوێندکار دادەخرێت، نەخێر حکومەت بە هیچ شێوازێک نایەوێت کێشەکان چارەسەر بکات.

ناتوانێت مانگانە شایستە داراییەکانی مامۆستا دابین بکات و خەرج بکات دێت قوتابخانەکان دادەخات، ئێوە لە خەمی مامۆستا و خوێندکاردا نین، دەتانەوێت ڕەوشی خوێندن لە هەرێم پەکی کەوێت، وەگەر نا بە جێ بەجێ کردنی ڕێنمایی تەندروستی و بەستنی ماسک و تەعقیم کردنی شوێنەکان ڕەوشەکە زۆر بە ئاسانی بەڕێوە بچێت.

بڕیار دراوە تا ١/١٢/٢٠٢٠ جارێکی دی خوێندن لە تەواوی کوردستان رابگێرێت، لەحاڵەتی زۆرتر و زیاتر بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا چ چارەسەر و بڕیارێکی دیکەتان پێیە، ناکرێت زو زو پینەی تۆپێکی دڕاو و بێ کەڵک بک.







ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif