ژنە ئێرانییەکان؛ سوپرایزی هەڵبژاردنەکانی 2020 ئەمریکا‌

ليست هناك تعليقات



ساڵ ساڵی ژنان بوو لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکادا، کاندیدە ژنەکان تا جێگری سەرۆکی ئەمریکا رۆشتن، بەڵام ژنانی بەڕەگەز ئێرانی لەم هەڵبژاردنەدا شۆکی هەڵبژاردنەکان بوون. هەر لە کاندیدی کۆنگرێسی ئەمریکاوە بیگرە تاوەکو ئاستی ویلایەت و ناوچەکان سەرکەوتنیان بەدەست هێنا. خۆیان و خێزانەکانیان لە ترسی ژیانیان یان بۆ بەدەست هێنانی ژیانێکی باشتر ڕویان لە ئەمریکا کرد، لەم وڵاتەدا ڕێزیان لێگیرا و بە نوێنەری خەڵک هەڵبژێردران.

ستێڤانی بایس، نوێنەری هەڵبژێردراوی کۆنگرێس لە ناوچەی پێنجی ئۆکلاهۆما
ئەگەرچی لە ژیاننامە فەرمییەکەیدا ئاماژە بە ئێرانیبوونی ناکرێت، بەڵام ستێڤەنی باوکێکی ئێرانی هەیە. یەکەمین ئەمریکی بەڕەگەز ئێرانیە چووبێتە یەکێک لە دوو ئەنجومەنی یاسادادن و ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا.

خاتوو بایس، کۆمارییەکی پارێزگارە و توانی کورسیەکی سەربە حزبی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بەدەست دهێنێت.
کەمپینەکەی لەلایەن کەسایتیە دیارەکانی کۆماریەکانەوە پشتگیرکرا وەک ترەمپ و نیکی هەیڵی، جگە لەوەش لەلایەن گروپەکانی دژە لەباربردنی منداڵ و ئەنجومەنی چەکی نیشتیمانیەوە پشتگیریکرا.
بەرنامەی کەمپینی هەڵبژاردنەکەی بریتی بوو لە پارێزگاری لە سنورەکانی ئەمریکا، پەنابەران، بوژانەوەی ژێرخان و مافی بەساڵاچوان و خوێندکاران.

ستێڤانی باییس 47 ساڵە و دوو کچی هەیە. لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دوایەدا 52٪ دەنگەکانی بەدەست هێنا. ئەمەش واتە یەکەمین ژنە ئەمریکی بە ڕەگەز ئێرانیە تا ئێستا گەشتبێتە ئەو پلە بەرزە.

ئانا ئاسکمانی، نوێنەری هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی نوێنەرانی فلۆریدا
ئەم سیاستمەدارە گەنجە، لەسەرەتادا دوو ساڵ پێش ئێستە و لە تەمەنی 28 ساڵیدا وەک یەکەمین ئێرانی-ئەمریکی هەڵبژێڕدرا بۆ ئەنجامونی یاسادانانی ویلایەتی فلۆریدا. لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا زۆرترین دەنگی پێدراو و لە کورسیەکەیدا مایەوە.
ئاسکمانی زانستی سیاسی، لێکۆڵینەوە لەسەر ژنان و بەڕێوەبردنی حکومەتی خوێندوە و تاوەکو پلەی دکتۆرا چووە، یەکێکە لە سێ منداڵی دایک و باوکە ئێرانیەکەی.

ئاسکمانی دیموکراتە و بەرگری لە لەباربردن، قەدەغەکردنی هەڵگرتنی چەک و پاراستنی ژینگە دەکات.

ئانا کاپڵان، نوێنەری ئەنجومەنی پیرانی ناوچەی 7 ویلایەتی نیۆیۆرک
لە خێزانێکی جولەکەی تەبرێزی لەدایک بووە و تەنها 13 ساڵی بوو بەهۆی شۆڕشی ئیسلامیەوە ، دایک و باوکی بڕیار دەدەن بینێرنە دەرەوەی ئێران و بەمجۆرە ئانا بووە منداڵیکی پەنابەر و لە ڕێگەی گروپێکی نێودەوڵەتی بۆ یارمەتیدانی منداڵە جولەکەکانی ئێران دەبرێتە برۆکلین، پاشان خێزانێک لە شیکاگۆ سەرپەرشتیکردنی دەگرنە ئەستۆ. دوای جەند ساڵێک تەواوی خێزانەکەی لە ئێرانەوە دێنە ئەمریکا و ئانا سەقاڵی خوێندنی یاسا دەبێت.
ئانا کەپڵان دایکێکی 55 ساڵەیە و دوو منداڵی هەیە. ئەندامی حزبی دیموکراتەکانە و یەکەمین ژنە ئێرانی-ئەمریکییە بۆ ئەنجومەنی پیرانی ویلایەتی نیویۆرک هەڵبژێردرا و لە هەڵبژاردنەکانی 2020 دا جێگەکەی خۆی لەدەست نەدا و مایەوە.

سپی شاین، هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی شاری هۆلیودی خۆرئاوا
یەکەمین ژنە ئێرانی-ئەمریکی هاوڕەگەزخوازە کە لە هەڵبژاردنێکدا سەرکەوتوو بووبێت. لە ساڵی 1977 لە ئێران لەدایک بووە و سەرەتای منداڵی لە ئێران بەسەربردووە، لەماوەی شەڕی ئێران و عێراقدا و پاش دەستبەسەرکردنکی باوکی، لەگەڵ خێزانەکەیدا کۆچدەکەن بۆ ئەمریکا.

سەرەرای لەمپەرەکانی بەدەم هاوڕەگەزخوازی، خوێندنی یاسای تەواوکرد و بوو بە ئەندامی "گروپی پارێزەرانی bay area بۆ ئازادیە تاکەکەسیەکان"، لەبوای مافی هاوڕەگەزخوازان و ژناندا چالاکە.
لە کەمپینی هەڵبژاردنەکاندا جەختی لەسەر بەرگری لە بازرگانی بچووک، هەڵگرنتی ئاڵانگاری شوێنی نیشتەجێبوون و مافی شارستانی هاوڵاتیان دەکردەوە.

شیبرە کەڵانتەر جانسن، نوێنەری هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی شاری سانتاکروز
خۆی بە دایکێک، پەنابەرێک، ژنێکی پێست ڕەنگاوڕەنگ و هاوسەرێک لەقەڵەمدەدات. لە کەمپینی هەڵبژرادنەکاندا باسی لە شوێنی لەدایکبوونی کرد، کە شاری ساری باکووری ئێرانە و پاش شۆرشی ئیسلامی تەمەنت تەنها هەشت ساڵ بووە، خێزانەکەی لە ئێرانەوە کۆچ دەکەن بۆ ئەمریکا بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی باشتر.

شیبرە بەکالۆریۆسی لە دەرونزانیدا لە زانکۆی سانتاکرۆز و ماستەریشی لە کاری کۆمەڵاتیدا لە زانکۆ سان خۆزێ بەدەست هێناوە.
خاتوو کڵانتەر جانسن لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا ئاماژەی بەوەدا لەماوەی 15 ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە 30 ملیۆن دۆلاری کۆکرۆتەوە بۆ یارمەتیدانی پەنابەران، نەخۆشانی دەروونی، ڕووبەڕووبونەوەی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر و گەنجە بێماڵەکان.

شیرین قوربانی، ئەندامی ئەنجومەنی شاری ساڵت لەیک
کاتێک لە ساڵی 2019 دا جێنی وێڵسن بوو بە سەرۆکی شارەوانی ساڵت لەیک، شیرین قوربانی بۆ پرکردنەوەی شوێنی جێنی هەڵبژێردرا و لە هەڵبژاردنەکانی 2020 دا لە جێگەکەی خۆیدا مایەوە.
شیرین قوربانی 39 ساڵە لە ویلایەتی داکۆتای باکور لە دایکێکی نائێرانی و باوکێکی ئێرانی لە دایک بووە. لەلایەن دایکیەوە گەورەکراوە.

شیرین بەشی پەیوەندیەکانی تەواوکردوە و ماستەریشی لە بواری تیۆری ڕێکخراوەیدا هەیە. بەڕێوبەری سەنتەری بەرگری لە قوربانیانی دەستدرێژیە.
شیرین قوربانی مامۆستا و بەڕێوبەری جێبەجێکردنی سەنتەرێکی هونەریە، لێکۆڵەرە لە کاروباری سیاسی و چالاکی پارکە گشتیەکانە، هەروەها خوبەخشە لە ڕێکخراوی ئاشتی مۆڵدۆڤا.

یاسەمین ئەنساری، کاندیدی ئەنجومەنی ناوچەی 7 شاری فینێکس
یاسەمین ئەنساری بە بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگی لە قۆناغی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا، سەرکەوت بۆ قۆناغی دووەم ، کە لە مانگی نیسانی داهاتوودا بەڕێوە دەچێت.

خۆی بەمجۆرە دەناسێنێت: من یاسمەین ئەنساریم، لەدایکبووی ئەریزۆنا، منداڵیکی پەنابەرم، زانکۆی ستانفۆردم تەواو کردوە و کەسێکی ناسراوی نێودەوڵەتیم لە بواری ئاو و هەوادا.
خێزانەکەی ئەنساری لە 70 کاندا، لە ئێرانەوە کۆچیان کردووە بۆ ئەمریکا و لە ساڵی 1997 ەوە دانیشتوی شاری فینێکسن. باوکی بازرگانێکی سەرکەوتووە و دایکی پسپۆری چارەسەری سروشتیە.
پەیوەندی نێودەوڵەتی لە زانکۆی ستانفۆرد خوێندوەو پاشان ماستەری لەهەمان بواردا لە زانکۆی کامبرج بەدەست هێناوە.

خاتوو ئەنساری 27 ساڵە چالاکی بواری ئاو و هەوا و مافی پەنابەرانە، بە یەکێک لە 30 ئەمریکی ژێر 30 ساڵ لە بواری یاسا و سیاسەت، لەلایەن گۆڤاری فۆربیزەوە هەڵبژێردراوە.
پەیسەرپرێس






ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif