میلیشیاکانی عێراق.. تاکتیکی نوێ و ئاوخواردنەوە لە یەک کانیدا

ليست هناك تعليقات



بەرەبەیانی رۆژی 3ی کانوونی دووەمی رابردوو، کاتێک فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا، پاش رەزامەندی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هێرشیان کردە سەر کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی قاسم سولەیمانی و کوشتیان، رووداوەکە بەتەنیا لەو پەرچەکرداوە رووکەشییەدا کورت نەبووەوە کە تێیدا ئێران چەند مووشەکێکی ئاراستەی هەندێک ئامانجی ئەمریکی کرد. لەو کاتەوە زۆر گۆڕانکاری ریشەیی لە پەرچەکردارەکانی ئێران بەرامبەر ئەمریکا لە عێراقدا روویانداوە.

رووداوی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، لەگەڵ ئەبوو مەهدی موهەندیس، جێگری فەرماندەی حەشدی شەعبی عێراق، لە هێرشێکی فڕۆکەکانی ئەمریکادا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، لەسەرەتای ئەمساڵدا. خاڵی وەرچەرخان بوو لە شێوازی جووڵە و کارکردنی میلیشیا پشتگیریکراوەکانی ئێران لە عێراقدا. ئەو میلیشیایانە، کار و کردەکانی خۆیان، لە وڵاتەکەدا بۆ قۆناخێکی جیاواز گواستەوە.

گرووپە میلیشیاییە چەکدارییەکان، لە دوای رووداوەکەی نزیک فڕۆکەخانەی بەغداوە، هێرشی پچڕپچڕیان بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدای سەنتەری شارەکە، بۆ هێرشی بەردەوامی هەفتانە و تەنانەت نیمچە رۆژانە گۆڕی. هێرشەکان لە چەند هەفتەی رابردوودا بەژمارەیەکی یەکجار زۆر زیادیکرد و بووە کارێکی رۆژانە.

ئەو هێرشە بەردەوامانە کە بە مووشەک و کاتیۆشا، ئامانجە ئەمریکییەکانی ناو بەغدا و دەرەوەی بەغداش دەکەنە ئامانج، گۆڕانێکی دیکەیان ئەوکات بەخۆوە بینی کە ژمارەیەکی نوێی گرووپ و دەستەی چەکداریی سەریانهەڵدا و لە ژێر ناوی 'بەرهەڵستکاری ئیسلامی'دا، بەدروشمی 'تۆڵە' لە هێزەکانی هاوپەیمانان و بەتایبەت ئەمریکا، بوونی خۆیان لە گۆڕەپانەکەدا راگەیاند.

لە شوباتی رابردووەوە، تائێستا 9 گرووپی چەکدار خۆیان راگەیاندووە، یەکەمین گرووپی سەرهەڵداو لەو کاتەوە، میلیشیای ئەسحاب ئەلکەهف بوو، دواتر عوسبەت سائیرین، پاشان هەریەکە لە گرووپەکانی سەرایا سەورەی تشرینی دووەم، هێزەکانی زولفەقار، سەرایا مونتەقیم، ئەولیا ئەلدەم، تۆڵەی موهەندیس، قاسم جەبارین و گرووپی ئەلغاشیە بوونی خۆیان راگەیاند، کە هەموویان لە ژێر یەک ناودا کاردەکەن، 'تۆڵەکردنەوە' لە کوژرانی سولەیمانی و موهەندیس و دەرپەڕاندنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا.

ملیشیای دیکەش بەڕێوەن

هێشتا پێشبینی دروستبوونی میلیشیای نوێ دەکرێت، سەرچاوە ئاگادارەکانی شارەزا لە گرووپ و میلیشیا چەکدارییەکانی ناو عێراق دەڵێن گۆڕەپانە سەربازییەکەی عێراق، راگەیاندنی بوونی چەندین میلیشیای نوێ بەخۆوە دەبینێت لە داهاتووی نزیکدا، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانێکدا بۆ تێکەڵکردنی کارتەکانی بەردەم حکومەتی کازمی و ژاوەژاو دروستکردن، بۆ پەرتکردنی سەرنجی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکەدا.

ئەو چاودێرانە پێیانوایە لەدایکبوونی ئەو گرووپە نوێیانە، لەبنەماوە لە منداڵدانی گرووپە میلیشیاییە کۆنەکانی ناو حەشدی شەعبییەوە هاتوون، لەوانەش کەتیبەکانی حیزبوڵڵا، نوجەبا، خوراسانی، سەید شوهەدا و تفوف و چەندانی دیکەش.

سەرجەم گرووپە نوێییەکان، ئەپلیکەیشنی 'تەلەگرام' بۆ راگەیاندنی چالاکییەکانیان بەکاردەهێنن، پاش ئەوەی زۆرینەی پێگەی ئەو گرووپانە لە توویتەر داخران. کەناڵەکانی وەک سابرین نیوز، جەداحە، رەبعوڵڵا و وەلەد شایب، دیارترین پێگەکانی ئەو گرووپانەیە بۆ بڵاوکردنەوە و راگەیاندنی چالاکییەکانیان.

دروستکردنی میلیشیاکان وەک ئەوەی "ئەلعەرەبی ئەلجەدید" ئاشکرایکردووە، تەنانەت بۆ کوردستانیش پەڕیوەتەوە، پاش ئەوەی وەک ماڵپەرەکە رایگەیاندووە، چوارشەممەی پێشوو بەکاتیۆشا هێرشکرایە سەر بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە هەولێر.

هەنگاوە ساردەکانی حکومەتی کازمی

وێڕای دەیان لیژنەی لێکۆڵینەوەی دروستکراو، لەلایەن حکومەتی مستەفا کازمییەوە، لەپێناو گەیشتن بە ئەندامانی ئەو میلیشیایانە و ئەوانەی لە پشت هێرشەکانەوە دەوەستن، بەڵام هیچ پێشڤەچوونێکی پۆزەتیڤی لەو لایەنەوە بەدەستنەهێناوە. موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، پشتگیری کازمی دەکات لە بۆچوون و کارەکانیدا بۆ راگرتنی ئەو میلیشیایانە. سەدر ناڕەزایەتی خۆی لە بەرامبەر کاری ئەو گرووپە چەکدار و میلیشیا نوێیانە دەربڕی.

هەفتەی پێشوو سەدر لە توویتێکدا گوتی "هەڵسوکەوتی ئەو میلیشیایانە کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر عێراق دەبێت". لە کاتێکدا سەرچاوەیەکی نزیکی سەدر بە ماڵپەرەکەی راگەیاندووە: "سەدر درکی ئەوە دەکات ئەو کردانە، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بوونی ئەمریکا لە عێراقدا نییە، بەڵکو شەرعیەتی زیاتری دەداتێ و بیانوو بۆ مانەوەی دروستدەکات".

لەئەنجامی بەئامانجکردنە دووبارەکانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بە هێرشە مووشەکییەکان، کە گرووپە میلیشیاکان لە ئەستۆی خۆیانی دەگرن، واشنتن دواجار بەبەغدای راگەیاند باڵیۆزخانەکەی لە عێراق دادەخات. حکومەتی عێراق ترسی خۆی لەو هەنگاوەی ئەمریکییەکان دەربڕی و باسی لە کاریگەرییە مەترسیدارەکانی کرد، هاوکات هەوڵێکی زۆری لە ناوەوە و دەرەوە دەستپێکردووە لەپێناو کۆتاییهێنان بەو تەنگژەیە.

هەموو میلیشیاکان لە یەک کانی ئاویان خواردووەتەوە

بەرپرسێکی فەرماندەیی هاوبەشی هێزەکانی عێراق، ئاشکرایکردووە: "ئەو میلیشیایانە زۆرینەیان لە یەک ژوورەوە هاتوونەتە دەرەوە، پێویستیان بە هیچ شتێک نییە بۆ راگەیاندنی کارەکانیان، تەنیا تایپێستێک و دیزاینەرێکی گرافیک و کەسێک بڵاوکراوەکەیان بۆ بنووسێت". ئەو زیاتر گوتویەتی "لێکۆڵینەوەکانی دەزگا ئاساشییەکان، دووپاتیدەکەنەوە زۆرینەی ئەو میلیشیا نوێیانە، نزیکن لە کەتیبەکانی حیزبوڵڵاوە، ئەوانیدیکەش سەر بە گرووپەکانی نوجەبا و عەسائیبن. هەمووان کاردەکەن بۆ تێکەڵکردنی کارتەکان و سەرنجڕاکێشانی هێزەکانی وڵات، لەگەڵ وروژاندنی حاڵەتی بە سەربازیکردنی میدیایی لە رێگەی راگەیاندنی ئەو میلیشیایانەوە".

خولی جەنگی دەروونی لە بەیرووت

ئەو بەرپرسە، لە قسەکانیدا بۆ ماڵپەرە عەرەبییەکە، ئەوەشی روونکردووەتەوە کە هەندێک لە ئەندامانی ئەو گرووپانە، خولی جەنگی دەروونی و میدیاییان لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان وەرگرتووە. ئەمە جیا لە خولەکانی فێربوونی بنەماکانی ڤیدیۆگرافی و چەندین خولی دیکە.

بەرپرسەکە دەڵێت ئەو کەسانە، ئێستا جەنگێکی میدیایی گەورەیان لە رێگەی سۆشیال میدیاوە بەرپاکردووە، حکومەت و کەسایەتییە سڤیلەکان و چالاکڤانان و بزاوتی میللییان کردووەتە ئامانج. ئەمە جیا لەوەی ئامانجی گەورەشیان، کۆتاییهێنانە بەبوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا.

ئەو بەرپرسە روونیدەکاتەوە: "هەموو هێرشە مووشەکی و بۆمبە چێنراوەکانی ئەو گرووپە چەکداریانە، لە ژێر رووپۆشی فەرمیدا ئەنجامدەدرێن، لە رێگەی ئۆتۆمبێل و بەڵگەنامەکانی ئەندامانی حەشدی شەعبییەوە".

کەس ئیرەیی بەکازمی نابات

ئەوەی میلیشیاکان دەیکەن نوێ نییە، چەندین ساڵە ئەو سیناریۆی مشک و پشیلەیە لە نێوان هێزەکانی حکومەتی عێراق و ئەمریکا لەلایەک و میلیشیاکاندا لەلایەکی دیکەوە بەڕێوەدەچێت. بەڵام هیچ جارێک لە ماوەی 17 ساڵی رابردوودا کە هێزەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی عێراقن، دۆخەکە نەگەیشتووەتە ئەوەی ئەمریکا هەڕەشەی داخستنی باڵیۆزخانەکەی، هێندەی ئێستا بەهەنگاوێکی باش و ریشەیی بۆ چارەسەری کێشەکە بزانێت.

غەیس تەمیمی، شرۆڤەکاری سیاسی پێیوایە: "کازمی لە دۆخێکدا نییە کەس ئیرەیی پێببات، ئەو لایەنە چەکدار و گرووپە میلیشیاییەکان باش دەناسێت، شوێن و بارەگاکانیان شارەزایە و بە بەرپرسەکانیان ئاشنایە. دەزانێ کێ سەرپەرشتی هێرشە مووشەکییەکان دەکات. نەک هەر کازمی بەڵکو زۆربەی بەرپرس و سەرکردە سیاسییە شیعەکانی عێراق، ئەو زانیارییانەیان لەسەر تۆڕی مووشەکهاوێژەکان هەیە، بەڵام جۆرێک لە رێگری لە دەستگیرکردنیان هەیە، ئەمەش بەهۆی ترس لە رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی نێوان هێزە ئاسایشپارێزەکانی حکومەت و هێزەکانی ئەو میلیشیایانە کە هاوشێوەی حکوومەت و هێندەی هێزەکانی، چەک و تەقەمەنی و کەرەستە و توانای سەربازییان هەیە".

تەمیمی ئاشکرایکردووە، "هەموو میلیشیا نوێیەکان کە بانگەوازی بەرهەڵستکاری دەکەن، لە راستیدا وەهمین و بوونیان نییە، بەڵکو ئەوان پەیوەستی گرووپە کۆنەکانن کە لەژێر چەتری حەشدی شەعبیدان. بەتایبەت کەتیبەکانی حیزبوڵڵا و عەسائیب ئەهل ئەلحەق و نوجەبا، لە ماوەی دوواییشدا حەشدی شەبەک چوونە پاڵیان، هەموو ئەو گرووپانە بە فەرمانی سەرکردەکانی حەشدی شەعبی دەجووڵێنەوە".

بەدر زەیادی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، گوتویەتی "دۆخی ئاسایش تادێت ئاڵۆزتر دەبێت، لەگەڵ بوونی ئەو میلیشیایانەدا کە ملیان بەملی دەوڵەت و بڕیارەکانی و سەروەرییەکەیەوە ناوە"، ئەو زیاتر دەڵێت: "وێڕای بوونی پشتگیری پەرلەمان، لەلایەن هەندێک لایەنەوە بۆ هەنگاوەکانی کازمی، لەپێناو راگرتنی ئەو گرووپە چەکدارانە لە لێدانی بەرژەوەندییەکانی عێراق و کاریگەریی نێگەتیڤ لەسەر پەیوەندییەکانی بە دراوسێیەکانییەوە، بەڵام تائێستا حکومەتی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپانەدا، یەکجار لاوازە". 

ئەندام پەرلەمانەکە زیاتر گوتویەتی: "لایەنە توڕەکان لە رووداوی کوشتنی سولەیمانی و موهەندیس، دەبێ ئەوە بزانن کە زیانگەیاندن بە عێراق هێڵی سوورە، بێگومان دەبێ حکومەتیش بەبڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق، بەدەرپەڕاندنی هێزە بیانییەکان لە وڵاتەکەدا، پابەند بێت".

لە پەیوەست بەهەمان ئەو رووداوانەدا، موئەیەد جەحشی، توێژەر و شرۆڤەکاری سیاسی، پێیوایە "حکومەت لاواز نییە، بەڵام لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو لایەنانە دەترسێت کە کارەکانی خۆیان بە جیهادی و پیرۆز و گومان هەڵنەگر ناودەبەن. لەبەرئەوە هەر هەنگاوێکی بیرلێنەکراوەی حکومەت، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو لایەنانە، مانای داڕووخانی دەوڵەت و کەوتنە ناو گێژاوی جەنگە".

ئەو زیاتر گوتویەتی: "ویستی میللی ئێستا تووڕەییەکی زۆر لە دژی هەڵسوکەوتی ئەو گرووپانە بەخۆوە دەبینێت. گەڕانەوەی خۆپێشاندانەکانیش زۆر شت لەسەر زەوی دەگۆڕن، بەتایبەت کە میلیشیا تێوەگلاوەکان لە کوشتنی خۆپێشاندەران، هەمان ئەو گرووپانەن کە عێراق و ئاسایشی وڵاتەیەکەیان کردووەتە ئامانجی خۆیان و خەڵکی سڤیل بەناوی بەرهەڵستکارییەوە دەکوژن".

سیناریۆکانی سەدر

ساڵانی پێشوو، رەوتی سەدر پێشەنگی دژایەتیکردنی بوونی هێزەکانی ئەمریکا بوو لە عێراقدا. ئەو رەوتە پێشەنگی ئەو گرووپانە بوو، لەلایەن ئەمریکییەکانەوە هێرشی کرایە سەر. کاتێک پۆل برێمەر، دەسەڵاتداری عێراق بوو، ئەمریکا هێرشی سەربازی بۆ سەر ناوچەی سەدری بەغدا بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە گرووپە چەکدارییەکانی ئەو رەوتە ئەنجامدا. بەڵام هەفتەی رابردوو، بادانەوەی سەد و هەشتا پلەی سەدر لەسەر دۆخەکان، لە جاران روونتر دەرکەوتن.

هەرچەندە سەدر پێشتر چەند جارێک و لە رێگەی داواکردنی تواندنەوەی حەشدی شەعبی و میلیشیاکانی لە نێو سوپای عێراقدا، ئەو گرووپانەی تووڕەکردبوو، بەڵام ئەمجارە تووڕەیی ئەوان و درزی پەیوەندییەکانی نێوانیان، قوڵتر بووەوە.

ئەو توویتانەی سەدر لەسەر هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا بڵاویکردنەوە، بوونە هۆکاری ئینشیقاق و جیابوونەوە لە رەوتەکەدا. لەکاتێکدا هەندێک سەرچاوەی ناوخۆیی عێراق، بەدووری نازانن توویتەکانی سەدر و جیابوونەوەی گرووپێکی چەکدار لێی، سیناریۆیەک بێت بۆ ئەوەی سەدر لە ژێرەوە لە رێگەی میلیشیاکانییەوە، لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا بەردەوام بێت، بەڵام لەسەرەوە بۆ خۆپاراستن لە پەرچەکرداری ئەمریکا بەرامبەر ئەو هێرشانە، خۆی لە هێرشەکان بێبەری بکات و رەخنەیان لێبگرێت.

جیابوونەوەی گرووپی لیوا کەریم

چەند کاژێرێکی کەم دوای توویتەکانی سەدر، گرووپێکی چەکدار بەناوی 'لیوا کەریم دەرعەم' جیابوونەوەی خۆی لە رەوتی سەدر راگەیاند و بەڵێنی "بەردەوامبوون لە کردەوەی سەربازی لە دژی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا" راگەیاند.

ئەو گرووپە نوێیە، لە رێگەی بڵاوکراوەیەکەوە بوونی خۆی راگەیاند، ناوی گرووپەکەش لە ناوی یەکێک لە سەرکردەکانی رەوتەکەوە وەرگیراوە کە لە شاری نەجەف لە ساڵی 2004 لە پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکادا کوژرا، کە ئەویش لیوا کەریم دەرعەمە.

رەوتی سەدر لای خۆیەوە روودانی جیابوونەوەکەی رەتکردەوە. سەرایا سەلام، باڵی سەربازیی رەوتەکە گوتی "ئەوەی روودەدات، گەمەیەکی دەستتێوەردانە بۆ وەڵامدانەوەی هەڵوێستەکانی ئەمدواییەی سەدر. بوونی گرووپ و جیابوونەوە هیچ بنەمایەکی نییە". ئەو رەوتە تۆمەتی ئاراستەی گرووپە چەکدارە پشتگیریکراوەکانی ئێران کردووە لە پشت رووداوەکەوە بۆ "شەرمەزارکردنی سەدر و تێکەڵکردنی کارتەکان لە داهاتوودا لە ئەگەری هەر هێرشێکی نوێدا، کە بکرێتە سەر نێردە دیبلۆماسییە بیانییەکان لە بەغدا".

سوپرایزەکەی ئۆکتۆبەر لە عێراق دەبێت

رۆژنامەی واشنتن پۆست، لە راپۆرتێکدا هەڵوەستەی لەسەر رووداوەکانی ناو عێراق و هەڕەشەکانی ئەمریکا بەداخستنی باڵیۆزخانەکەی کردووە. رۆژنامەکە بەدووری نازانێت گوشارەکانی ئەمریکا لەسەر مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەو بەرەو 'خۆکوشتنی سیاسی' پاڵبنێن.

واشنتن پۆست' کازمی بە پەسندترین سەرۆکوەزیران بۆ ئێستای عێراق لەلایەن ئەمریکاوە ناودەبات، بەڵام ئەوەی ئێستا واشنتن هەڕەشەی ئەنجامدانی دەکات، لەوانەیە سەربکێشێت بۆ "خۆکوشتنی سیاسی".

رۆژنامە ئەمریکییەکە پێیوایە، داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا، ئێران و هاوپەیمانەکانی دڵخۆشدەکات، سەرکەوتنێکی پڕوپاگەندەییان دەداتە دەست، بەڵام لەوانەشە ببێتە سەرەتای گورزی کوشندەی ئەمریکا لە میلیشیا پشتگیریکراوەکانی ئێران.

'واشنتن پۆست' وایدەبینێت، عێراق ئەو جێگایەیە کە دەکرێ لە هەفتەکانی داهاتوودا، بۆمبی رووبەڕووبوونەوەی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێرانی تێدا بتەقێتەوە، ئەوەش دەبێتە 'سوپرایزی ئۆکتۆبەر' لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی سەرۆکایەتی ئەمریکادا.

کازمی و کۆتاییهێنان بە ژیانی سیاسی خۆی

ئێران ئێستا نایەوێت رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی لەگەڵ ئەمریکادا هەبێت، چونکە دەزانێ هەموو هەنگاوێک پەرچەکرداری تووندی ئیدارەی ترەمپی بەدوادا دێت، لە کاتێکدا خۆی بۆ بوونەوە سەرۆکی وڵات بۆ چوار ساڵی داهاتوو، ئامادە دەکات. هەربۆیە ئێران زۆرانبازی لەگەڵ ئەمریکا لە باخچەی پشتەوە پێباشترە و ئەو باخچەیەش، میلیشیا پشتگیریکراوەکانین.

هەر رووبەڕووبوونەوەیەک لە عێراق، مەترسی فرە لایەنی بەدوادا دێت، لەوانەیە ئەمریکا هێرشی پێچەوانەی تووند بکاتە سەر میلیشیاکانی ئێران، ئەگەر هێرشەکانیان بەردەوام بێت، لە کاتێکدا ئەگەر مستەفا کازمی پەلاماری ئەو میلیشیایانە بدات، وەک ئەوەی پۆمپەیۆ دەیەوێت، بێگومان ئێران بە تووندی وەڵامدەداتەوە و بەوەش سیستمە سیاسییە لەرزۆکەکەی عێراق، بەیەکجاری دادەڕووخێت.

پێشتر بەرپرسێکی پلەباڵای کۆشکی سپی ئاشکرایکردبوو "کازمی دەیەوێ کارە راستەکە بکات، بەڵام پێویستە لەسەری گورجوگۆڵتر و یەکلاکەرەوەتر هەنگاو بنێت، ئێمە چیدی تەماشاکار نابین، مەترسی راستەقینە لەسەر ئەمریکییەکان هەیە، دەبێ چارەسەر بکرێت".

زیادبوونی هێرشەکان

وێڕای هەوڵەکانی کازمی لە ماوەی رابردوودا، بۆ لەپەلوپۆخستنی میلیشیاکان و رێگری لە هێرشەکانیان لە هەفتەکانی رابردوودا، بەڵام جۆیل وینگ، پسپۆری کاروباری عێراق ئاشکرایکردووە لە مانگی ئابی ئەمساڵدا، 25 هێرش کراونەتە سەر کاروانی ئۆتۆمبێلەکان و دامەزراوەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، لەگەڵ بەئامانجکردنی ناوچەی سەوز، کە باڵیۆزخانەی ئەمریکای لێیە و دەوروبەری فڕۆکەخانەی بەغدا، کە بنکەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکای لێیە.

بەپێی سەرچاوەکان، ئەمریکا درکی بەوە کردووە میلیشیا هێرشکەرەکان، هەمان میلیشیا کۆنەکانی لایەنگری ئێرانن، هەرچەندە ناوی تازەشیان لەخۆیان نابێت. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بەتایبەت بەرپرسیاریەتیی هێرشەکانی سەر دامەزراوەکانی وڵاتەکەی خستووەتە ئەستۆی دوو میلیشیای زۆر نزیکی ئێران، کە ئەوانیش کەتیبەکانی حیزبوڵڵا و عەسائیب ئەهل ئەلحەقن.





ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif