پەرلەمانتارێک: هەنار لە سنووری سووریاوە بە قاچاخ دەهێنرێتە هەرێمی کوردستان

ليست هناك تعليقات


پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان رایدەگەیێنێت، سەرەڕای قەدەخەکردنی هاوردەی ئەو بەرهەمانە، بەڵام هەنار لە سنووری سووریا و کەلەرم، قەڕنابیت و کاهووش لە سنووری ئێرانەوە دەهێندرێنە هەرێمی کوردستان. گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵیش دەڵێت، "نکۆڵی لەو راستییە ناکەن ئەو بەرهەمانە لە بازاڕدا هەن".

عومەر گوڵپی، پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندوە، ئێستا کە وەرزی پێگەیشتنی هەنارە، لە دەروازەی پیشابوورەوە بە شەقامی قیردا و بە باری تایبەت دەهێندرێتە هەولێر. نرخی بارهەڵگرێکی 24 تۆنیش بە دوو هەزار و 850 دۆلارە.

ئەو پەرلەمانتارە پێی وایە بەهۆی هێنانی ئەو میوە و سەوزانە، جووتیار و باخەوانانی هەرێمی کوردستان لە "زیانی گەورەدان". ئەوە جگە لە زیانەکانی بۆ ئابووریی هەرێمی کوردستان و چوونەدەرەوەی‌ پارە.

بەپێی بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵ، بەدرێژایی ساڵ هاوردەکردنی کەلەرم، قەڕنابیت و کاهوو قەدەخەیە، بەڵام ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بەوە دەکات، "یەک بەرادی‌ ترێلە بە باری تایبەت لە مەرزی‌ باشماخەوە بە بڕی‌ چوار هەزار دۆلار بۆ کڕیار دەهێننە سلێمانی‌".

بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش لە چەندین کۆبوونەوە و بۆنەی جیاوازدا باسیان لە هەوڵەکانیان بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهاتی هەرێمی کوردستان و بەرەوپێشبردنی بەرهەمی خۆماڵی کردووە، ئەو پەرلەمانتارە باس لەوە دەکات، "بە رۆژی‌ رووناک ‌و بە چاوپۆشی‌ دەزگای‌ فەرمی ‌‌و بە پاسەوانی‌ هێزی‌ فەرمی‌، حکومەت نەوەک سەرچاوە هەمەچەشنەکانی‌ داهات زۆر ناکات، بەڵکو ئەو چوار فلسەی‌ لە هەر وەرزێکدا دەچێتە گیرفانی‌ باخەوان ‌و جووتیاری‌ هەژار و دەستقڵیشاوی‌ کوردەوە ئەوەش وێران دەکات".

لە 22ـی ئەم مانگە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەک پاڵپشتی لە بەرهەمی ناوخۆیی بۆ دووەم ساڵە لە ناوەڕاستی مانگی هەشت تاوەکو ناوەڕاستی مانگی دوانزە هاوردەکردنی هەنار قەدەخە دەکەن.

ئەو پەرلەمانتارەی کۆمەڵی ئیسلامی پرسیاری ئەوەش دەکات، ئەگەر هێنانی هەناری قاچاخ بەردەوام بێت، "هەناری‌ هەڵەبجە چۆن دەتوانێت بە رێگەیەکی‌ خراپ ‌و دوور و درێژدا بە تێچوویەکی‌ زۆر بگاتە دهۆک ‌و هەولێر و لەوێشەوە پارێزگاکانی‌ دیکەی‌ عێراق ‌و کێبڕکێی‌ هەناری‌ سووریا بکات لە نرخدا؟"

عومەر گوڵپی دەڵێت، بەڵگەی بۆ قسەکانی هەیە، ئەگەر وەزیری کشتوکاڵ و ناوخۆ نکۆڵی لە زانیارییەکانی بکەن، ئەوا "ئامادەم هەر یەکە و بارێک لە کاهوو، کەلەرم و قەڕنابیت و هەناری سووری و ئێرانییان بۆ بنێرم".

حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاندوە، ئەوان نکۆڵی ناکەن لەوەی ئەو بەرهەمانەی باسکراون لە بازاڕەکاندا هەن، بەڵام "من نازانم لە کوێوە هاوردە دەکرێن".

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەشڵێت، وەزارەتەکەی ئەوان وەزارەتێکی خزمەتگوزارییە، ئەوە کاری لایەنی جێبەجێکار لە وەزارەتی ناوخۆ، لیژنەکانی چاودێریی ئابووری، ئاسایش و گومرگەکانە کە لێپێچینەوە بکەن و رێگری بکەن.






ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif