ئایا دابەزینی بەهای دینار، چارەسەری قەیرانی داراییە؟

ليست هناك تعليقات


بەختیار مەلا ئەمین
-
عێراق تاكە وڵاتە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كە بانكی ناوەندییەكەی لەڕێگەی زیادكردنی ئاشكراوە دۆلار دەفرۆشێت بەمەبەستی راگرتنی بەهای دینار لەسنورێكی دیاریكراودا بەرامبەر بەدۆلار، پەیڕەوكردنی ئەم سیاسەتە ئابوری عێراقی لەبەردەم ئاسۆیەكی تاریكدا راگرتووە.

عێراق لەماوەی شەش ساڵی رابردوودا بەدەست چەندین قەیرانی گەورەو کوشندەوە گیرۆدەیە: دابەزینی نرخی نەوت، شەڕی داعش، بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا‌و ململانێی نێوان هەولێر‌و بەغداو ناسەقامگیریی سیاسی‌و خۆپیشاندانەكان‌و چەندین تەنگەژەی دیكەی ئابوری‌و سیاسی‌و كۆمەڵایەتی... ئێستا كار گەیشتووە بەوەی كە حكومەتی ناوەندی ئیتر توانای دابین كردنی مووچەی فەرمانبەرانیشی وەك جاران لەكاتی خۆیدا نییە، كە ئەمە یەكێك بوو لەشانازییەكانی.
تێوەگلان لەم قەیرانە داراییە، تا ئەندازەیەكی زۆر پەیوەندی بەسیاسەتی بانكی ناوەندییەوەیە، لەبەرئەوەی لەڕێگەی دەستوەردانە بازاڕ‌و فرۆشی دۆلارەوە لێناگەڕێ‌ نرخی دینار دابەزێ‌‌و بەهای راستەقینەی خۆی بەدەستبهێنێت، بەپێچەوانەی ئەو سیاسەتەی زۆربەی وڵاتانی خاوەن نەوت لەناوچەكەو جیهاندا پەیڕەوی دەكەن‌و بازاڕ نرخی دراوەكەیان دیاری دەكات، نەك بەزەبری دەستتێوەردانی بانكی ناوەندی‌و دۆلار فرۆشتن بەهای دراوەكەیان لەنرخێكی دیاریكراودا رابگرن.

ئەم سیاسەتەی بانكی ناوەندی لەچەندین ئاستی جیاوازدا كاریگەری خراپی لەسەر كورتهێنانی بودجەی دەوڵەت‌و رەخساندنی هەلی كارو گەشەی پیشەسازی‌و كشتوكاڵیی‌و بەرهەمی ناوخۆ هەبووە.
بەپێی ئەو داتایانەی بانكی ناوەندی عێراق بڵاویكردوەتەوە لەماوەی کۆتایی ساڵی 2003 تا كۆتایی ساڵی 2019 زیاتر لە 555 ملیار دۆلار لەڕێگەی زیادكردنی ئاشكراوە فرۆشراوە! كە لەو ماوەیەدا بانکی ناوەندی رۆژانە 200 بۆ 250 ملیۆن دۆلاری خستوەتە بازاڕەوە بۆ ئەوەی بەهای دینار بەرامبەر بەدۆلار دانەبەزێت! تەنانەت كە نرخی نەوت دابەزیوەو داهاتەكەی بەشی مووچەی فەرمانبەارنی‌و خەرجییەكانی دەوڵەتی نەكردووە، لەو پێناوەدا دەستی بۆ یەدەكی دراو بردووە! لەبەرئەوەی 95%ی داهاتی عێراق لەڕێگەی فرۆشی نەوتەوەیە. 

ئێستا لەعێراقدا ئەو دەنگانە بەرز دەبنەوە كە هەڕاج كردنی یەدەگی دراوی بانكی ناوەندی لەپێناو دابین كردنی مووچەدا، دەچێتە خانەی بەفیڕۆدانی دارایی گشتی‌و تەنانەت گەندەڵیشەوە! لەبەرئەوەی لێشاوی ئەو دۆلارەی بانکی ناوەندی دەیفرۆشێ، بەشێكی لەلایەن چەند كۆمپانیایەكی وەهمییەوە دەكڕدرێت‌و بەقاچاغ ئاودیووی ئێران‌و سوریا دەكرێت، كە بەهۆی سزاكانی ئەمەریكاوە، عێراق تاقە دەروازەیە بۆ بەدەستهێنانی دۆلار‌و بوژاندنەوەی یەدەكی دراوی ئەو دوو وڵاتە.

بەشێكیشی بەبێ‌ بەرنامەو پلان لەڕێگەی هاوردەكردنەوە بەرەو دەرەوەی وڵات دەڕوات‌و كۆمپانیا توركی‌و ئێرانی‌و چینییەكان چی دراوی قورسی عێراقە هەڵیدەلوشن، چونكە بەهۆی پشتگیریی وڵاتەكانیانەوە لەهەناردەكردنی كاڵا‌و بەهۆی دابەزاندنی بەهای دراوەكانیشیانەوە توانای كێبڕكێیان بەهێزەو عێراق بووە بەبازاڕێكی گەورەی ساغكردنەوەی كاڵاكانیان.
كۆمپانیاکانی ئەو وڵاتانە لەساڵی 2003ەوە تا ئێستا هەناسەیان لەبەر وەبەرهێنەرو بەرهەمهێنەری ناوخۆ بڕیوەو گەورەترین سوودمەند بوون لەو سیاسەتەی بانكی ناوەندی پەیڕەوی كردووەو مەبەستیشیانە بەهای دینار بەرامبەر بەدۆلار بەرز بێت تا شەپۆلی هەناردەیان بەرەو عێراق بەردەوام‌و گەورەتریش بێت، كە عێراق بۆ دابین كردنی ساكارترین پێویستییەكانی لەدەرزییەکەوە تا ئوتومبێل‌و فڕۆکە پشتی بەهاوردە كردنی كاڵای دەرەكی بەستووە.

كەم نین ژمارانەی ئەوانەی كە پێیانوایە راگرتنی نرخی دینار بەرامبەر بەدۆلار لەسنورێكی دیاریكراودا، خزمەتی بەئابوریی یاخود وردتر بڵێین بە"مووچەخۆران" كردووە، بەڵام پێویستە ئەوەمان لەبیر نەچێت سوودی ئەم سیاسەتە تەنها ئەوە بووە مووچەخۆری زیاتر بەئاڕاستەی بەكارهێناندا بردووەو زۆربەی هاوڵاتیانی عێراقی كردووە بە"بونەوەرێكی بەكاربەر" كە هەموو خۆشییەكانی لەوەدا دەبینێ‌ "پارە خەرج بكات"! زۆربەی ئەو پارەیەی مووچەخۆران وەریانگرتووە لەكڕینی كەمالیات‌و قەنەفەو ئوتومبێل‌و بەنزینی زیاتردا دایانچاندووە‌و ئەمەش ئەوەندەی تر بووە بەمایەی پیس كردنی ژینگە. هەر بەهۆی ئەم مووچەو هەڵڕژانی پارە زۆرشەوە عێراق بووە بەبازاڕێكی گەورەی ساغکردنەوەی كاڵای توركی‌و ئێرانی‌و چینی‌و وڵاتانی تر.
هاوكات ئەگەر تا ئێستا بەم شێوەیە مووچەخۆر سوودمەند بووبێت‌و لەبازاڕدا بەهای دینار دانەبەزیی بێت، بەڵام وا عێراق پێدەنێتە قۆناغێکەوە کە مووچەكەشی پێدابین ناكرێت‌و ناتوانێت بۆ ماوەیەكی درێژخایەن لەسەر ئەم سیاسەتە بەردەوام بێت‌و یەدەگی دراوی بانكی ناوەندی بەکاربهێنێت، كە یەدەگ نەما داڕمانی ئابوری روودەدات‌و ئیتر سندوقی دراوی نێودەوڵەتی‌و وڵاتانیش ئامادە نین قەرزی بدەنێ‌. 
كەواتە چار چییە؟
بۆ دەرباز بون لەم قەیرانە گرنگترین رێگەچارە ئەوەیە دەوڵەت‌و بانكی ناوەندی عێراق لێگەڕێن بازاڕ تەحەكوم بەنرخی دینار بكات بەو پێیەی عێراق پاگەندەی ئەوە دەکات کە لەسیاسەتی ئابوریدا پەیڕەویی لەبازاڕی ئازاد دەکات، بەڵام بەکردەکی پێچەوانەی ئەو سیاسەتە پەیڕەو دەکات‌و وەک زۆربەی وڵاتانی خاوەن نەوت مامەڵە ناکات کە بۆ رزگاركردنی خۆیان لەلێكەوتەكانی عاقیبەتی دابەزینی نرخی نەوت پەیڕەویان كردو بەتەدریج‌و بەشێوەیەكی رێژەیی نرخی دراوەكەیان دابەزی یاخود دابەزاند.
بەدڵنیایی لەئەنجامی دابەزینی بەهای دیناردا بەشێك لەهاوڵاتیان زیان دەكەن‌و توانای كڕینیان لاواز دەبێت كە مووچەخۆرانن‌، بەڵام ئایا باشتر نییە حكومەت بیر لەدابەزاندنی بەهای دینار بكاتەوە لەبری كەمكردنەوەی مووچە؟ ئایا مووچەخۆر هێزی كڕینی كەمتر بێتەوە لەوە باشتر نییە كە حكومەت مووچەی لەكاتی خۆیدا نەداتێ‌؟! ئایا كە بەهای دینار دابەزێت مووچەخۆر دەست ناگرێتەوە لەكڕینی ئەو كاڵا ناپێویستانەی لەدەرەوە هاوردە دەكرێن؟ ئەی ئایا سەرەنجام هەموو ئەمانە نەدەبوونە مایەی ئەوەی بەرهەمی خۆماڵی گەشە بكات‌و هەلی كار بۆ عێراقییەكان زیاتر بڕەخسێ‌؟
لەبەرامبەر ئەمەشدا كە دابەزینی بەهای دینار لەماوە كورتدا زیان بەچینی هەژار‌و ناوەند بەتایبەتی موچەخۆران دەگەیەنێت، دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت لەدوورمەودادا خزمەت بەئابوری عێراق دەكات‌و هەلی كارو گەشەی پیشەسازیی‌و كشتوكاڵیی مسۆگەر دەكات. 
رەنگە لەساڵانی رابردوەوە بانكی ناوەندی ئەم سیاسەتەی پەیڕەو نەكردایە ئێستا لەدۆخێكی ئابوری باشتردا بوینایە، عێراق نەوڵاتێكی پیشەسازییەو نەوڵاتێكی كشتوكاڵییەو نەگەشتیاریی‌و نەخاوەنی پڕۆژەی ئابوری ستراتیجیشە تا سەرچاوەی داهاتەكەی لەو کەرتانەوە مسۆگەر بكات، هەیەو نییە نەوتە، كە نرخی نەوت دائەبەزێ‌ زۆر ئاساییە وەكو روسیا‌و ئێران‌و كازاخستان‌و جەزائیرو زۆر وڵاتی دیكەی نەوتفرۆش دراوەكەشی دابەزێت‌و بانكی ناوەندی دەست نەخاتە بازاڕەوە‌و لێگەڕی بازاڕی دراو بەشێوەیەکی سەربەخۆ کار بکات‌و نرخی راستەقینەی دینار دیاری بكات. 
باشە بۆچی بۆ ئێران رەوا بێت هەموو رۆژێك بەهای تمەن دابەزێنێ‌‌و هەموو قەیرانی دارایی خۆی پێچارەسەر دەكات، بەڵام بۆ عێراق رەوا نەبێت؟ دیارە عێراقیش وەكو ئەو وڵاتانەی دی بەهای دینارەكەی دابەزاندایە نەك هەر چارەسەری كێشەی مووچەو كورتهێنانی بودجەی پێدەكرد‌و ئەرك لەسەر حكومەت كەم دەبۆوەو پێویستی بەوە نەدەكرد یەدەگی خۆی بەكاربهێنێت، بەڵكو لەئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆشدا بڕی تێچوونی بەرهەمی ناوخۆ بەراورد بەكاڵای هاوشێوەی دەرەوە كەمتر دەكەوت‌و هاندەر دەبوو بۆ بوژاندنەوەی كەرتە بەرهەمهێنەرە كشتوكاڵی‌و پیشەسازییەكان‌و گەشەدان بەئابوری. 
ئەمەش بەرهەمی ناوخۆی دەپاراست، چونکە زۆرجار وڵاتان بەمەبەست نرخی دراوەكەیان دادەبەزێنن تا رێژەی هاوردەیان كەم‌و هەناردەیان زیاد بكەن وەک ئەوەی چین‌و ئەمەریکا لەجەنگی بازرگانیاندا بەرامبەر یەکتر پەیڕەوی دەکەن، كاتێك دۆلار بەرز دەبوەوە بەرامبەر بەدینار، ئۆتۆماتیكی نرخی بەرهەمی دەرەكی بەرز دەبۆوەو نرخی بەرهەمی ناوخۆ دادەبەزی، كەواتە زیانمەندی یەكەم هەناردەكاران بوون بۆ عێراق، كە رێژەی هاوردەی عێراق لەساڵی 201٨دا 45 ملیار‌و 736 ملیۆن دۆلار بووە! 
ئابوریناسانی عێراق ئاماژە بەوە دەکەن ئەگەر بەهای دینار بەرامبەر بەدۆلار تەنها بەڕێژەی 25% دابەزێ‌ ئەوا مانگانە داهاتی فرۆشی دۆلاری بانكی ناوەندی عێراق بەم بڕەی ئێستا دەیفرۆشێت، 1 ترلیۆن‌و 630 ملیار دینار زیاد دەكات‌و ساڵانەش 18 ترلیۆن دینار. ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ چارەسەر كردنی كورتهێنانی بودجە كە پێشبینی دەكرێت لەمساڵی 2020دا 50 ترلیۆن دینار بێت.
كەواتە دابەزاندنی بەهای دینارو دەستوەرنەدانی بانكی ناوەندی لایەنە پۆزەتیڤەكانی زۆر زیاترن لەلایەنە نێگەتیڤەكانی، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی حكومەتی ناوەندی ئەم سیاسەتە پەیڕەو ناكات بۆ دەرچوون لەقەیرانی دارایی؟! 
ئایا هۆكارەكەی ئەوەیە خۆی حوكمی خۆی ناكات؟! یاخود هۆكارەكەی ئەوەیە حكومەتی ناوەندی بەمەبەست دەیەوێ‌ لەڕێگەی ئەم سیاسەتە داراییەی ئێستایەوە، شكست بەحكومەتی هەرێم بهێنێت لەڕووی ئابورییەوە‌و توشی قەیرانی زیاتر‌و قەرزێكی زۆروزەبەند‌و بێ‌ مووچەیشی بكات؟!




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif