ئێران له‌شكركیشی بۆ سه‌ر سنووری ئازه‌ربایجان و ئه‌رمینیا ده‌كات

ليست هناك تعليقات


له‌گه‌ڵ زیادبوونی گرژییه‌كانی نێوان ئه‌رمینیا و ئازه‌ربایجان له‌سه‌ر هه‌رێمی قه‌ره‌باغ و به‌رده‌وامی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی گوللـه‌تۆپ و هاوه‌ن له‌ناو خاكی ئێران، كۆماری ئیسلامی ژماره‌یه‌كی زۆری زریپۆش و هێزی سه‌ربازی ره‌وانه‌ی سه‌ر سنووری له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو وڵاته‌ كردووه‌.

میدیا ئێرانییه‌ نافه‌رمییه‌كان بڵاویانكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ سوپای ئێران ژماره‌یه‌ك زریپۆشی جۆری "كه‌ڕار"ـیان له‌سه‌ر سنووری وڵاته‌كه‌یان له‌گه‌ڵ ئازه‌ربایجان و ئه‌رمینیا بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

هه‌رچه‌نده‌ هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ربازی له‌باره‌ی ئه‌و هه‌واڵه‌ هیچ لێدوانێكی نه‌داوه‌، ته‌نیا عه‌لیار راستكۆ، حاكمی پارێزگای ئازه‌ربایجانی رۆژهه‌ڵات نه‌بێت، كه‌ گوتوویه‌تی: "هێزه‌كانی سوپا و سوپای پاسدارانی ئێران له‌سه‌ر سنوور جێگیركراون، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌و گوللـه‌تۆپ و هاوه‌نانه‌ی له‌ ئه‌نجامی شه‌ڕی هه‌رێمی قه‌ره‌باغ له‌ناو خاكی ئێران ده‌كه‌ونه‌ خواره‌وه‌".

هاوكات له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵه‌، شاندێكی لیژنه‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ له‌ په‌رله‌مانی ئێران ئه‌مڕۆ سه‌ردانی ناوچه‌ سنوورییه‌كانی ئازه‌ربایجانیان كرد و، به‌گوێره‌ی میدیاكان، پێشبینی ده‌كرێت له‌ داهاتوودا سه‌ردانێكی هاوشێوه‌ بۆ سه‌ر سنووری ئه‌رمینیاش ئه‌نجام بده‌ن.

له‌و باره‌شه‌وه‌ ئه‌بو فه‌زل عموئی، گوته‌بێژی لیژنه‌ی ناوبراو له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، ئامانجی ئه‌و سه‌ردانه‌یان بۆ ناوچه‌ سنوورییه‌كان بۆ له‌ نزیكه‌وه‌ تاوتوێكردنی گۆڕانكارییه‌كانه‌ له‌ قه‌ره‌باغ و گرژییه‌كانی نێوان ئه‌رمینیا و ئازه‌ربایجان له‌و ناوچه‌یه‌ و كاریگه‌رییه‌كانی بۆ سه‌ر ناوچه‌ سنوورییه‌كانی ئێران.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، به‌گوێره‌ی ئاماره‌كانی ئێران، تا ئێستا 35 گوللـه‌ هاوه‌ن له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كانی نزیك هه‌رێمی قه‌ره‌باغ له‌ناو خاكی ئێران كه‌وتوونه‌ته‌ خواره‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ زیانی ماددی به‌ر یه‌كه‌كانی نیشته‌جیبوون له‌ هه‌ردوو ناوچه‌ی خودا ئافرین و ئه‌سلاندۆرز گه‌یشتوون، منداڵێكیش بریندار بووه‌ و ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ش له‌ترسی بۆردومانه‌كان ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووه‌.

شه‌وی رابردووش وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران هۆشداری دایه‌ هه‌ریه‌ك له‌ ئازه‌ربایجان و ئه‌رمینیا، له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ر ده‌ستدرێژییه‌ك بۆ سه‌ر خاكی ئێران و جه‌ختی له‌سه‌ر رێزگرتن له‌ سه‌روه‌ری كۆماری ئازه‌ربایجان و بنه‌ماكانی ده‌ستدرێژینه‌كردنه‌ سه‌ر هاووڵاتیان سڤلی كرده‌وه‌.








ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق