فارس نەوڕۆڵی
-
وەک دەزانن ناوچەکە لەبەردەم بەرجەستەبوونی گۆڕانکاریدایە مێژوویەکی نوێ وجیاواز لە دوێنێ دەخولقێنێ، ئەمەش لە داڕشتنەوەی سیستمێکی نوێی سیاسیدا خۆی دەبینێتەوە. بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە بەریەککەوتنی بەرژەوەندیەکان و جەنگی مەزهەبی و فراوانخوازییەکانی تورکیاو ئێران، سیستمی جیهانیان خستووەتە ژێر پرسیارەوە. بۆیە هێڵەکانی دابەشبوونی جیهان بۆ دوو بەرە هەتا دێت تۆختر دەبێتەوە. پرسیارەکە ئەوەیە کورد لە نێوان بەرداشی ئەم دووبەرە یەدا چۆن جوڵەبکات؟ ئەگەر بچینەوە بۆ دوێنێ لە کۆتایی هەموو جەنگە گەورەکاندا کورد بە دۆڕاوی هاتووەتە دەرەوە ،بۆچی؟ ئەمە لەجێگای دیکە قسەی لەسەر دەکەین. کەواتە پێویستە لەم ساتەوەختەدا زۆر هەستیارانە دەست و پەنجە لەتەک پێشهاتە ناوخۆ ی و دەرەکیەکاندا نەرم بکەین، ئەمەش پەیوەندی بە ڕاگرتنی هاوسەنگییەوە هەیە لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا ، پێویستی بەئامادەکارییەکی نێو ماڵی کوردیی هەیە،ئەم ڕاگرتنەش پەیوەندی بەهەنگاوەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکایەتییەوە هەیە، کە دەبێت لەجوڵەسیاسی ودبلۆماسییەکانیاندا هەنگاوێک بۆ دەرەوەی ماڵی کوردوو دوو هەنگاو بۆ ناوەوە ی ماڵی کوردستانی هەڵگرن . سەبارەت بە دەرەوە دەبێت بزانین ئێستا سەنگی کورد چەندە؟ کورد لەکوێی بەرژەوەندی زلهێزەکاندایە؟چۆن بەرژەوەندییەکانی ئەوان لەتەک دۆخی خۆمان نزیککەینەووە؟تاوەک دووهێزی بەرامبەرمامەڵە بکەین ، ئەمە بۆ بەڕێزتان و شارەزایانی ئەو بوارە جێدەهێڵم، چونکە دەزانم بەڕێزتان وەک نێچیرەوان بارزانی وسەرۆکی هەرێم هێشتا ژمارەیەکی قورسن لە هاوکێشە سیاسیەکاندا. لەئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و خۆییدا گەمەکەرێکی باشی ڕاگرتنی هاوسەنگین. بۆیە ئەو خەڵکانەی بیر دەکەنەوە بێ جیاوازی بیروڕا ئومێدیان پێتە چوونکە ووە ک سەرکردەیەکی خاوەن دەروونی هۆشمەند دەتبینن.
لێرەدا دەمەوێ لەسەر گەڕانەوە بۆ ناوخۆ قسەبکەم گەڕانەوەبۆقووڵای کوردیی . بەڕێز سەرۆک، ئێوە ئێستا باڵاترین دەسەڵاتی یاسایی کوردستانن کە کۆدەنگی گشتیتان لەسەرە.
بۆیە دەمەوێ قسە لەسەر گەڕانەوەت بۆ ناوەوە بکەم . ئێستا نەتەوەکەت کەبەڕێزتان سەرۆکین ، لەبۆشاییەکی ڕۆحی و سەرگەردانییەکی فیکریدا دەژی، ئەمەش بەردەوام بێهیوایی بەرهەم دەهێنێ، کاتێک گەنجان و ڕۆشنبیران و خەڵکی دیکە بەگشتی بێهیوا بوون کۆمەڵگا بەرەو سەرە و لێژبوونەوە دەڕوات و ئامانجی نامێنێت. کاتێک کە میللەتێکیش ئامانجی نەما دەبێت بە دوژمنی خۆی، چونکە ژیان مانایەکی نامێنێ کە ئامانجێک نەبێت بۆی بژیت. ئەگەر ئێستا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ورد بخوێنیتەوە هەمووی بووە بە دوژمنی یەک و هیچ بەهایەک نەماوە هەتا دێ دنیای ئێمە لەیەک دوور دەکەوێتەوە و خاڵی هاوبەشمان نامێنێت هەرچی وزەی کوردی هەیە دژی یەک بەکاری دێنین بەردەوام لە بۆنە و ڕووداوە ناخۆشەکاندا وڵات پەلکێش دەکەینەوە بۆ ساتە پڕ ئازارەکان، بۆ زاکیرەی شەڕو یەکتر کوشتنەکان. هەر دوازدە یاساکەی دەروونناسی
لە دەروونی تاکی کورددا تێکچووە. ئەمەش بەرەنجامی ئەو شەڕە فەرهەنگیەیە کە دژی کورد بەڕێوە دەچێت. لەم شەڕە فەرهەنگییەدا (باوەڕەکانمان، خواستەکانمان، بایەخەکانمان ) کراونەتە ئامانج هەتا ڕادەیەکی زۆریش ئەوان سەرکەتووبوون ئێمەیان گەیاندە ئەم دۆخە غەمناکە. بۆیە پێویستە بەڕێزتان لەسەر بنەمای هەنگاوێک بۆ دەرەوە و دوو هەنگاو بۆ ناوەوە بەرنامەی نوێتان دابڕێژنەوە گەڕانەوە بۆ ناوەوەی ڕۆحی کوردی. ئەمەش بەرمەبنای کرانەوەی زیاتری نێوان بەڕێزتا نوو نەتەوەکەت لە تەک دەستەبژێر، لە سیاسی، لەئەکادیمییەکان لە ڕۆشنبیران کە بە بەرنامەیەکی تۆکمە بانگیان بکەیت بۆ بیرکردنەوە، بۆ گفتوگۆ، دەشزانم زۆرێک لە سیاسی و لە حزب و لە ڕۆشنبیران هەر قسەیان هەیە و هیچ پرۆژەیەکی گەورەیان نییە، بۆیە دەکرێ کەسانی پەراوێزخراو هەبن و پرۆژەی جوانیان بۆ ئەم نەتەوەیە پێبێت .
واتە گەڕانەوە یەکی قووڵ. و گشتگیر هەموو ئەمانە لەسەرشانی بەڕێزتانە. دەشزانم ئەرکتان قورسە ڕێگری زۆر دێتە بەردەم و بەربەستەکان زۆرن ،دەشزانم گۆچانەکەی مووسات بەدەستەوە نیە، کەلەساتەوەختێکدا ئەم ڕۆحەبیمارەچارەسەرکەی بەڵام ئەوە قەدەری سەرکردەی ڕۆژە سەخت و ناهەمووارەکانە دەبێت خەبات بۆ ئامانجە گەورەکان بکات و بە حیکمەت بەربەستەکان تێپەڕێنێت ، وەکو گووتوویانە:
( مرۆڤ کە خەونی گەورەی هەبوو، ڕەحم بە خۆی ناکات) ئیتر ئەوەش قەدەری سەرکردەیە. بۆ ئەمەش هەنگاوێک بۆ دەرەوە ماڵی کوردوو ، دووهەنگاووگەڕانەوەبۆماڵی کوردی پێویستە، چونکە دەرەوەیەکی بەهێز پێویستی بە ناوەوەیەکی پتەو هەیە، نەمویست هەموو شتیش لێرەدا بنووسم.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق