لوبنان داوای کاپتن و خاوەنی کەشتیەکەی بەندەری بەیرووت دەکات

ليست هناك تعليقات



حکومەتی لوبنان داوا لە پۆلیسی ئینتەرپۆل دەکات کاپتن و خاوەنی ئەو کەشتییە دەستگیربکات کە لە 4ـی ئاب لە بەندەرێکی بەیرووت تەقییەوە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 200 کەس.

نزیکەی دوو مانگ بەسەر مردنی سەدان و برینداربوونی هەزاران کەس لە بەیرووت تێدەپەڕێت، تاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوەکان لە هۆکاری رووداوەکە بەردەوامە و دیار نییە کە ئەو کەشتییەی کە تەقییەوە بۆ لەو شوێنە بەجێهڵێرابوو.

تاوەکو ئێستا پۆلیسی لوبنان سزای زیندانی بەسەر نزیکەی 20 کەسدا سەپاندووە بەهۆی کەمتەرخەمی لە شێوازی هەڵگرتن و مامەڵەکردن لەگەڵ کەشتییەکە، حکومەتی لوبنان لە نوێترین بڕیار لەبارەی تەقینەوەکە بەفەرمی داوا لە پۆلیسی ئینتەرپۆل دەکات کە کاپتن و خاوەنی کەشتییەکە دەستگیربکرێن.

بۆریس پرۆکۆشێڤ، کاپتنی کەشتییەکە پیاوێکی رووسییە لە ساڵی 2013 کەشتیەکەی لە بەندەرێکی بەیرووت داناوە. لەبارەی خاوەنی کەشتییەکە بۆریس دەڵێت، بزنسمانێکی رووسی بەناوی ئیگۆر گریچکۆشکین کە لە قوبرس دەژی، کەشتییەکەی بە کرێگرت بۆ گواستنەوەی بڕی زیاتر لە 2 هەزار تۆن لە نیتراتی ئەمۆنیۆم بۆ بەندەری پیرا لە مۆزەمبیق.

لەبارەی بەدواداچوونی پۆلیسی ئینتەرپۆل کریستۆس ئەندرو، گوتەبێژی پۆلیسی قوبرس بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ داوایەکی فەرمییان لەلایەن پۆلیسی ئینتەرپۆلەوە لەبارەی دەستگیرکردنی گرێنچوشکین پێنەگەیشتووە.

بەرپرسانی بەندەرەکەی بەیرووت پێش نزیکەی شەش ساڵ بەهۆی نەدانی کرێ و قەرزەوە رێگرییان لە رۆشتنی کەشتییەکە کردبوو، دواتر لە ساڵی 2014 تەقەمەنییەکانی نێو کەشتییەکە بۆ کۆگایەک گوازرانەوە و لەو کاتەوە لەوێ هەڵگیرابوو.

لە سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵ، تەقینەوەیەکی گەورە لە بەندەری بەیرووت روویدا، تەقینەوەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 190 کەس، برینداربوونی 6500 کەس و بێماڵوحاڵبوونی نزیکەی 300 هەزار کەس کە خانوو و شوقەکانیان، بەهۆی تەقینەوەکەوە زیانی بەرکەوت.

لەبارەی زیانە مادییەکانی تەقینەوەکە میشێل عۆن، سەرۆکی لوبنان رایگەیاند، تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووت زیاتر لە 15 ملیار دۆلار زیانی بە وڵاتەکەی گەیاندووە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif