هه‌ڵبژاردنى ئه‌مه‌ریكا شڕۆڤه‌ و شیكار

ليست هناك تعليقات


هاوار محمد یوسف

هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌مه‌ریكا، چوارساڵ جارێك به‌ڕێوه‌ ده‌چێت،ده‌كه‌وێته‌ یه‌كه‌مین سێشه‌ممه‌ى دواى دووشه‌ممه‌ى مانگى نۆڤێمبه‌ر بۆ ئه‌مساڵ واده‌كه‌ى رێككه‌وته‌ له‌گه‌ڵ 3/11. ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ كاریگه‌رى زۆرى به‌سه‌ر ته‌واوى دونیادا هه‌یه‌ به‌ تایبه‌تیش له‌ قه‌یرانه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، شه‌ڕ، ئاشتى، به‌ڵانسی سیاسى و سه‌ربازییه‌ جیهانییه‌كان،كه‌ش و هه‌وا و رێككه‌وتننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ گرنگه‌كان، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ زۆر جار هه‌ڵبژاردنى ئه‌مه‌ریكا به‌ هه‌ڵبژاردنى جیهان ناوزه‌د‌بكرێت و له‌ ڕووى میدیاییه‌وه‌ بایه‌خى زۆرى پێ ده‌درێت.

هه‌ڵبژاردنى ئه‌مه‌ریكا پڕۆسه‌یه‌كى ئاڵۆز و تێكهه‌ڵكێش و قۆناغ به‌ند كراوه‌، بۆیه‌ش مه‌رج نییه‌ ئه‌و كاندیده‌ى زۆرترین ده‌نگ له‌ سه‌رتاپاى وڵات به‌ ده‌ست ده‌هێنێت ببێت به‌ سه‌رۆك.

ده‌نگده‌رى ئه‌مه‌ریكى به‌ شێوه‌ى ڕاسته‌وخۆ سه‌رۆكى وڵاته‌كه‌ى هه‌ڵنابژێرێت، به‌ڵكو ئه‌و هاووڵاتیه‌ ئه‌مه‌ریكیانه‌ى كه‌ مافى ده‌نگدانیان هه‌یه‌ سه‌ره‌تا ئه‌نجوومه‌نى هه‌ڵبژاردن (Electoral college system) له‌ سه‌ر ئاستى ویلایه‌ته‌كان هه‌ڵده‌بژێرن، ئینجا له‌ قۆناغى دووه‌م دا ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه‌ سه‌رۆك هه‌ڵده‌بژێرێت.

قۆناغه‌كانى پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌مه‌ریكا

هه‌ڵبژاردنى ئه‌مه‌ریكا به‌ درێژترین و ئاڵۆزترین پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن داده‌نرێـت له‌ جیهاندا و به‌ چوار قۆناغدا تێپه‌ڕ ده‌بێت:

قۆناغى یه‌كه‌م:

هه‌ڵبژاردنه‌ به‌رایییه‌كان له‌ سه‌ده‌ى بیسته‌مه‌وه‌ بوونه‌ته‌ ئامرازى سه‌ره‌كى بۆ ده‌ست نیشانكردنى كاندیدى حزبه‌كان زۆر به‌ ده‌گمه‌ن نه‌بێـت، ئه‌گینا بردنه‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى به‌راییه‌كان كاندیدى حزبه‌كه‌ى بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى یه‌كلا ده‌كاته‌وه‌ و پاشانیش له‌ كۆنگره‌ى نیشتمانى پارته‌كه‌ى په‌سندى ده‌كات و به‌ فه‌رمى ده‌بێـته‌ پاڵێوراوى پارته‌كه‌ى وپشتیوانی لێ ده‌كرێـت.

قۆناغى دووه‌م:

له‌ سه‌ر ئاستى ویلایه‌ته‌كان كۆنفرانسى خۆ جێیی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و كامه‌ پاڵێوراو توانى زۆرترین پشتیوانى بۆ خۆى دابین بكات ئه‌و ده‌بێته‌ كاندیدى براوه‌، ده‌نگى نوێنه‌رانى ئه‌و ویلایه‌ته‌ بۆ خۆى مسۆگه‌ر ده‌كات، پاشان كۆنگره‌ ى نیشتمانییه‌كان.ئه‌و كۆنگرانه‌ن كه‌بوونه‌ته‌ نه‌ریتى به‌رده‌وام له‌ پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژادنه‌كانى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌مه‌ریكادا، كه‌ تێیدا ئه‌ندامه‌ بژارده‌كانى حزبه‌كان كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنێكى حزبیدا ده‌ست نیشان ده‌كرێن یان له‌ڕێ ى كۆنفڕانسى كادیره‌ پێشكه‌وتووه‌كانى حزبه‌وه‌، كه‌ پێى ده‌گوترێت كۆكه‌س (caucus)له‌ سه‌ر ئاستى ویلایه‌ته‌كاندا كۆده‌بنه‌وه‌و، ئاماده‌بوانى كۆنگره‌كه‌ له‌سه‌ر ئاستى ویلایه‌ته‌كان ده‌نگ به‌و كه‌سه‌ ده‌ده‌ن كه‌ ئاره‌زوو ده‌كه‌ن ببێـته‌ كاندیدى حزبه‌كه‌یان بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى، به‌مجۆره‌ پاڵێوراوى فه‌رمى حزبه‌كه‌یان بۆ هه‌ڵبژاردنى داهاتوو ده‌ست نیشان ده‌كه‌ن.

له‌م كۆنگره‌یه‌دا جیا له‌ ده‌ست نیشانكردنى كاندیدى فه‌رمى حزب پلان و به‌رنامه‌ و ستراتیژى حزبه‌كه‌ بۆ داهاتوى ئه‌مه‌ریكاو هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردن داده‌ڕێژرێت و له‌ ڕووى ڕاگه‌یاندنیشه‌وه‌، وه‌ك رووداوێكى سیاسى بایه‌خى پێ ده‌درێت.

قۆناغى سێیه‌م:

له‌م قۆناغه‌دا پاڵێوراوه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كان خۆیان ئاماده‌ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بچنه‌ ناو هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، هه‌نگاوى سه‌ره‌تاش به‌ ئاماده‌كردنى ستراتیژ و دروشم و به‌رنامه‌ى هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یان ده‌ست پێ ده‌كه‌ن.

ئه‌و قۆناغه‌ به‌وه‌ جیاده‌كرێتـه‌وه‌، كه‌ له‌ رووى (ماوه‌) كورته‌ به‌ڵام قۆناغێكى هه‌ستیاره‌و لێره‌وه‌ پێگه‌ و دیمه‌نه‌ گشتیه‌كان به‌ تایبه‌ت ئه‌نجامى راپرسیه‌كان دێنه‌ پێشه‌وه‌ و كاریگه‌ریان به‌سه‌ر ده‌نگده‌رى ئه‌مه‌ریكیه‌وه‌ ده‌بێت، چونكه‌ پاڵێوراوان ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كدى و دیبه‌یت و چالاكى جۆراو جۆر ئه‌نجام ده‌ده‌ن، له‌ دوا هه‌نگاوى ئه‌م قۆناغه‌شدا، پاڵێوراوان هه‌ڵمه‌ته‌كانیان له‌و ویلایه‌تانه‌ى چڕ ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ رۆڵ و كاریگه‌رى زۆریان هه‌یه‌ و ده‌توانن مه‌جراى هه‌ڵبژاردن یه‌كلا بكه‌نه‌وه‌ له‌ ژماره‌ى ئه‌و نوێنه‌رانه‌ى، كه‌ له‌ قۆناغى دوووه‌م ده‌نگ بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك ده‌ده‌ن.

قۆناغى چواره‌م:

له‌و قۆناغه‌دا، كه‌ له‌ دواى ته‌واو بوونى پڕۆسه‌ى ده‌نگدانى گشتى ده‌ست پێ ده‌كات، بریتیه‌ له‌ ده‌ست نیشانكردنى نوێنه‌رانى ویلایه‌ته‌كان، هه‌ر پاڵێوراوێك له‌ هه‌ر ویلایه‌تێك بردبێتیه‌وه‌ ته‌واوى ده‌نگه‌كانى نوێنه‌رانى ئه‌و ویلایه‌ته‌ بۆ خۆى مسۆگه‌ر ده‌كات.

ئه‌وه‌ى جێگاى تێبینییه‌ مه‌رج نییه‌ ئه‌و پاڵێوراوه‌ى كه‌ زۆرترین ده‌نگ به‌ده‌ست دێنێـت، زۆرترین نوێنه‌ر ده‌سته‌به‌ر بكات، به‌ڵكو جارى وا هه‌یه‌ له‌ سه‌ر ئاستى نیشتیمانى پاڵێوراوێك ده‌نگى كه‌متر به‌ده‌ست ده‌هێنێـت، به‌ڵام له‌ رووى ژماره‌ى نوێنه‌ره‌كانى ویلایه‌ته‌كان ژماره‌ى زۆرترى ده‌بێـت، به‌مه‌ش ده‌بێته‌ سه‌رۆك وه‌ك ئه‌وه‌ى ساڵى (2016) له‌ نێوان (تره‌مپ و هیلارى كلنتن) هاته‌ پێش.

له‌ دوا هه‌نگاوى ئه‌م قۆناغه‌دا، ده‌سته‌ى هه‌ڵبژاردن كۆده‌بێـته‌وه‌ و به‌ فه‌رمى ئه‌نجامه‌كان له‌سه‌ر ئاستى هه‌ر ویلایه‌تێك په‌سند ده‌كات، ئینجا ده‌یان نێرێت بۆ كۆنگرێس تا له‌ (20)ى یه‌نایر به‌ ئاماده‌بوونى ئه‌ندامانى ئه‌نجامه‌كه‌ پشتڕاست بكه‌نه‌وه‌ و بۆ دواجار ئه‌وانیش په‌سندى بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بكه‌وێـته ‌وارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

سیسته‌مى ئه‌نجوومه‌نى هه‌ڵبژاردن

Electoral College System:

ژماره‌ى نوێنه‌رى ویلایه‌ته‌كانى ئه‌مه‌ریكا بۆ قۆناغى دووه‌مى ده‌نگدان كه‌ تێیدا سه‌رۆك به‌ شێوه‌ى راسته‌وخۆ له‌ لایه‌ن ئه‌م نوێنه‌رانه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێت به‌مجۆریه‌، كه‌ له‌ سه‌ر ئه‌م نه‌خشه‌یه‌ى خواره‌وه‌ روونكراوه‌ته‌وه‌.



پێكهاته‌ى ئه‌نجوومه‌نى هه‌ڵبژاردن:

كۆى ده‌نگى ئه‌ندامانى ده‌سته‌ى هه‌ڵبژاردن له‌ (50) ویلایه‌تى ئه‌مه‌ریكا بریتیه‌ له‌ (538) ده‌نگ كه‌ (3) ده‌نگیان بۆ واشنتن دى سى یه‌، كه‌ پایته‌ختی وڵاته‌ و ویلایه‌ت نییه‌.

سه‌رۆك پێویسته‌ (270) ده‌نگ به‌ده‌ست بێنێت بۆ ئه‌وه‌ى ببێـه‌ سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا.

مه‌رجه‌كانى پاڵێوراوى سه‌رۆكایه‌تى:

له‌ ماده‌(2) و(1) ده‌ستوورى ئه‌مه‌ریكادا هاتووه،‌ كه‌وا كاندیدى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌مه‌ریكا پێویسته‌ ئه‌م مه‌رجانه‌ى تێدا بێته‌دى:

1- پێویسته‌ له‌ دایكبووى ئه‌مه‌ریكا بێت، یان لانى كه‌م (14) ساڵ بێـت دانیشتووى هه‌میشه‌یی وڵات بێـت.

2- ته‌مه‌نى له‌ (35) ساڵ كه‌متر نه‌بێت.

ئه‌و مه‌رجانه‌ بۆ جێگرى سه‌رۆكیش چوون یه‌كن.

له‌هه‌موارى دوازده‌ى ده‌ستوورى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانى ئه‌مه‌ریكادا هاتووه‌، كه‌ نابێـت سه‌رۆك و جێگره‌كه‌ى خه‌ڵكى هه‌مان ویلایه‌ت بن.

رۆڵى حزبه‌ سیاسییه‌كان له‌ ئه‌مه‌ریكا:

له‌ ساڵى (1787) ده‌ستوورى ئه‌مه‌ریكا داڕێژراو په‌سند كرا، له‌م كاته‌دا هیچ جۆره‌ دیدگا و تێڕوانینێك بۆ ڕۆڵی حزب دیارى نه‌كرا.

سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش له‌ ساڵى (1800) ئه‌مه‌ریكا بووه‌ یه‌كه‌مین وڵات كه‌ بوارى ڕه‌خساند بۆ دروستبوونى حزبی سیاسى و په‌ره‌سه‌ندنیان له‌ سه‌ر ئاستى نیشتمانى بۆ ئه‌وه‌ى ببنه‌ فاكتۆرى ده‌ستاو ده‌ستكردنى ده‌سه‌ڵاتى راپه‌ڕاندن له‌ رێگه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌.

به‌ڵام رۆڵى حزبه‌ سیاسییه‌كان له‌و كاته‌دا له‌ چوارچێوه‌ى فراوانتركردنى بازنه‌ى مافى ده‌نگده‌رانه‌وه‌ گۆشه‌گیر كرابوو، چونكه‌ له‌م ده‌مه‌دا ته‌نها پیاوانى خاوه‌ن موڵك و سه‌رمایه‌داران مافى ده‌نگدانیان هه‌بوو.

سیسته‌مى دوو حزبی:

مۆنۆپۆڵكردنى مه‌یدانى سیاسى بۆ ته‌نها دوو حزب ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ:

یه‌كه‌م: سیما و سسته‌مى بونیادى سیاسیى له‌ وڵاته‌دا كه‌ خۆى له‌ نوێنه‌رانى ویلایه‌ته‌كاندا ده‌بینێته‌وه‌.

دووه‌م: سیسته‌مى هه‌ڵبژاردنى نوێنه‌ر بۆ سنوورێكى دیاریكراو رێگه‌ خۆشكه‌ره‌ بۆ ئه‌وه‌ى پاڵێوراوى یه‌ك حزب بیباته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ده‌بێـته‌ هۆكارى زیان گه‌یاندن به‌ حزبه‌ بچووكه‌كان و كه‌سانى بێلایه‌ن، چونكه‌ حزبه‌ بچووكه‌كان به‌ گشتى ئه‌وانه‌ن، كه‌ له‌ لایه‌ك تواناى داراییان لاوازه‌ و له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌ پاڵپشتى جه‌ماوه‌ریان وه‌كو پێویست نییه‌.

سێ یه‌م: مێژووى دوور و درێژى ئه‌م دوو پارته‌ سیاسیه‌ بوونه‌ته‌ واقیعێكى زیندوو له‌و وڵاته‌دا.



هۆكاره‌كانى دوو حزبی له‌ ئه‌مه‌ریكادا:

یه‌كه‌م: چونكه‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كان باوه‌ڕى ته‌واویان به‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ ئه‌م دوو حزبه‌ سه‌ره‌كیه‌ وه‌ڵامى پێویستیان بۆ ته‌واوى داواكارییه‌كانیان لایه‌ و ده‌توانن له‌ ئاست خواست ویسته‌كانیان دابن.

دووه‌م: له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكییه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى، به‌ شێوه‌یه‌كى ستراتیژى بیرده‌كه‌نه‌وه‌، زیاتر له‌وه‌ى بیر له‌ بیرو باوه‌ڕى حزبی و سیاسى بكه‌نه‌وه‌.

سێ یه‌م: هه‌ردوو حزبه‌كه‌ تواناى خۆگونجاندن و ئاڵوگۆڕى داواكاری كۆمه‌ڵگه‌ى ئه‌مه‌ریكیان هه‌یه‌، كه‌ بیكه‌نه‌ به‌رنامه‌ى تایبه‌تى خۆیان له‌هه‌موو ئان وساتێكدا.

چواره‌م: بوونى سیستەمى ده‌سته‌ى هه‌ڵبژاردن (Electoral college system).

مامۆستاى زانكۆ 



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق