کازمی: ئەمریکا بە داخستنی باڵیۆزخانەکەی هەڕەشەی لێنەکردووین

ليست هناك تعليقات


سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەمریکا بە داخستنی باڵیۆزخانەی خۆی لە بەغدا هەڕەشەی لێنەکردووین و هەڕەشە لە هیچ وڵاتێکیش قبووڵ ناکەین.

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ شەممە 03-010-2020، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی فەرمی عێراق رایگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە داخستنی باڵیۆزخانەی خۆی لە بەغدا هەڕەشەی لێنەکردووین، بەڵکو ئەمریکا بێزارە و نیگەرانە بۆ پاراستنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی، ئەوەش مافی خۆیەتی، بەڵام ئەو داخستنە دووچاری قەیرانی راستەقینەمان دەکات و لێکەوتەی ترسناکی دەبێت، ئەوەش دەبێتە هۆی داڕمانی راستەوخۆی ئابووری".

کازمی بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەمریکا وڵاتێکی زلهێزە رایگەیاند " ئەمریکا پەیوەندییەکانی بەندن بە بەرژەوەندییەوە، بۆیە دەبێ بەرژەوەندییەکانی خۆمان لەگەڵ ئەمریکا لە بوارەکانی ئابووری، خوێندن، تەندروستیی و ئاسایش بپارێزین، کەسانێک هەن هەوڵی رێگریی لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ واشنتن دەدەن، بە ناونیشانی رسوا و هاوێشتنی مووشەک، کە بەردەبنەوە سەر عێراقییەکان، دواترینیشیان رووداوەکەی رەزوانییە بوو".

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەشێکی دیکەی هەڤپەیڤینەکەدا گوتی "بەوانە دەڵێم کە رەخنە لە پەیوەندییەکان دەگرن، بەشێکیان پێش ساڵی 2003 چوون بۆ کۆشکی سپی بۆ داواکردنی یارمەتی بۆ رووخاندنی سەدام حوسێن، ئەمریکاش هاوکاری کردین بۆ رووخاندنی سەدام، هاوکات دەبێ بیرمان نەچێ کەوا لە شەڕی داعش هاوکاریکردین، هەرچەندە ئەمریکا لە قۆناخی داگیرکردنی عێراق هەڵەی گەورەی کرد."

مستەفا کازمی رایگەیاند کە ئەوان شەرم ناکەن لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەوانەی کەوا شکۆی عێراق و عێراقییەکان بپارێزێ و راشیگەیاند " دەبێت بۆ بونیادنانی ئایندەیەکی باشتر ئاگرەکان بکوژێنینەوە و کۆتایی بە هەموو کێشەکانمان بهێنین، بەڵام هەڕەشە لە هیچ وڵاتێک قبووڵ ناکەین".

سەبارەت بە دانوستاندنی ستراتیژی عیراق لەگەڵ ئەمریکا، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: "دەستکەوتنی مێژووییمان بەدەستهێنا، لەوانە گواستنەوەی هێزەکان بۆ دەرەوەی عێراق، لەگەڵ دەرچوونی هێزەکان لە بنکەکانی عێراق، لەوکاتەشەوە 2500 سەرباز گواستراونەتەوە بۆ دەرەوەی عێراق، ئیتر چیمان دەوێ؟ ئایا هەڵسوکەوتی تێکدەرانەمان دەوێ؟".

کازمی سەبارەت بە کابینەکەی خۆی ئەوەی باسکرد کە "کابینەکەی کاردانەوەی کۆمەڵایەتییە، کە دۆخی کۆمەڵایەتی بەرهەمیهێنا، چونکە گەل هەستی کرد عێراق و ئێستا و ئایندە لە هەڕەشەدایە، بۆیە ئەم حکومەتە حکومەتی چارەیە نەک قەیران، کاریش دەکەین بۆ بەدیهێنانی داواکارییەکانی گەل و مەرجەعییەت و تەنانەت لایەنە سیاسییەکانیش".

مستەفا کازمی لە درێژەی قەسەکانیدا گوتیشی، کێشەکە لە نەریتی سیاسیدایە، لایەنە سیاسییەکان مافی خۆیانە لە پرۆسەی سیاسیدا بەشداربن، بەڵام لە ساڵی 2003ـەوە تاوەکو راسپاردنم شکستێکی ترسناک روویدا، ئێمە پێویستمان بە پێدانی هیوایەکە بە شەقام، زۆربەی وەزیرەکانم لە ناو وەزارەتەکانەوە دەستنیشان کران، بۆیە کەسانێک بەوە قایل نەبوون و کەسانێکی دیکە بەناچاری قبووڵیان کرد.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق