نێچیرڤان بارزانی قبووڵی کردووە

ليست هناك تعليقات



تەنیا کوردی
-
بەرھەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراقی فیدڕاڵ، دەستپێشخەری کۆبوونەوەی ھەر سێ سەرۆکایەتی ھەرێم بوو، ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکی ھەستیاردایە، لە قوڵایی ستراتیژییەوە قەیرانەکان بەرۆکی عێراقیان گرتووە و لێکەوتەکانیشی بەسەر ھەرێمی کوردستانەوە دیارن..حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی عێراق لە قوڵایی قەیرانی دارایی دان، قەیرانی سیاسی ناوچەکەی گرتووەتەوە، کێشەی پەکەکە لە ھەندێ ناوچەی جیوگرافی ھەیە کە تورکیا ھەزمی ناکات، کێشەی حەشدی شەعبی ھەیە ئەمەریکا ھەزمی ناکات، ئێران لای ئاسایی نییە دەستبەرداری عێراق بێت وەک ئەوەی ئەمەریکا دەیەوێ، بەڵام...

-سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەمیشە وەک رابردوو بە دیلی گفتوگۆ لای ئەم ھەر گفتوگۆیە، بۆیە ئەم دەستپێشخەرییەی د.بەرھەم ساڵحی بۆ دیداری لوتکە لە ھەولێر قبووڵ کرد وەک چۆن سەرۆک نێچیرڤان راگری باڵانسی ھەرێم بووە کە نەیھێشتوە کورد بخرێتە نێو چاڵێکی سیاسی لە ناوچەکە وەھایش لە ئێستادا دەیەوێ پێگەی دیپلۆماسی کورد لە ناوچەکەدا گەشەی زیاتر بکات.

-سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، باوەڕی وایە کە بە یەکتیمی نێوان ھەولێر و بەغدا لەم کاتە ھەستیارە سوودمەندی سەرەکی خەڵکی ھەرێم و عێراق دەبن کە وەک چۆن ئەندازیاری پشتەوەی رێککەوتنی ھەولێر و بەغدا بوو بۆ شنگال، وەھایش ئەم یەکتیمییە دەبێتە ھەنگاوێکی دیکەی دیپلۆماسی بۆ چەند دەستکەوتێکی دیکەی نوێی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، چونکە سرووشتی نێچیرڤان بارزانی وایە کە بەبێدەنگی و دوور لە چاوی مێدیا قەیرانەکان تێدەپەڕێنێت، ھەمیشە راوێژی لەگەڵ حزبە سیاسییەکانە و ئەمەش وایکردووە کە بۆشاییەکانی نێوماڵی کورد گەورەتر نەبێت.

-لە دوای رووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەر، لە دوای ریفراندۆم، سەخت بوو سەرکردە باڵاکانی حزبە سیاسییەکان بەیەکەوە کۆببنەوە، بەڵام ئەم بیردۆزەی کە نێچیرڤان بارزانی "بەدیلی گفتوگۆ ھەر بە گفتوگۆ" دەزانێ، توانی کۆیان بکاتەوە و جارێکی دیکە یەکگوتاری سیاسی کورد لە ھەرێم و بەغدا رێکبخاتەوە، ئەمڕۆیش کە ھەر سێ سەرۆکایەتییەکە لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق کۆبوونەوە دەسپێکێکی تازەیە کە دەسەڵاتی دیپلۆماسی شەرعی ھەرێم و عێراق، شەرعیەت بدەنە شایستە یاساییەکانی ھەرێمی کوردستان کە پێشوەختە کارتی کورد لە ھەرێم و عێراقدا لەسەر مێزی گفتوگۆ بێت بۆ ھەر دەرفەتێکی نوێ و بە تایبەت لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لە پێشھاتەکانی ناوچەکە.

-کاتی خۆی شەھید سامی عەبدولڕەحمان کە سەرۆکایەتی شاندی پارتی دەکرد بۆ گفتوگۆ لەگەڵ یەکێتی، شاندی یەکێتی لێیان پرسی ئێمە رێککەوتووین ئەی بۆچی رێککەوتنەکە رانەگەیندرێ و ھەر درێژە بە کۆبوونەوەکان دەدەین، لە وەڵامدا شەھید سامی پێی گوتن کە "دیمەنی پێکەوەبوونی ئێمە کە دەردەکەوین گرینگە و دەبێ کەمێک درێژە بە گفتوگۆکان بدەین تا رای گشتی و جەماوەری ھەردوو حزب یەکتر قبووڵ بکەن و ئاشتەوایی گەشە بکات"، ئێستاش ئەگەر ساردییەک لە رابردوو لە نێوان سەرکردە سیاسییەکان ھەبووە بەردەوامی ئەم دیدارانە وا دەکات کە جەماوەری ھێز سیاسییەکان لە جیاتی پەلاماری یەکتر بدەن یەکتر قبووڵ دەکەن، ئەمەش بۆ یەکگوتاری و یەکریزی کورد لە ھەرێم و عێراق گرینگە.

-نێچیرڤان بارزانی ھەر دیالۆگێکی قبووڵکردووە کە ببێتە ئاشتەوایی سیاسی و یەکریزی کورد لە ھەرێم و بەغدا، ھەروەھا بەھۆی دووربینی لە تێگەیشتنی کۆدەکانی وڵاتانی ئیقلیمی لە ناوچەکەش ھەمیشە ھەرێمی کوردستانی بەدوور گرتووە کە نەبێتە تەرەفێک لەسەر ئەکاونتی ھیچ ھێزێکی ئیقلیمی و، باڵانسی ھەرێمی لە ناوچەکە راگرتووە، بۆیە ئەم کۆبوونەوانە لە کاتێکی گرینگدان و رای گشتی کوردستانیش ئەم یەکریزییەی دەوێ، نەوەک بارگرژی ببێتە کەناڵی پەخشی سیاسی، گرینگیشە لەم ھەنگاوە حزبە سیاسییەکانی ھەرێم پاڵپشتی سەرۆکی ھەرێم بکەن، چونکە دەمێکە سەرۆکی ھەرێم بە کردار دەڵێ، سەرۆکایەتی ماڵی ھەمووانە بەبێ جیاوازی. گرینگە حزبە سیاسییەکان گرژییەکان بنێژن، چونکە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کۆشکی سەرۆکایەتی کردووە بە ناشتنی گرژی سیاسی و چاندنی یەکڕیزی، ھەروەھا گرینگیشە حزبە سیاسییەکان لەسەر ئەم نیەتە ئەم ماڵە ئاوادانتر بکەنەوە، چونکە چارەنووسی کورد بەندە بە یەکڕیزی نێو ماڵی کوردستانەوە.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif