ئەمریکای جۆ بایدن زۆر جیاواز دەبێت لە ئەمریکای دۆناڵد ترەمپ، بەتایبەتی لە سیاسەتی دەرەوە. یەکێکیان خۆی بە برادەری ئەردۆغان دەناسێنێت و ئێرانی بە سزای ئابووری برسی کردووە، ئەوی دیکەیان دەیەوێت وەکو ئۆباما نەرمی لەگەڵ ئێران بنوێنێت و رەخنە لە ئەردۆغان دەگرێت.
بەڵام کامە کاندید بۆ کورد باشە؟ جۆ بایدن کە هەمان بۆچوونی ئۆبامای هەیە دەربارەی سیاسەتی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێیوایە پێویستە ئەمریکا لە ئێران نزیکبێتەوە، یاخود دۆناڵد ترەمپ کە باوەڕی بەوەیە ئەمریکا پێویستە لە ناوچەکە بکشێتەوە و ئیتر لەمە زیاتر زۆر پشتگیریی هاوپەیمانەکانی نەکات.
جۆ بایدن، بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەڵێت "دوا شت کە من بمکردایە سازشکردن بوو بۆ ئەردۆغان دەربارەی کورد. هەرگیز ئەوەم نەدەکرد، من پێشتر دوو کۆبوونەوەی ئاوام دەربارەی کورد لەگەڵ ئەردۆغان ئەنجامداوە و نەگەشتینە رێککەوتن".
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت "کورد شەڕکەری باشن و خەڵکی زۆر باش و مەزنن. ئێمە ئێستا گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە دەکەین".
بەڵام بە کردار ترەمپ دوای ساڵێک لەو وەڵامەی بۆ رووداو، رێگەی بە تورکیا دا هێرش بکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان و بایدن کاتێک لە دەسەڵات بوو، کە جێگری ئۆباما بوو، پاڵپشتیی لە سیاسەتی بەهێزکردنی نووری مالکی و دەسەڵاتی مەرکەزی دەکرد لە عێراق.
بێنی ئێڤنی، کەسایەتیی نزیک لە ئیدارەی ترەمپ و شرۆڤەکاری سیاسەتی نێودەوڵەتی گوتی "ترەمپ ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراوی نییە. بیرۆکەیەکی روونی نییە کە چی بکات لە حاڵەتە جیاوازەکاندا، ئەو تەنها کاردانەوەی هەیە بۆ حاڵەتێکی دیاریکراو".
ئەمەش جیاوازیی سەرەکیی ترەمپە لەگەڵ بایدن و وایکردووە نوێنەرانی زۆربەی وڵاتانی هاوپەیمانیی ئەمریکا لێرە بترسن لە چوار ساڵی دیکەی حوکمی دۆناڵد ترەمپ و بڕیارە لەناکاو و چاوەڕواننەکراوەکانی.
جۆ بایدنیش تاوەکو ئێستا وردەکاریی بۆچوونی خۆی دەربارەی سیاسەتی دەرەوەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روون نەکردووەتەوە، هەرچەندە دیموکراتەکان نەرمترن بەرامبەر بە ئێران و وەکو کۆماریەکان باوەڕیان بە کشانەوە و کەمکردنەوەی رۆڵی ئەمریکایە لە ناوچەکە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق