ع.ع. شەونم، لە تەمەنی ٩٥ ساڵیدا كۆچی دوایی كرد

ليست هناك تعليقات



سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ نووسەر و ئەدیبی کورد عەلی عەبدوڵڵا، ناسراو بە (ع. ع شەونم) لە تەمەنی 95 ساڵیدا لە سلێمانی کۆچی دواییکرد.

ئەو ئەدیبە ناسراوەی کورد ساڵی 1929 لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە، بۆیە تەرمەکەشی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەر دەبرێتەوە زێدی خۆی و لە گۆڕستانی گوڵان، لەپاڵ چەندین زانای دیکەی ئەو دەڤەرە بە خاک دەسپێردرێت.

شەونم یەکێک بوو لە مامۆستا بەتواناکانی بواری پەروەردە و فێرکردن، جگە لەوەش، دەنگخۆش، ئاوازدانەر، شێوەکار، خۆشنووس و مێژوونووس بووە، هەروەها شارەزا بووە لە زمانی کوردی و عەرەبی و فارسی.

یەکێک لە هۆنراوە نیشتمانییەکانی ع. ع شەونم، سروودی (جەژنە جەژنی کوردستانە جەژنی نەورۆزە...بە تیشکی ئاگر ئەنووسم جەژنە پیرۆزە)یە، کە ئاوازەکەشی هەر هی خۆیەتی.

عەلی عەبدوڵڵا، لە ئەدەبی منداڵانیشدا شوێندەستی دیارەو بۆشایییەکی گەورەی پڕکردووەتەوە، کە هەوڵی داوە لە زمانی منداڵانەوە هانیان بدات بۆ کاری باشە و دوورکەوتنەوە لە خراپەکاری.

شەونم یەکێکە لە دامەزرێنەرانی (یەکێتیی نوسەرانی کورد) لقی بەغدا، ساڵانێک لێپرسراوی چالاکی قوتابخانەکانی سلێمانی بووە، یەکەم خەڵاتی شیعری بنکەی ئەدەبی و رۆشنبیریی سلێمانی پێبەخشراوە.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif