داودئۆغڵو: هەڵەیە لەسەر بنەمای "کورد هەڕەشەیە" سیاسەت بکەین

ليست هناك تعليقات


لە پرۆگرامێکی تەلەڤزیۆنیی تایبەتیدا ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە و سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا باسی لە سیاسەت و هەنگاوەکانی تورکیا لە عێراق و سووریا کرد.

داودئۆغڵو بە پێویستی زانی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستانیش پەیوەندی لەگەڵ کورد دروست بکات و گوتی: "بۆ ئەوەی هەمان هەڵەی عێراق دووبارە نەکەینەوە، نابێت مامەڵەی جیاجیا لە سووریادا بکەین و تەنیا لەسەر هەڕەشەی کورد سیاسەت بکرێت. کەسانێک دەیانەوێت بڵێن هەڕەشەی کورد، بەڵام لەوێدا هەڕەشەی پەکەکە هەیە. بیرۆکەی ئێمە وەها بوو؛ چۆن لە باکووری عێراقدا پەیوەندیی نزیکمان لەگەڵ بارزانی و کوردی دەرەوەی پەکەکە هەیە، لە سووریاشدا هەوڵی زۆرمان دا بۆ ئەوەی کوردی دەرەوەی پەکەکە لە خۆمان نزیک بکەینەوە و پەیوەندییان لەگەڵدا دروست بکەین".

داودئۆغڵو بابەتەکەی بە پرۆسەی ئاشتییەوە گرێدا و گوتی: "کاتێک ساڵی 2013 پرۆسەی چارەسەری کارا کرا، ئێستا هەمووان ئەمەیان بیرچووەتەوە، بەڕێز ئەردۆغانیش بیری چووەتەوە، بەتایبەتی لەگەڵ دەستپێکردنی پەیوەندی لەگەڵ باخچەلی. ئەوکاتەی پۆستی سەرۆکوەزیرانی رادەستی من کرد بەڕێز ئەردۆغان گوتی؛ دوو ئەمانەتم بۆت هەیە کە ئەوانیش پرۆسەی چارەسەری و رووبەڕووبوونەوەی گولەنییەکانە".

داودئۆغڵو لەبارەی ئەو سیاسەتەی تورکیا لە سووریا و عێراق پەیڕەوی کردووە گوتی: "لەگەڵ هاتنی بەهاری عەرەبی هێڵێکمان لە باشووری تورکیا کێشا کە لە سلێمانیی عێراقەوە دەستپێدەکات، باشووری موسڵ، باشووری کەرکووک، باشووری حەسەکە، باشووری رەققە، باشووری حەلەب، باکووری حومس، تا دەگاتە لازقیە و تارتووس. هەمیشە دەمگوت ئیدی ئێرە هێڵی ئاسایشی تورکیایە. هەموو شتێکی ئەو ناوچەیە 100 ساڵی داهاتووی تورکیا دیاریدەکات".

داودئۆغڵو جەختیکردەوە کە هاتنی داعش بە پێچەوانەی ئەوەی دەگوترێت لە بەرژەوەندیی تورکیا بووە، گورزێکی گەورە بوو بەر تورکیا کەوت. لەمبارەیەوە سەرۆکی پارتی ئایندە گوتی: "ئێمە پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ موسڵ هەبوو. پارێزگاری موسڵ کەسێکی نزیک لە تورکیا بوو. ئەنجوومەنی پارێزگای موسڵ ناوبەناو لەگەڵ تورکیا کۆدەبوونەوە، کورد، عەرەب و تورکمانی موسڵیش راوێژیان بە تورکیا دەکرد کە کێ بکەنە پارێزگار. بەغداش بەمە نیگەران نەبوو. بەڵام هاتنی داعش لەو هێڵەی باسمکرد وەکو خەنجەرێک بوو لە تورکیا درا و بە ئەنقەستیش داعش ئاراستەی ئەو ناوچەیە کرا. هەندێک دەڵێن داعش پشتیوانیی لە تورکیا وەرگرتووە، ئەمە بەهیچ شێوەیەک راست نییە. هەتاوەکو ئەوکاتەی داعش دەرکەوت تورکیا کاریگەریی لەسەر تەواوی ئەو هێڵە هەبوو".

داودئۆغڵو جەختیکردەوە دەرکەوتن و بەهێزبوونی داعش گورزێک بوو بۆ لاوازکردنی تورکیا لە ناوچەکەدا.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif