کوردگەردانی

ليست هناك تعليقات


 سلێمان عەبدوڵا یونس
-
نازانم بۆ وتراوە "سەردەمی پاشاگەردانی" بەڵام ئەوەی ڕونە "گەردانی" ھێمایە بۆ پشێوی و بێسەروبەری و دەربڕی خراپترین دەسەڵات و بەڕێوەبردنە. لەودۆخەدا پاشا بەھەر ھۆکارێکە، سەرگەرمی شتە پوچ و بچوکەکانی خۆیەتی و ئاگای لە ژیانی خەڵک و بەڕێوەچونی مەملەکەت نیە.

ئەگەر واز لەپاشا بھێنین و بگەڕێینەوە سەرخۆمان، ئەوا ئێستا دروست سەردەمی کوردگەردانیە. چونکە سەرۆک و سەردار و فەرمانڕەواکانی کورد، ئاگایان لە مەملەکەت بڕاوە و خەریکی شتە پوچ و بچوکانن و لەڕێگای خێڵی چەکدار و گردبونەوەی ئیکۆسیاسی ناقۆڵاوە، کەناونراون حزب، سەرگەرمی ھەڵچنینی دەسکەوتە تایبەتیەکان و لێدانەوەی قەوانە سواوەکانی دوبەرەکی و دابەشکارین.

ڕاستە زیاد لەبەڵایەک بەتەنیشت جیھانەوە تەنگی بەکوردستان ھەڵچنیوە، بەڵام ئەوەش ڕاستە، ئەگەر کوردگەردانی نەبێت، کوردستان لە گۆڕەپانەکەدا تەنیا نیە و بەشێوەیەکی ڕێژەیی دەستی پشتیوانی جیھانی لەپشتە و چانسی دەربازبونێکی مسۆگەر و بنیاتنانی قۆناغێکی دیکەی دەسکەوتە نیشتیمانیەکانی لەبەردەمە، بەمەرجێک ژیریەکی پێکەوەیی بنوێنرێت و ئیرادەیەکی ئەودیوی حزبۆکڕاتیەت ھەبێت و بڵێت: وەرن؛ با ھەرێمەکە دەربێنین لەم چاڵی خودگەردانیە. 

لەم کوردگەردانیەدا، بەھاکان کەوتونەتە ژێر پێوە، بەھۆی برسێتی و نادادی و نادیاری چارەنوسەوە، نائومێدی سەرانسەری کۆمەڵگا تەنیوە، حزبەکان لەھێزێکی ئاسۆیی کۆمەڵایەتی نەرمەوە بۆ گروپی ستونی و توڕە و داخراو، وەرچەرخاون، سەرۆک و سەرکردەکان خەسڵەتە گرنگەکانی ڕێبەرایەتی گشتی و تایبەتمەندیە مێژوییە جوانەکانی کارێزمابونیان ھەتا بڕێکی زۆر لەدەستداوە،کۆمەڵگا لەسۆنگەی ھەژمونخوازی نەوەیەکی میراتگر و کەمئەزمونەوە کەوتۆتە دۆخی شپرەزەبون و پارچە پارچەبونەوە، ئازادیەکان بەرتەسک و حوکمڕانی ڕەشید و بنەماکانی دادپەروەری خەریکە دەبن سەڕاب.

بەڕاستی وەک نەتەوە لەدۆخی خودگەردانیدان، ڕەنگە لێرەولەوێ دەستە ئۆلیگارچیەکان، بەدزی و گزی شتەبچوکەکانی خۆیان دەبەنەوە و پۆپۆلیزمیش توانای چەواشەکاری لەماوەیەکی دیاریکراودا کەوتۆتە بندەستەوە، بەڵام لەگشدا، نغرۆبونێکی دەستەجەمعی ھەیە، ناوبانگی ڕەمزەکان و چارەنوسی نەوەی نوێ و ئێستای گەل و ئایندەی نیشتیمان لەبەردەم زریان و لەناو قومارێکی سیاسی و دۆڕانێکی مەترسیداردایە کە دروست کوردگەردانیە، بۆ دەربازبونیش تیایدا بیری ورد و تەکبیرێکی پێکەوەیی و ئیرادەیەکی نیشتیمانخوازی گەورەتر لە بەرژەوەندی حزب و بنەماڵە و سەرۆک و گروپە ناتەبا و دەستڕۆیشتوەکانمان دەوێت، فریاکەون.





ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق