ئومێدی کاندیدەکانی دەرەوەی دوو پارتە سەرەکییەکەی ئەمریکا‌

ليست هناك تعليقات



دوو سەدە زیاترە پارتەکانی دیموکرات و کۆماری دەستیان بەسەر هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکادا گرتووە، وڵاتێک کە بانگەشەی ئازادیی سیاسیی دەکات و خۆی بە نوێنەری دیموکراسییەت دەزانێت، دوو حزب بڕیاری تێدا دەدەن کێ سەرۆکی وڵات بێت، تەنها سەرۆکێک لەم ماوەیەدا توانیویەتی لە دەرەوەی ئەم دوو حزبە ببێت بە سەرۆک جۆرج واشنتن بووە.

کاندیدە سەربەخۆکان
٢٣٠ ساڵە دوو حزبی سیاسیی هەژموونی خۆیان بەسەر سیاسەت و فەرمانڕەوایی ئەمریکادا سەپاندووە، دەوڵەمەندیی، میدیا و دەسەڵاتیان وای کردووە تەنها ئەوان بتوانن بڕیار بدەن کێ دەبێتە سەرۆکی وڵات، دوو حزب کە بەردەوام سەرۆکایەتیی وڵات رادەستی یەکتر دەکەن و بەم جۆرەش درێژە بە مانەوەی خۆیان دەدەن.

لەگەڵ ئەوەی دوو حزبە زەبەلاحەکە دەستیان بەسەر سەرۆکایەتیی ئەمریکادا گرتووە، بەڵام تاکو نۆی تشرینی یەکەم، ١٢١٦ کانید ناوی خۆیان لە کۆمسیۆنی فیدراڵی هەڵبژاردنەکان پێشکەش کردووە.

سێ کاندید لە ژمارە زۆرەی ناو کاندیدەکانی سەرۆکایەتیی بریتین لە پیانو ژەنێک، پسپۆرێکی تەکنۆلۆجیای زانیاریی و ملیاردێرێک، کە بۆچوونی خۆیان دەربارەی کاندیدکردنی خۆیان و دەنگی ئەمریکییەکان دەربڕیوە.

جەید سیمنس؛ کاندیدێکی جیاواز
جەید سیمینس ژنێکی پڕ لە بەهرە و شاجوانی پێشتری وڵاتیشە، پانۆژەنێکی لێهاتووە، گۆرانی راپ دەڵێت و دایکیشە.

جەید پێی وایە لەم سەردەمەدا کە سەردەمی لاساییکردنەوەیە، ئەو کاندیدێکی جیاوازە. "من بەرگریکارێکم لە بواری مافە مەدەنییەکان، باوکیشم فێری کردووم ئەگەر ستەم و ئازارم بینی، بە پشت بەستن بە خۆم رووبەڕووی ببمەوە."

جەید دەڵێت ئامانجی ئەو ئەوەیە هەلی پێویست بڕەخسێنن، ئەمەش لە رێگای چاکسازیی ئابووری، پەروەردەیی و دادپەروەرییەوە، هەر لەسەر ئەم بنەمایەش بانگەشەکەیان لە مێژووی ئەمریکا کەمترین خەرجی تێچووە.

سیمینس دژایەتی خەرجکردنی پارەی زۆر لە بانگەشەکانی هەڵبژاردن دەکات و پێی وایە باشترە ئەو ملیاران دۆلارە لە هاوکاریکردنی خەڵکدا سەرف بکرێت.

باس لەوەش دەکات مەسیح لە کەسە هەرە رادیکاڵەکانی مێژوویە، بەڵام ئەگەر تەماشای رێگاکەی بکرێت ئەوە دەردەکەوێت کە کەسێکی پێشکەوتنخواز بووە.

لەگەڵ ئەوەی بەهۆی خۆپارێزیییەکان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بانگەشەکان سنوردارکراون و هەمووان خۆیان دەپارێزن، هەموو هەوڵی جەید ئەوەیە دوور لە بانگەشە و کۆبوونەوەی خەڵک خۆی بناسێنێت و دەنگی بە ئەمریکییەکان بگات.

جەید رەخنە لە میدیای ئەمریکیش دەگرێت و دەڵێت، لەگەڵ ئەوەی لە میدیادا باس لە گرنگی ژیانی رەش پێستەکان دەکرێت و هەموان پشتگیری لە مافەکانی رەش پێستەکان دەکەن، کەچی میدیا خۆی رەتیدەکاتەوە ئەو بە خەڵک بناسێنێت و باسی بکات.

لەبارەی ئێستای دیموکراسییەتی ئەمریکیشەوە دەڵێت، کاتێک کەسێکی ناوداری وەک کانی ویست نیازی خۆی بۆ کاندیدکردن دەربڕی، لە ماوەی ٣٠ خولەکدا هەموو تۆڕە هەواڵییەکان کردیان بە هەواڵ، ئەوە لە کاتێکدا بە فەرمی خۆی کاندید نەکردبوو. "تووشی سەرسوڕمان بووم بەمە، تێگەشتم دیموکراسییەت وەک ئەوەی دەنگدەری ئەمریکی چاوەڕوانی دەکات جێبەجێ ناکرێت."

ناوی جەید سیمینس لەسەر کارتی هەڵبژاردنە لە هەردوو ویلایەتی ئۆکلاهۆما و لویزانا، لە ٣١ ویلایەتی دیکەشدا ناوی تۆمار کراوە، بەڵام لەسەر کارتی هەڵبژاردنەکە نییە، واتە ئەگەر کەسێک لەم ٣١ ویلایەتەدا خۆی ناوی جەید بنووسێت دەنگەکەی بۆ هەژمار دەکرێت.

لەگەڵ ئەوەی هیچ هیوایەک نییە بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەکان و هەموانیش ئەم راستییە دەزانن، بەڵام جەید پێی وایە ئەمرۆ بێت یان سبەی دەتوانێت بە کۆشکی سپی بگات.

لەو بارەیەوە سیمینس دەڵێت، "بە سەیرکردنی مێژووی کاندیدە سەربەخۆکان دەزانم ئەم کارەی من نامۆیە، بەڵام پێم وایە ئەگەر لەسەر ئەم رێگایە بەردەوام بین، ئەوا زۆرینەی ئەمریکییەکان تێدەگەن دوو هەڵبژاردەکەی ئێستا (کۆماری و دیموکراتەکان) باشترین نین."

جەید لە کۆتاییدا دەڵێت، "ئامانجی من دەست بەسەرداگرتنی دەسەڵات و تۆڵەکردنەوە نییە لە رکابەرەکان، بەڵکو ئەوەیە کە ئێمە پێویستمان بە پشوویەکە تاکو هەناسەیەکی قوڵ بدەین و لە خۆمان بپرسین دەمانەوێت بەرەو کوێ بڕۆین؟"

برۆک پیەرس
پیەرس لە منداڵییەوە دەستی بە نواندن کردووە، لە فیلمی مایتی داکسیش رۆڵی بینیوە، لە ساڵی ١٩٩٦ لە فیلمی (یەکەم منداڵ)دا رۆڵی کوڕی سەرۆکی بینیوە، بەڵام بەهۆی تواناکانی لە بواری تەکنۆلۆجیا، ئەگەر نزیکە ببێت بە ملیاردێری دراوە ژمارەییەکان.

برۆک دەڵێت، خەمی ئەو دۆخی ئێستای وڵاتەکەیەتی، هەر ئەمەش وای کردووە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی وڵاتەکەی کاندید بکات و دەڵێت، "پێم وایە ئێمە ناتوانین راستیی داهاتوو ببینین، واتە بۆ نموونە ئەو جیهانە چۆن دەبێت کە دەمانەوێت لە ساڵی ٢٠٣٠ دروستببێت."

"دەبێت هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی چەند شتێک بدەین، زۆرینە لەبارەی رووداوەکانی دەرووبەرمانەوە نازانن و بۆچوونێک پێشکەش ناکەن کە بنەماکانی یارییەکە بگۆرێت، بەڵام من روئیایەکم هەیە سەبارەت بەوەی پێیهەڵدەستم."

پیەرس ماوەی چوار ساڵە دەستی بە کاری خێرخوازیی کردووە، توانیویەتی سەدان هەزار دۆلار بۆ کڕینی کەلوپەلی خۆپارێزیی بۆ تیمە پزیشکییەکان کۆبکاتەوە .

سەبارەت بە بۆچوونی لەبارەی چوار ساڵی داهاتوو دەڵێت، "پێویستە لەپێناو گەشەکردندا گەشە بکەین. کار بکەین بۆ گەیشتنە ژیانێکی بەڕێز، ئازاد و ئاسودە."

گۆڤاری (Rolling Stone) پیەرس بە "پاشای دراوە ژمارەییەکان" ناو دەبات و بەپێی قسەی خۆشی پێی خۆش نەبووە لەلایەن گۆڤاری فۆربیسەوە ناوی بخرێتە ناو لیستی دەوڵەمندترینەکانی جیهان، بەڵینیشی دابوو یەکەم ملیار دۆلاری دەستکەوتوی بکاتە کاری خێرخوازییەوە، پێشتریش هەزاران دۆلاری بۆ بەرژەوەندی کاندیدی حزبی کۆماریش سەرفکردووە.

پیەرس بڕوایەکی تەواوی بە ئازادییە کەسییەکان هەیە، "پێم وایە کاتی ئەوەیە بڕیارێکی بە کۆمەڵ بدەین و پلان بۆ داهاتوو دابنێین، دەشتوانین لە سەرجەم ئایدۆلۆجیاکانەوە فێرببین."

پیەرسی ٣٩ ساڵ، لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا سێ ئەکتەر تۆمارباریان کردبوو بە دەستدرێژیی سێکسیی، بەڵام سەرجەم تۆمەتەکانی رەتکردەوە و رایگەیاند هیچ تاوانێکی ئەنجام نەداوە، سێ ئەکتەرەکەش داواکانیان کشاندەوە و هیچ قەرەبوویەکیشیان نەویست.

پیەرس سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی و زیانەکانی دەڵێت، "بوونی ناوت لە دۆسیەیەکی لەم جۆرە دەکرێت زیانی جەستەییت لێبدات، بەڵام من فێربوون بڕیار لەسەر کەسانی دیکە نەدەم."

بەپێی زانیاری کۆمسیۆنی فیدراڵی هەڵبژاردنەکان برۆک پیەرس تاکو ئێستا ٣.٧ ملیۆن دۆلاری لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا خەرج کردووە.

سەبارەت بە پلانی داهاتووی وتی، "لەگەڵ ئەوەی داواکاری پیشکەش کراوە بۆ ئەوەی خۆی بۆ حاکمی نیویۆرک و منیسوتا کاندید بکات، بەڵام دەڵێت "تاکو رۆژی هەڵبژاردن بڕیار نادەم، لەو رۆژەوە ژیانم بۆ خزمەتکردنی خەڵک تەرخان دەکەم و ئامادەم بۆ لەئەستۆگرتنی ئەو ئەرکە بە شێوەیەکی باش."

مارک چارلز
مارک چارلز چالاکی بواری بەرگریکردنە لە مافە کۆمەڵایەتییەکان و دەڵێت پێویستە بەشێک لەو بنەمایانە بگۆڕدرێن کە ئەم گەلەی لەسەر دروستکراوە.

چارلز بەرنامەڕێژی کۆمپیوتەرە و لە بواری تەکنۆلۆجیادا کار دەکات، بەرگری لە مافی ئەمریکییە ئەسڵییەکان و ئەو کەسانە دەکات کە مافیان پێشێل دەکرێت.

ئامانجی چارلز ئەوەیە دەنگی ئەو دەنگدەرانە بەدەستبهێنێت کە پێیان وایە هیچ شتێک بە دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدنەوە نایانبەستێتەوە.

چارلز سەر بە هۆزی نافاهویە، ئەمەش پێناسێکی دیاریکراوی پێداوە بەتایبەت لە هەڵبژاردنەکاندا، ئەوەش سەبارەت بەوەی دەیەوێت ئەمریکا چۆن بێت.

مارک دەڵێت، ئەم زەوییە (نیویۆرک) پێش ئەوەی کۆڵۆمبۆس رووی تێبکات هی ئەمریکییە ئەسڵەکان بوو، تاکو ئەم ساتەش لەم شارەدا ماون، من کە لەسەر ئەم خاکە دەژیم هەست بە دڵنیای دەکەم و دەشمەوێت رێزی خاوەنە بنەڕەتییەکانی بگرم."

چارلز لە سەرەتاکانی دوو هەزاردا ماڵی گواستەوە بۆ شوێنێک کە تا ئاستێک لە هۆزەکەی نزیکە، "بۆ ئەوەی ژیانێکی نەریتییم هەبێت" و بۆ ماوەی ١١ ساڵ لەم شوێنەدا ژیان.

"لە شوێنێک دەژیاین کە شەش میل لە رێگای سەرەکییەوە دوور بووین، لە ماڵێکدا دەژیاین کە یەک ژووری هەبوو، رێک وەک ماڵی هۆزەکەم، نە کارەبامان هەبوو نە ئاو، دراوسێکانیشمان شوان و بەرگدروو بوون."

چارلز باس لەوە دەکات. "ئەگەر بمانەوێت ببین بە گەلێک کە ئاماژە بێت بە (ئێمە گەلین)، پێویستە لەسەر ئاستی بونیادنان کار بکەین، پێویستە بەشێک لەو بنەمایانە بگۆڕین کە لەسەری بونیادنراوین، وەک رەگەزپەرستیی و جیاکاریی لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتیی و باڵایی سپی پێستەکان."


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif