لە ئەگەری پەککەوتن یان مردنی ترەمپ، كێ دەبێتە بەربژێری کۆمارییەکان

ليست هناك تعليقات



دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نەخۆشخانەی واڵتەر ریید خەریکی وەرگرتنی چارەسەری کۆرۆنایە، لە ئەگەری پەککەوتن یان مردنیشی مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەبێتە بەربژێری کۆمارییەکان.

ترەمپ تەمەنێکی زۆری هەیە و کەسانی بەتەمەنیش زیاتر لە کەسانی گەنج بەهۆی کۆرۆناوە دەمرن، هەربۆیە دەکرێت ڤایرۆسەکە کاریگەری نەرێنی لەسەر باری تەندروستیی ترەمپ هەبێت و تەنانەت دەکرێت بەو هۆیەوەش گیان لەدەستبدات. لە ئەگەری لەو جۆرەیشدا پارتی کۆماری جێگرەوەی بۆ ترەمپ دەبێت. 

مایکڵ کۆرنفێڵد، مامۆستا لە زانکۆی جۆرج واشنتن دەڵێت "پارتی کۆماری لیژنەیەکی نیشتمانییان هەیە؛ هەروەها رێکاری تایبەتیان هەیە بۆ گۆڕینی بەربژێرەکەیان کاتێک کە نەخۆش دەکەوێت یان دەمرێت. هەموو ئەگەرەکان لەم کاتەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەو کەسە مایک پێنسی جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەبێت، بەڵام دەبێت بڕیارەکە بە دەنگداندا تێپەڕێت."

بەهۆی تووشبوونی بە کۆرۆنا، ترەمپ کامپەینەکانی هەڵبژاردنی بە ئۆنلاین ئەنجامدەدات یانیش دوایان دەخات؛ بەڵام هەڵبژاردن لە هیچ ئەگەرێکدا دواناخرێت، چونکە لە چەندین ویلایەت دەنگدان لە رێگەی پۆستەوە دەستیپێکردووە.

ئەو مامۆستایەی زانکۆی جۆرج واشنتن ئاماژە بەوەش دەدات، "دەنگدانەکە دەستیپێکردووە. باشترە رۆژی هەڵبژاردن، واتە 3ی تشرینی دووەم، وەکو کۆتایی دەنگدان ببینرێت نەک رۆژی دەستپێکردنی دەنگدانەکە. رەنگە نزیکەی نیوەی یان زیاتری ئەمریکییەکان پێش ئەو رۆژە لە رێگەی پۆستەوە یانیش لە بنکەکانی دەنگدان دەنگیان دابێت"

لە کاتێکدا کە 30 رۆژی ماوە بۆ هەڵبژاردن، ئەمریکییەکان مەبەستیانە بزانن چی بەسەر سەرۆکی ئێستایان و بەربژێری کۆمارییەکان بۆ خولی داهاتوودا دێت. 

لە ماوەی رابردوودا چەندینجار ترەمپ بێ ماسک دەرکەوت و ئەوەش رووبەڕووی رەخنەی کردەوە. 

مایکڵ کۆرنفێڵد سەبارەت بەوەی کە لە ماوەی رابردوودا ترەمپ چەند جارێک دەمامکی نەبەستووە دەڵێت "ئەمە نیشانەی کەمتەرخەمی خۆیەتی کاتێک کە بێ دەمامک دەردەکەوت و خەڵکیشی هاندەدا بێ دەمامک بچنە دەرەوە، لەکاتی دیبەیتەکەشدا گاڵتەی بە رکابەرەکەی دەکرد کە ماسکی بەستبوو. پێویستە تۆماری پشکنینەکانی بە لایەنێکی سەربەخۆی سێیەم بدرێت. ئەوە باش دەبێت بۆ دڵنیاکردنەوەی خەڵکی ئەمریکا."

ترەمپ تەمەنی 74 ساڵە، کێشی زیادە و کۆڵیسترۆلەکەشی بەرزە، بۆیە مەترسی هەیە کۆرۆنا هەڕەشەیەکی جیدی بخاتە سەر ژیانی. بەڵام ئێستا لە رێگەی دژە تەنی دەستکردەوە هەوڵدەدرێت نەخۆشیەکەی چارەسەربکرێت، کە لە رابردوودا کاریگەرییەکەی سەلمێنراوە.

رۆژی هەینی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا رایگەیاند "من و خانمی یەکەمی ئەمریکا ئەنجامی پشکنینی کۆرۆنامان پۆزەتیڤ دەرچوو. راستەوخۆ دەست بە پرۆسەی چارەسەری و کەرەنتینە دەکەین و پێکەوە ئەمە تێدەپەڕێنین".

سەرۆکی ئەمریکا لە توویتەر گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە، سوپاسی پاڵپشتی هەمووانی کرد و گوتی "دەمەوێت سوپاسی هەمووان بکەم بۆ ئەو هەموو پاڵپشتییە، دەچمە نەخۆشخانەی واڵتەر رێد، وابزانم تەندروستیشم باشە، بەڵام دەمانەوێت دڵنیابین کارەکان بە باشی دەڕۆن، تەندروستی خانمی یەکەمیش باشە.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif