ئەپڵ 4 جۆری نوێی ئایفۆنی نمایشکرد

ليست هناك تعليقات


 

دوای چاوەڕوانییەکی زۆر کۆمپانیای ئەپڵ 4 مۆبایلی نوێی ئایفۆن و ئامێری هۆم یاد مینیی خزمەتگوزاریی "سیری"ـی نمایشکرد و هەموویان سیستەمی 5Gـیان تێدا کارایە و کاتی کەوتنە بازاڕیشیانی ئاشکرا کرد.

ئایفۆن 12 بە 5 رەنگی جیاوازەوە نمایشکرا و نرخەکەشی لە 799 دۆلارەوە دەستپێدەکات. ئایفۆن 12 پرۆ لە 999 دۆلار و ئایفۆن 12 پرۆماکس لە 1099 دۆلار و ئایفۆن 12 مینیش لە 699 دۆلارەوە دەستپێدەکەن.

ئایفۆن 12 رەنگەکانی سەوز، سوور و شین و سپی و رەشی بەردەست دەبن، شاشەکەی 6.1 ئینچ و جۆری " ئۆلیدە"، بەراورد بە ئایفۆنەکانی دیکە سووکترە و چوارچێوەی بچووکتر و رووناکتریشە. ئایفۆن 12 پرۆ ماکسیش قەبارەی شاشەکەی 6.7 ئینچە، ئەوەش گەورەترین شاشەیە ئایفۆن تاوەکو ئێستا بۆ مۆبایلەکانی دانابێت. هاوکات شاشەی ئایفۆن 12 مینییش 5.4 ئینچە.

ئەپڵ لە نمایشەکەیدا کە شەوی رابردوو لە کوپەرتینۆ لە کالیفۆرنیا بەڕێوەچوو، هەموو وردەکارییەکانی 4 مۆبایلە نوێکەی خستەڕوو.

دیزاین و شێوەی ئایفۆنە نوێکان گۆڕاون، شاشەکانیان دژەشکانێکی سیرامیکییان بۆ دانراوە کە وا دەکات کەمتر بشکێن و تووندوتۆڵتر بن.

لەبارەی خێراییەکەشیانەوە ئەپڵ رایگەیاند، "ئەو مۆبایلە نوێیانە 50٪ لە هەر جۆرێکی دیکەی ئایفۆن خێراتر دەبن کە پێشتر دروستکراون. داواکاریی پێشوەختەش بۆ کڕینی ئایفۆنەکان رۆژی هەینی دەستپێدەکات و 23ـی ئەم مانگەش دەکەونە بازاڕ، بەڵام ئایفۆن مینی و ماکس دوو هەفتە دوای ئایفۆنەکانی دیکە دەکەونە بازاڕ."

تیم کۆک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەپڵ رایگەیاند، "تۆڕەکانی نەوەی پێنجەم وا دەکەن بەکارهێنەرانی ئایفۆن خێراتر کارەکانی رۆژانەیان بە سەلامەتیی زیاترەوە بکەن. لەگەڵ ئایفۆنەکانیشدا، ئەپڵ ئامێرێکی خزمەتگوزاریی سیری نمایشکرد کە هاوکاریی خێزانەکان دەبێت لە کاروباری رۆژانە و بیرهێنانەوەی یادەوەری و تەنانەت جێبەجێکردنی هەندێک کاری وەکو کوژاندنەوەی گڵۆپ و داخستنی دەرگا و چەند کارێکی دیکە. هۆم یاد مینیی نوێی ئایفۆن نرخەکەی لە 99 دۆلارەوە دەستپێدەکات."

ئەپڵ لە راگەیاندنی جۆرە نوێکانی ئایفۆن مانگێک دواکەوت. ساڵانە خەڵکێکی زۆر بۆ نمایشی ئایفۆن کۆدەبوونەوە، بەڵام ئەمساڵ لەبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا نمایشەکە لە سەکۆیەکی بەتاڵ و بەشێوەی ڤێرچواڵ لە پارکی ئەپڵ بەڕێوەچوو.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif