نزیکەی 300 حیزب بەشداریی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دەکەن

ليست هناك تعليقات


کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، سەرقاڵی تۆمارکردن و مۆڵەتدانە بەو حیزب و لایەن و گرووپانەی دەیانەوێ لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی وڵاتدا، رکابەری لەسەر کورسییەکانی پەرلەمان بکەن، لە کاتێکدا تائێستا کۆمیسیۆنەکە مۆڵەتی بە 230 حیزب داوە.

بڕیارە رۆژی 6ی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو، هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بکرێت، دوای ئەوەی حکومەتی کاتیی بەسەرۆکایەتی مستەفا کازمی، ئەو وادەیەی بۆ هەڵبژاردنەکان دەستنیشانکرد و ئێستا پەرلەمانی وڵاتەکە، سەرقاڵی تاوتوێکردن و پێداچوونەوەی یاسای هەڵبژاردنە.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پێشتر داوای پەسندکردنی یاسای هەڵبژاردن و دابینکردنی پێویستییەکانی کردووە، تا بتوانێت سەرپەرشتی هەڵبژاردن بکات لە هەر هەژدە پارێزگاکەی وڵاتەکەدا. پەرلەمانیش سەرقاڵی تاوتوێکردن و گەڵاڵەکردنی یاسای هەڵبژاردنە، کە شێوازی دەستنیشانکردنی بازنەکانی هەڵبژاردنەکە، ناکۆکی گەورەی لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا دروستکردووە.

هەموو ئەو راستییانە لەلایەک و دۆخی خراپی ئابووری و سیاسی وڵاتەکە و ئەگەری پاشەکشەی ئەمریکا لە وڵاتەکە و شەڕی میلیشیاکان، ناڕوونییەکی تەواویان لە وڵاتەکە و بەتایبەت هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، هێناوەتە ئاراوە.

هەڵبژاردنەکانی حوزەیرانی داهاتوو، ئەگەر لە کاتی خۆیدا بکرێن، جیاوازی زۆر لە ژمارەی حیزبە رکابەرەکان لەسەر کورسییەکانی پەرلەمان، بەبەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو، بەخۆوە دەبینێت.

کۆمیسیۆنەکە نزیکە لە تۆمارکردنی 292 حیزب و بزووتنەوە و گرووپی سیاسی، کە داوای بەشداریان لە هەڵبژاردنەکان کردووە. هەرچەندە هێشتا بەتەواوی یەکلانەبووەتەوە هەڵبژاردنەکە لە کاتی خۆیدا دەکرێت یان نا.

چاودێران پێشبینی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی جیاواز لە وڵاتەکەدا دەکەن، بەتایبەت کە پێشبینی هاتنە پێشەوەی گرووپ و حیزبی نوێ دەکرێت لەسەر گۆڕەپانەکە، کە هەلی گەیشتن بە کورسییەکانی پەرلەمانیان هەیە، ئەمەش هەلێکە لە هەڵبژاردنەکانی 15 ساڵی رابردوودا، زۆر کەم هەبووە.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، لە بڵاوکراوەیەکدا ئاشکرایکرد تائێستا 230 لایەنی سیاسی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختە تۆمارکراون، لە کاتێکدا کۆی لایەنە سیاسییە تۆمارکراوەکانی دوا هەڵبژاردنی وڵاتەکە، کە لە ساڵی 2018دا بەڕێوەچوو، 204 لایەن بوو.

کۆمیسیۆنەکە روونیکردووەتەوە، سەرقاڵی تۆمارکردنی 62 لایەنی سیاسیی دیکەیە، بەوەش کۆی لایەنە سیاسییە تۆمارکراوەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان دەگاتە 292 حیزب و گرووپ و لایەن.

کۆمیسیۆنەکە ئەوەشی روونکردووەتەوە، تائێستا 15 ملیۆن دەنگدەر خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکان ناونووسکردووە. کۆی ئەوانەی لە سەرانسەری وڵاتدا مافی دەنگدانیان هەیە 26 ملیۆن کەسە.

ئامادەسازییەکانی کۆمیسیۆنەکە

بڵاوکراوەی کۆمیسیۆنەکە، کە بەپێی یاسا بەرپرسی یەکەمی هەڵبژاردنەکانە، ئەوەی دووپاتکردووەتەوە: پشت بەبنەمای شەفافیەت لە کارەکانیدا دەبەستێت، لەپێناو رێکخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەپێی پێوانە نێودەوڵەتییەکان کە گوزارشت لە ویستی دەنگدەر دەکات و بەبنەمایەکی سەرەکی دادەنرێت، بۆ بونیادنانی متمانە لە نێوان دەنگدەر و هاوبەشانی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و بایەخدەران بەپرۆسەی دیموکراتی.

ئاماژەی بەوەداوە "ئێستا لەگەڵ ئەنجوومەنی نوێنەران، لە ژمارەی بازنەکانی هەڵبژاردن و میکانیزمی دابەشکردنی ئەو بازنانە دەکۆڵێتەوە، کاردەکات لەسەر پرۆسەی دەستنیشانکردنی ئەو کۆمپانیایەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان دەپشکنێت، کە دەستەبەری خاوێنی و دادوەری دەنگی دەنگدەر دەکات، هەروەها تۆماری دەنگدەران و میکانیزمی تۆماری بایۆمەتری".

نوێنەرانی خۆپێشاندەران

هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە، بەپێی زۆر لێکدانەوەی جیاواز، دەبێ لە رووی ئامادەیی پارت و لایەنە سیاسییەکانەوە گۆڕانکاری زۆر بەخۆوە ببینێت. بەتایبەت کە هەڵبژاردنی پێشوەختە، یەکێک بوو لە داواکاری ئەو خۆپێشاندانە فراوانانەی تشرینی یەکەمی رابردوو، شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقی گرتەوە.

خۆپێشاندانەکان گۆڕانکاری گەورەیان لە دۆخی سیاسی و ئاسایشی وڵاتدا دروستکرد، داوای دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتی پێشووی وڵات بەسەرۆکایەتی عادل عەبدولەمەهدی، یەکێکبوو لە داخوازییە بنچینەییەکانی خۆپێشاندەرانی وڵاتەکە. ئەمە جیا لە وازهێنانی چینی دەسەڵاتداری وڵات و دوورکەوتنەوە لە دامەزراوەکانی وڵات.

داواکارییەکانی خۆپێشاندەران بەئاگر و ئاسن وەڵامدرانەوە، سەرچاوە فەرمییەکان کوژرانی نزیکەی 600 کەسیان لە خۆپێشاندانەکاندا راگەیاند، لەگەڵ بێسەروشوێنبوونی هەزارانی دیکە. ئەو رووداوانە و نەبینینی گۆڕانکاری لەسەر ئاستی بڕیاردەر و دەسەڵاتداری وڵات، پاڵنەربوو بۆ خۆپێشاندەر، چالاکڤان و لاوان بۆ رووکردنە دامەزراندنی حیزب و لایەنی سیاسی، کە گوزارشت لە ویستی خۆپێشاندەرە ناڕازییەکان بکات.

بەپێی ئەوەی سەرچاوە ئاگادارەکان روونیدەکەنەوە، ئەو 62 حیزب و لایەنە نوێیەی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکان تۆمارکردووە، نزیکەی 15 لایەنی سڤیل و دامەزراوەی کۆمەڵگەی مەدەنییان تێدایە، کە گوزارشت لە خواستی خۆپێشاندەران دەکەن. هەندێکی دیکەش لەو لایەنە نوێیانە، ئەو گرووپە نوێیانەن کە لە حیزب و پارتە کۆنەکانی وڵاتەکە جیابوونەتەوە.

سەرچاوەکانی ناو کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بە 'عەرەبی ئەلجەدید'یان راگەیاندووە، بەشێکی ئەو پارتە نوێیانەی داوای مۆڵەتی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانیان کردووە، ئەو گرووپ و میلیشیا چەکدارییانە لە پشتیانەوەن، کە لە ماوەی رابردوودا رۆڵی گەورەیان لە رووداوەکانی وڵاتەکەدا هەبوو.

بەپێی هەمان سەرچاوە، هەندێک لایەن داوای مۆڵەتی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانیان کردووە، لەوانەش لایەنێک لە دەشتی نەینەوا، یەکێکی دیکە لە دیالە و سێیەمیش لە کەرکووک کە بۆچوونەکان وان: "پەیوەندییان بە کەتیبەکانی حیزبوڵڵاو سوپای بەدر و عەسائیب ئەهل ئەلحەقەوە" هەیە.

لەبری پارتە تەقلیدییەکانی وڵات

پێشتر ماڵپەری 'مۆنیتۆر' رووگەی گەنجانی خۆپێشاندەری وڵاتەکەی، بۆ دروستکردنی پارتی نوێی نزیک لە ویستەکانی ئەوان، ئاشکراکردبوو.

ئەندامی یەکێک لەو پارتە نوێیانە بە ماڵپەرەکەی راگەیاندبوو، "دەمانەوێت جێگرەوەیەکی سەرکەوتووی حیزبەکانی ئێستا بین". ئەو زیاتر گوتویەتی: "ئێمە تاکە حیزبی گەنجەکان نین لە گۆڕەپانەکەدا، بەڵکو چەندین کۆمەڵەی دیکەی گەنجان هەن، دەستیانکردووە بە دروستکردنی حیزب و لە داهاتووی نزیکدا ناوەکانیان ئاشکرا دەکرێت".

سەڵاح ئەلعرباوی، بەڕێوەبەری پێشووی نووسینگەی سەرۆکی رەوتی حیکمە، رایگەیاندووە کە دەستیکردووە بە دروستکردنی بزووتنەوەیەکی نوێی گەنجان، دوای ئەوەی لەو رەوتە کشایەوە کە عەمار حەکیم سەرۆکایەتی دەکات.

وێڕای ئەوەش، ئەو حیزبانە هێشتا دروستبوونی خۆیان بەفەرمی رانەگەیاندووە، لەبەرئەوەی پێویستییان بە رەزامەندی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بەکردەنی دەستیانکردووە بە کارکردن لەسەر ئاستەکانی رێکخستن.

ئەلعرباوی دەڵێ: "ساڵی 2018، ساڵی گۆڕانکاری گرنگ و خاڵی وەرچەرخانی مێژوویی بوو لە عێراقدا، چونکە رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا لە 20٪ی تێنەپەڕاند، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە نزیکەی 80٪ی گەلی عێراق، بێزارن لە چینی سیاسەتمەداری دەسەڵاتداری وڵات لە سایەی نەبوونی جێگرەوەیەکدا. هەر لەبەرئەوەش ئێمە داوای جێگرەوەیەکمان کرد، تاوەکو شوێنی نەوە بەتەمەنەکە بگرێتەوە".

تەڵەزگەی حیزبە کۆنەکان

جیا لەوەی چالاکڤان و خۆپێشاندەرانی سەرشەقام بەرەو دروستکردنی حیزب و پارتی نوێ هەنگاویان ناوە، حیزب و پارتە کۆنە دەسەڵاتدارەکانیش، بۆ سپیکردنەوەی رووی خۆیان کە تۆمەتبارن بە گەندەڵی و بەشبەشکاری، پەنایان بۆ دروستکردنی گرووپی دیکە بردووە لەپەنای جیاوازەوە، ئەمەش بۆ بەدەستهێنانی دەنگی دەنگدەران، لە رێگەی دەنگدان بەو حیزبانەوە، کە خۆیان دروستیانکردووە و گوزارشت لە ئامانجە سیاسییەکانی ئەوان دەکەن.

باسم خەشان، پەرلەمانتاری سەربەخۆی عێراق، ئەو بۆچوونەی بۆ ماڵپەرە عەرەبییەکە دووپاتکردووەتەوە. خەشان رایگەیاندووە ئەوەی روودەدات 'تەڵەزگە'ی حیزبە کۆنەکانە.

ئەو دەڵێ "حیزبە تەقلیدی و کۆنەکان، کە بەخواردنی مافی عێراقییەکان ناسراون، کاریان کردووە بۆ دامەزراندنی دەیان حیزبی نوێ، لەپێناو فێڵکردن لە خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و بەدەستهێنانی دەنگی دەنگدەران. ئەمەش بۆ ئەوەی دوای هەڵبژاردنەکان، ئەو حیزبە نوێیانە، هاوپەیمانیی لەگەڵ حیزبە سەرەکییەکانی خۆیان رابگەیێنن و ئەوەش تەنیا تەڵەزگەیەکە بۆ دەنگدەر".

هەفتەی پێشوو، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوای لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کرد، هەوڵەکانی دووقات بکات لەپێناو خێراکردنی پێداچوونەوە بە تۆماری دەنگدەران، هەروەها ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە. ئەو هەروەها داوای لە هەموو ئەوانەکرد کە مافی دەنگدانیان هەیە، زانیارییەکانی خۆیان نوێ بکەنەوە بۆ ئەوەی کارتی بایۆمەتری هەڵبژاردن تەواو بکەن.

هەڵبژاردن و سەرەتای شکستی کازمی

هەرچەندە دیمەنی سیاسی داهاتووی نزیکی عێراق تەمومژاوییە و هیچ روونییەکی پێوە دیارنییە و زیاتر لە دۆسێیەکی قورس بەرۆکی سەرۆکوەزیرانی گرتووە و زیاتر لە تەنگژەیەکی گەورە لە وڵاتەکەدا هەیە، بەڵام ئامادەکارییە رۆتینییەکان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەهەنگاوی سست بەردەوامن.

ئەو ئومێدەی پێشتر لەسەر حکومەتە کاتییەکەی مستەفا کازمی هەڵچنرابوو، بۆ بەجێهێنانی ئەو بەڵێنانەی لە کاتی دەستبەکاربوونیدا دای، لەبارەی لەناوبردنی گەندەڵی و بڕینەوەی دەستی میلیشیاکان و پاراستنی گیانی چالاکڤانان، بەرهەمی ئەوتۆیان بەدەستەوەنەدا و هێشتا هەموو دۆسێیەکانی گەندەڵی، کوشتنی خۆپێشاندەران، رفاندن و بێسەروشوێنکردنی چالاکڤانان و دۆخی بێکاری گەنجان، لە شوێنی خۆی جووڵەی نەکردووە. بۆیە پێدەچێ ناڕازییانی شەقام، ئەمجارە رۆڵی کاریگەریان لە هەڵبژاردنەکان و براوەکاندا هەبێت.

عەلا خەلەف، چالاکڤان و یەکێک لە دیارترین رووخسارەکانی گۆڕەپانەکانی خۆپێشاندان لە عێراق، ئاشکرایکردووە، "چوارچێوەی سیاسی و لۆژیستی کە حکومەت و حیزبەکان کاریان بۆ دەکرد، لەپێناو بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، گۆڕانێکی ئەوتۆی لەچاو پێشوودا، بەسەردا نەهاتووە. حکومەت هیچ بەندێکی تایبەت بە میکانیزمی تۆماری پارتەکانی چالاکنەکردووە، تاوەکو چالاکڤانان بتوانن پەنا ببەنە بەر دامەزراندنی حیزبی نوێ، کە توانای گۆڕینی دۆخی سیاسی وڵاتیان هەبێت".

ئەو زیاتر گوتویەتی ئامانجی هەموو ئەمە، دروستکردنی جۆرێک لەبێسەروبەرەیی و سەرلێشێوانی حیزبە نوێ و تازە دروستبووەکان لە ناو منداڵدانی گۆڕەپانەکانی خۆپێشاندانەکان، لە بەرامبەر ئەو حیزب و لایەنانەدا کە پارەیان هەیە و توانای پڕوپاگەندەکردنیان بۆ خۆیان هەیە.

لای خۆیەوە، ئەحمەد شەریفی، شرۆڤەکاری سیاسی، وایداناوە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو "شکستی گەورەی حکومەتی کازمی و حیزبە دەسەڵاتدارەکان دەبێت، ئەمەش بەهۆی بەشداری لاوازی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان".

شەریفی، پێیوایە "رووگەی گشتیی عێراقییەکان ئەوەیە، چیدی باوەڕیان بە هەڵبژاردن نەماوە، کە ساڵانە تەزویری تێدا دەکرێت و یاری بەئەنجامەکانییەوە دەکرێت، ئەمە جیا لەوەی زۆرینەی حیزبە نوێیەکان سەر بە لایەنە سیاسییە ناسراوەکانی وڵاتن، ئەمەش کارێکە لای عێراقییەکان شاراوە نییە، هەر ئەوەش دەبێتە هۆکارێکی دیکە بۆ شکستی هەڵبژاردنە پێشوەختەکە".

ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە: "حکومەتی عێراق و هێزە سیاسییەکان کە باس لە چاکسازی و راوەستانەوە لەپاڵ خۆپێشاندەران و پشتگیری داخوازییەکانیان دەکەن، راستگۆ نەبوون لە دابینکردنی ئەو دۆخە سیاسییەی خۆپێشاندەران پێویستیان پێیەتی، لەپێناو دروستکردنی گۆڕانکاری و باشکردنی دۆخی سیاسیدا".

شەریفی، جەختدەکاتەوە: "هێزە دەستڕۆیشتووەکان و حیزبە گەورەکان، لەماوەی رابردوودا، رێگرییان کرد لە ئاسانکاری بۆ تۆمارکردنی پارتی نوێ لەلایەن کەسانی سەربەخۆ و خۆپێشاندەرانی شەقامەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی حیزبە نوێ دروستکراوەکانیش، هەر لە دەستی خۆیان و کەسانی خاوەنی دەسەڵاتی سیاسی و دەستڕۆیشتوو و چەکدارەکانیاندا بمێنێتەوە".

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کۆدەنگی دەکات

ناوەڕاستی مانگی رابردوو، جینین بلاسخارت، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لە هەوڵێکی دیکەدا لەپێناو پاڵنانی وڵاتەکە بەرەو ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت، سەردانی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەی عێراقی کرد و لە دوای سەردانەکە، بلاسخارت رایگەیاند سیستانی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانە لە کاتی خۆیدا.

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لەچوارچێوەی هەمان هەوڵەکانیدا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بڕیاریداوە راپۆرتی مانگانە لەسەر ئامادەسازییەکانی هەڵبژاردن بڵاوبکاتەوە.

نووسینگەی سیستانی لە بڵاوکراوەیەکەدا، لەسەر زاری مەرجەعەوە دووپاتیکردەوە، لەسەر پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و یەکسان و شەفاف، لەگەڵ دەستەبەرکردنی خاوێنیی لە هەڵبژاردنەکان، دوور لە بەرژەوەندی هەندێک لایەنی سیاسی دیاریکراو.

سیستانی ئەوەشی گوتبوو کە پێویستە "هەڵبژاردنەکان لەلایەن فەرمانگەی بەرپرسی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەرپەرشتی و چاودێری بکرێت".

مەترسییەکانی تەزویرکردن

لەبەرئەوەی هێشتا هیچ ئاماژەیەکی لەسەدا سەد، لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان نییە و میکانیزمی بەڕێوەچوونی دیار نییە، کەچی هەندێک لایەن لە ئێستاوە باسی تەزویر دەکەن و گومانیان لە پرۆسەکە هەیە. ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکان ئەگەر ئەنجامیش بدرێن، ئەنجامەکانی بەئاسانی قبوڵ ناکرێن.

ئەمە لە لێدوانی چەندین بەرپرس و نوێنەری لایەنەکاندا روونبووەتەوە، وەک ئەوەی گاتع روکابی، ئەندامی 'هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا' بەسەرۆکایەتی نوری مالیکی ئاشکرایکردووە و باس لە بوونی تەزویر دەکات لە هەڵبژاردنەکاندا.

روکابی لە دوای سەردانەکەی بلاسخارتەوە، پێشبینی خۆی بۆ ئەنجامدانی تەزویری گەورە لە هەڵبژاردنەکان دەربڕی، فراوانتر لەوەی لە هەڵبژاردنەکانی 2018دا روویدا. چونکە وەک ئەو رایگەیاندووە "زانیاری هەیە لەسەر بزربوونی 4 ملیۆن کارتی دەنگدانی ئەلیکترۆنی"، وایداناوە "ژمارەکە تۆقێنەرە، قەبارەی تەزویرکردن لە هەڵبژاردنەکاندا، یەکجار گەورە دەکات".

هەرچی هاوپەیمانیی سائیرونی سەر بە موقتەدا سەدرە، بە ئاوازێکی دیکە هەڵوەستە لەسەر هەڵبژاردنەکان دەکات. ریاز محەممەد، ئەندامی هاوپەیمانییەکە ئاشکرایکرد "هەندێک لایەن بەردەوامن لە گوشارکردن لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لەپێناو بەلاڕێدابردنی ویستی دەنگدەران"، ئەو دەڵێ "هەندێک لایەن لە سیستمی بایۆمەتری تۆقیون، چونکە بواری تەزویرکردنی تێدا نییە".

رێگرییە سیاسی و ئابوورییەکان

هەموو ئەو ئامادەسازی و ئەگەرانەی لەبەردەم هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکەدان، هێشتا کۆمەڵێک رێگری گەورەیان لەبەردەمدایە، کە هیچ گرەنتییەک نییە بۆ ئەوەی لە ماوەی دەستنیشانکراودا هەڵبژاردنەکان بەڕێوەبچن، چونکە جیا لە ناکۆکی و ناڕەزایەتییە باسکراوەکانی سەرەوە، ئێستا عێراق لەهەردوو رووی سیاسی و ئابوورییەوە، لەبەردەم دووڕیانێکی یەکجار چارەنووسسازدایە.

لە رووی ئابوورییەوە حکومەت کێشەی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەیە و ئەوەش پرسیاری زۆر لەسەر توانای بۆ دابینکردنی بودجەی زەبەلاحی هەڵبژاردنەکان دروستدەکات. لە رووی سیاسیشەوە، حکومەتی کازمی گیرۆدەی جەنگی قورسی نێوان خۆی و میلیشیاکان بووەتەوە، کە سەریکێشاوە بۆ هەڕەشەی کشانەوەی باڵیۆزخانە و نێردە دیبلۆماسییەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکە. ئەگەر ئەمریکا ئەو هەنگاوە بنێت، بێگومان وەک چاودێران پێشبینیدەکەن، گۆڕەپانە سیاسییەکەی عێراق ژێراوژوور دەبێت و ئەوکات تاکە شت کە کەس بیری لێناکاتەوە، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانە.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif