مستەربین ڕووی لە پیری كردوە

ليست هناك تعليقات


هەمیشە ژیانی تایبەتی کەسانی بەناوبانگ جێگەی سەرنجی خەڵک بووە، چی دەکەن؟، چی دەخۆن؟، چی دەپۆشن؟، سەرمایەیان چەندە و ژیانی رۆژانەیان چۆنە؟.
 
یەکێک لەو کەسایەتییە بەناوبانگانەی جیهان لەبواری کۆمێدیا مستەر بینە، بڵاوبوونەوەی نوێترین وێنەکانی لەگەڵ هاوسەر و منداڵە بچووکەکەی بووەتە جێگەی سەرنجی میدیاکان.
 
لە وێنەکاندا کە لە ریستۆرانتێکی ئیتاڵی لە لەندەن تۆمارکراون، مستەر بین بە سەر و سیمایەکی سپییەوە دەردەکەوێت و نیشانەی پیری دیاریی داوەتە رووخساری و سەری بەتەواوی سپی بووە.
 
نوێترین وێنەی مستەر بین لە THE SUN بڵاوکراوەتەوە
رۆوان ئاتکینسۆن
رۆوان ئاتکینسۆن ناسراو بە مستەر بین، ئەکتەری بەناوبانگی جیهانی کۆمێدیا، لە 6-1-1955 لە شاری نیوکاسلی بەریتانیا لەدایکبووە.
 
باوکی کە جووتیارێکی سادە بووە ناوی ئێریک ئاتکینسۆن و دایکی ناوی ئالامی بووە. دوو برای گەورەتر لە خۆشی بەناوەکانی رۆبێرت و رودنی هەیە. 
 
رۆوان دوای ئەوەی قۆناخی سەرەتایی و ئامادەیی تەواو دەکات لە زانکۆی نیوکاسل و لە بەشی ئەندازیاریی کارەبا درێژە بە خوێندن دەدات، دوای ماوەیەک دەچێتە زانکۆی ئۆکسفۆرد و خوێندنی لەو زانکۆیە تەواو دەکات. 
 
هەر لە سەردەمی مێردمنداڵییەوە خولیای رۆڵگێڕانی کۆمێدی بووە و توانایەکی باشی لەو بەشەدا هەبووە. رۆوان لە زانکۆی ئۆکسفۆرد لەگەڵ ریچارد کورتس، نووسەری بەناوبانگی فیلمە کۆمێدییەکان ئاشنا دەبێت و چالاکییەکانی لەبواری ئەکتەری کۆمێدیا لەژێر چاودێری ئەو نووسەرە دەستپێدەکات. دواتر لە چەند شانۆیەکی کورت لە زانکۆکە بەشدار دەبێت و لەلایەن بینەرانی شانۆکانەوە زۆر پێشوازیی لێدەکرێت.
 
وێنەی مستەر بین لە یەکێک لە دراماکانی
ئاتکینسۆن بەشێوەی پرۆفشناڵ کاری خۆی لە تەمەنی 23 ساڵی و لەساڵی 1978 بە رۆڵگێڕان لە شانۆیەکی کۆمێدیا بەناوی oclock news دەستپێدەکات.
 
شانۆکە لاساییکردنەوەی هەواڵ بووە بەشێوە کۆمێدیا کە لە کەناڵی BBC پەخشدەکرا و چوارساڵ درێژەی هەبوو. لەماوەی ئەو چوارساڵەدا ئاتکینسۆن خەڵاتێکی زۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدەستهێنا و لەساڵی 1980 بووە ئەکتەری ساڵی BBC.
 
رۆوان ئاتکینسۆن، لە ساڵی 1981 لە شانۆیەکی تاکەکەسی کۆمێدیا لە شانۆی وێت ئاندی لەندەن رۆڵی گێڕا و دوای تەواوبوونی یەک وەرزی تەواو، خەڵاتی ئەکتەری کۆمێدیای ساڵی لەندەنی بەدەستهێنا. ئەو گەنجترین کەسێک بووە کە تا ئەو کاتە شانۆی تاکەکەسی بردبێتە سەر شانۆ.
 
هەروەها لە ساڵی 1983 بە هاوکاریی ریچارد کورتیس شانۆی کۆمێدیی Black Adder ـی بۆ کەناڵی BBC دروستکرد کە چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا و بۆ دووەمجار بووە باشترین ئەکتەری ساڵی BBC.
 
لەدایکبوونی کەسایەتیی مستەر بین
 
وێنەی مستەر بین لە یەکێک لە دراماکانی
ناسراوترین کاری تەلەڤزیۆنی و گەورەترین کاری ئاتکینسۆن لە ساڵی 1990 دەستیپێکرد، زنجیرەیەکی کۆمێدیایی بێ دەنگ بەناوی مستەر بین کە بۆ کەناڵەکانی ITV و HBO لەلایەن کۆمپانیای تایگر سپکتەوە دروستکرا. 
 
زنجیرەی مستەر بین لە دەستپێکیەوە پێشوازییەکی زۆری لە سەرتاسەری جیهان لێکرا و زیاتر لە 200 وڵاتی جیهان بەرهەمەکەیان کڕی و بەوشێوەیە مستەر بین بووە ئەکتەرێکی ناسراوی جیهانی.
 
زنجیرەی مستەر بین کە لەساڵی 1990 تاوەکو 1995 بەرهەمهات و پەخشکرا، بووە پڕفرۆشترین زنجیرەی نەوەدەکان بۆ تەلەڤزیۆنی بەریتانیا. لە ساڵی 1997 رۆوان لە فیلمێکی سینەماییش رۆڵی گێڕا و پێشوازییەکی زۆری لێکرا. 
 
وێنەی مستەر بین لە یەکێک لە دراماکانی
رۆوان ئاتکینسۆن، نەک تەنیا ئەکتەر بەڵکو نووسەر، پرودیوسەر و وەرگێڕێکی ناسراوی فیلمە کۆمێدییەکانی ئەوروپایە، ئەو دەڵێت، فیلمێکی کۆمێدیای باش جگە لە ئەکتەرێکی باش، پێویستی بە میوزیکێکی جوان، دەرهێنەرێکی باش و سیناریۆیەکی سەرنجڕاکێش هەیە.
 
سەبارەت بە زنجیرەی مستەر بین دەڵێت، هەرگیز پێمخۆش نییە لە مستەر بین کە بەو لە جیهاندا ناسراوم داببڕێم. من چێژێکی زۆر لە رۆڵگێڕان لە مستەر بین وەردەگرم.
 
رۆوان ئاتکینسۆن لە ساڵی 2006 دووەمین زنجیرەی مستەر بینی دەستپێکرد و لە ساڵی 2007 لە سینەماکان نمایشکرا.
 
وێنەی مستەر بین لە یەکێک لە دراماکانی
ئاتکینسۆن لە ساڵی 1990 لەگەڵ سانترا سایستی هاوسەرگیریی کرد و، دوو منداڵیان بەناوەکانی بنیامین و لیلی هەیە. بەڵام لە ساڵی 2015 لە سانترا جیا بووەوە و لەگەڵ لوییز فۆرد هاوسەرگیریی کرد. لەساڵی 2017 و لە تەمەنی 62 ساڵیدا، جارێکی دیکە بووە باوک.
 
مستەر بین لەساڵی 2005 ناوی چووە لیستی یەکێک لە باشترین 50 کۆمێدیانەکانی مێژووی بەریتانیا.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif