ماسک چی لە میکیاژ گۆڕیوە؟ خانمێک دەڵێت بۆ ئەو وەک جارانە

ليست هناك تعليقات


داخرانی ئارایشتگەکان، قەدەخەی بۆنە و ئاهەنگەکان بازاڕی کەلوپەلی جوانکاریی وەکو هەموو کەرتەکانی دیکە لاوازکرد. ئێستا دوای ئاساییبوونەوەی ژیان بە پێچەوانەی زۆربەی وڵاتان، بەکارهێنانی کەلوپەلی جوانکاری گەڕاوەتەوە بۆ دۆخی رۆژانی پێش کۆرۆنا.

سەروین فاروق، ئارایشگەر دەڵێت "ئەوەندەی بیزانم دەربارەی میکیاژ و ئارایشتگەکان، بەتایبەت لە ئارایشتگەی خۆم میکیاژکردن هەر بەردەوامە و ئافرەتان رۆژانە دێن سەردانمان دەکەن و میکیاژی خۆیان دەکەن و سووراوکردنیش بەردەوامە".

نازم مووسا، فرۆشیاری کەلوپەلی جوانکاریی ئافرەتان دەڵێت "لە سەردەمی کۆرۆنا وەکو هەموو شتێک بازاڕەکان راوەستان، ئێستا خەڵک نەیەتە بازاڕیش، بە ئۆنلاین داوادەکەن و زیاتریش دەفرۆشرێت".

بەپێی راپۆرتێکی کۆمپانیای ماکینسی ئەمریکی، فرۆشی بەرهەمەکانی جوانکاری لە ئەمساڵدا بە رێژەی 20٪ بۆ 30٪ کەمیکردووە، لەڕێگەی کۆمپانیای فرۆشی سووراو لە ئەمازۆن، دەرکەوتووە کە فرۆشی سووراو بە رێژەی 15٪ و بەهاکەی 28٪ کەمیکردووە، هەموو جوانکارییەکانی تایبەت بە چاو و برۆ فرۆشتنیان بۆ 25% زیادیکردووە و بەستنی دەمامک هۆکاری گۆڕانی شێوازی جوانکارییە.

حاجی حەیدەر ئەحمەدی دووکاندار دەڵێت "دونیا لێکیش بدات و هەرچی ببێت، ئافرەت هەر سووراوی خۆیان دەکەن، ئەمە پەیوەندیی بە دەمامکەوە نییە، ئەوەی کە دەمامکیش دەبەستێت هەر سووراوی خۆی دەکات لە ئێستاشدا سووراو زیاتر دەفرۆشرێت".

بەشێک لە دووکاندارانیش پێیناوایە بازاڕی فرۆشی بەرهەمەکانی جوانکاری هێشتا کزە و لە هەرێمی کوردستان کولتوور و داهاتی خەڵک بڕیار لەسەر شێوازی جوانکاری دەدەن.

کچە قوتابییەک دەڵێت، بەستنی ماسک کاریگەری نییە و ئەو هەر گرینگی بە خۆی دەدات و میکیاژی خۆی دەکات. هاونیشتمانییەکیش بەناوی زینە ئاراس دەڵێت، بەستنی ماسک "هیچ کاریگەرییەکی نەبووە لەسەرم، من وەکو هەموو ئافرەتێک و هەموو کات میکیاژی خۆم بەتەواوی دەکەم".

لەدوای سعودیە، ئێران دووەمین وڵاتە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە زۆرترین کەلوپەلی جوانکاری بەکاردەهێنن. عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانەی کە تێیدا کەلوپەلی جوانکاری زۆر بەکاردێت و زۆربەی لە ئێران، چین، تورکیا، دوبەی و ئەڵمانیاوە هاوردە دەکرێت.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif