رەگی نەخێر لە عەلی و پێشتر

ليست هناك تعليقات


فارس نەورۆڵی
-
دوژمنایەتی ناوخۆ و نەبوونی خاڵی ھاوبەش و بەڵێ و نەخێر لەسەر مەسەلە چارەنووس سازەکان، تەنھا لە سەردەمی ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشوری کوردستاندا نەبووە، ئەم ناکۆکییە ئەم خۆ شکاندنە ئەم کارکردنە بۆ بەرژەوەندی داگیرکەر ئەم دوژمن نەناسییە، کێشەیەکی قوڵی پەروەردەی و فیکری و سایکۆلۆژی کوردە، کە لەدوای روخانی دەوڵەتی ماد دەستپێدەکات. ھەرچەندە مێژووی کورد پێویستی بە ساغکردنەوەیە، چونکە لە زۆر رووەوە کێشەمان ھەیە.
ئەم بابەتە جێدەھێڵین بۆ مێژوونوسان، دەمەوێ بڵێم لە دوای روخانی میدییەکانەوە ھەتا ئێستا قۆناغ لە دوای قۆناغ داگیرکەران بە ویستی خۆیان دەستکاری کۆدی پەروەردەی کۆمەڵگای کوردستان و تاکی کوردیان کردووە. بەشێوەیەک بەرمەجەیان کردووە. ھەرکات و ھەرچۆن بیانەوێ بەو شێوەیە ئاڕاستەی دەکەن. لێکەوتەکانی دەستکاریکردنی ئەم کۆدانە کاریگەری لەسەر ئەقڵییەتی تاکی کورد کردووە لە زۆربەی کایەکاندا، لە ھەندێ کایەشدا ورد و خاشیان کردووین. ئەمە وای کردووە زۆربەی وزەی کورد لەناوخۆدا و دژبەیەک بەکاربھێنرێت. لەم بوارەدا داگیرکەران سەرکەوتووبوون، لە بیرەوەرییەکانی سەرۆکی کۆمیتەی چارەسەرکردنی کێشەکانی موسڵ کە لەلایەن یەکێتی نەتەوەکانەوە لە ساڵی ١٩٢٤ بڕیاری لەسەر درا، سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە کتێبێکی نوسی بەناوی ( لە بەلکانەوە تا بەرلین ) بەشێکی ئەم کتێبە کاوە ئەمین کردوویەتی بە کوردی بەناونیشانی (کۆمیسیۆنی ویلایەتی موسڵ لکاندنی باشوری کوردستان بە عێراقەوە) مەبەستی ئێمە لێرەدایە ئەم کۆمیسیۆنە دیداری لەتەک کۆی پێکھاتەکانی عێراق یان ویلایەتی موسڵدا سازکردووە بۆ ئەوەی را و سەرنجیان بۆ داھاتوو وەربگرن و بزانن چییان دەوێ، سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە لە کتێبەکەیدا دەڵێت: لیژنەکە پرسیارمان لە کوردێک کرد عێراق ھەڵدەبژێرن یان تورکیا؟ لە وەڵامدا گوتی:
من حکومەتم ھەر ناوێ بەو وەڵامە دەیویست بڵێ، کە دەوڵەت رێگا لە راورووتمان دەگرێت. سەرۆکی کۆمیسیۆن دەڵێت: پرسیارمان لە کوردێکی دیکە کرد، کە چیتان دەوێ؟ لە وەڵامدا گوتی: تۆ پێمبڵێ کە عەلی چی پێوتن؟ منیش پێموت ناتوانین قسەی کەس بۆ کەسێکی دیکە بگێڕینەوە، پاشان لێم پرسی ئەم پرسیارە بۆ دەکەیت؟ ئەو لە وەڵامدا گوتی: چونکە من دەمەوێت بە پێچەوانەی عەلییەوە دەنگ بدەم. ئەو پیاوە ئا بەوشێوەیە بۆ کێشەی وڵاتەکەی خۆی دەیڕوانی. دروست رەگی بەڵێ و نەخێر بۆ ریفراندۆم جۆرێک لێکچوونی تێدایە لەتەک ئەم روداوە مێژووییەدا، ئەم نمونە ئەوەمان پێدەڵێت زۆربەی جیاوازی و دژبەیەکی و نەخێرەکان لە لۆژیکەوە سەرچاوە ناگرێ، بەڵکو تێکچوونی ئەو کۆدانەیە کە داگیرکەر دەستکاری کردوون. ئەمە وای کردووە زیھنییەتی تاکی کورد لەسەر ئەوە پەروەردە کراوە گرنگ نییە لامان کێ راستە و کێ ھەڵەیە گرنگ ئەوەیە چۆن یەکتر بشکێنین. کەواتە ئەم مەسەلەیە رەگێکی قوڵی ھەیە، ھەتاکو ئەم رەگە نەبڕین و ئەم ئەقڵییەتە نەگۆڕین، بەردوام ھەڵەکان لەتەک خۆماندا دێنین و دووبارەی دەکەینەوە. بۆ دەربازبوون لەم دۆخە دەبێت لە جێگایەکدا راوەستین. پێویستە واز لە عەقڵی حەشاماتی بھێنین کێ جاشە و کێ باشە، ئاخر ناکرێ وەک شیعەکان ١٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا، حەسەن و حوسەین شەھیدبوون ساڵانە یادی دەکەنەوە و قیامەت دروستدەکەن. ھەرچەندە ئەم یادە شیعەکان لە ئێران و ناوچەکەدا وەبەرھێنانی سیاسی و ئابوری تێدا دەکەن، کردویانە بە پایەیەکی فیکری بۆ پاراستنی دەسەڵاتی سیاسییان.
 کەچی ئێمە دێین ئەو بۆنانەی کە پەیوەندی بە یەکتر شکاندن و ململانێکانی ناوخۆوە ھەیە زیندوو دەکەینەوە. جارێکی دی نەوە دوای نەوە دەرخواردیان دەدەین. ئیتر پەنا بەخوا ھەڵیدەپێچین و لە ( ٣١ ی ئاب، ١٦ ی ئۆکتۆبەر ) دەستپێدەکەین. ھەتا کار گەشتووەتە ئەوەی پرشنگدارترین ئامانج، کە سەربەخۆییە ناشیرینی بکەین. دەڵێی ھەنگوینمان لە داردا دۆزیوەتەوە چی نەشیاو بێ بەیەکی دەڵێین. کەواتە دەبێ ئەم ھەڵایە لە جێگایەکدا راگرین. ئەوەش دەبێ ئەم رووداوە مێژوویییە کارەساتبارانە بدەینە دەست توێژەران و مێژوونوسان و فەیلەسوفان، سەر راستانە راستی رووداوەکان بخەنەڕوو، کەواتە دەبێت سەرلەنوێ قسە لەسەر کوردبوون بکەینەوە و پێناسەی نوێی چەمکەکان بکەینەوە. دەبێ تێبگەین کێشەی کورد جیاواز لەوەی کێشەیەکی سیاسی و ئابوری و یاسای بێت، کێشەیەکی فەلسەفییە. کێشەی بوون و نەبوونە. دوژمن کاری لەسەر ئەم بوونە کردووە بۆ بردن بەرەو نەبوون. کەواتە دەبێت لە دەرەوەی دامەزراوەیی حزبی، بە گەڕانەوە بۆ فەلسەفەی سیاسی و فەلسەفەی مێژوو، دەستکاری پەروەردە و عەقڵییەتمان بکەینەوە. ئەو کۆدانەی کە داگیرکەر دەستکاری کردوون و بەرمەجەی کردوون، دەبێت ئێمەش سەرلەنوێ دەستکاری بکەینەوە. ئەمەش بیرکردنەوەی قوڵ و عەقڵی گەورە و لە خۆبردوویی گەرەکە. ئەگەر توانیمان ئەم گۆڕانکارییە بکەین، ئەوکات تێدەگەین کە راستە جیاوازی پێویستە، بەڵام مەرج نییە لەسەر ھەموو شتێک جیاوازبین ھەمووکات دەبێ خاڵێک ھەبێ ھەموومان لەسەری کۆک بین. بۆ نمونە (سەربەخۆی) کۆک بوونیش لە ئەنجامی گفتوگۆیەکی عاقڵانە و ئارگۆمێنت سازیدا بێت، بۆ ئەوەی لەسەر کۆی مەسەلەکان بگەینە رێککەوتن. چونکە رەگی کورد لەسەر گرێبەستی بنیاتنراوە، ئەگەر پڕۆسەیەکی بەو شێوە دەستپێنەکەین ھەمیشە بە دژیەکی دەچینە مێژووەوە. شکست دوای شکست بە مێژووی دەسپێرین.
وەک ئەو قۆناغانەی پێیدا تێپەڕیووین و داھاتوومان جوانتر نابێت، بەو ھیوایەی کورد بوون کۆمانبکاتەوە و وەک گەلانی جیھان جارێک لەسەر پرسێک ھەموومان رێک بین و کۆک بین.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif