تورکیا چ جۆرە هاوکارییەکی لە هەرێمی کوردستان دەوێت

ليست هناك تعليقات

زوبێر ڕەسول
-
پرسی هاوکاریکردنی سەربازیی تورکیا لە لایەن هەرێمی کوردستان لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان بەردەوام تەوەرێکی سەرەکی پەیوەنییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا بووە، بە جۆرێک لە هەر دیدار و سەردانێکی کاربەدەستانی هەردوولا ئەو پرسەش دیسان دێتەوە بەرباس، بەڵام ئایا هەرێمی کورداستان دەتوانێت لەم رووەوە هاوکاری تورکیا بکات؟ یاخود وردتر بڵێین ئایا لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانە کە هاوکاری تورکیا بکات لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان؟ 

سەرەتا پێویستە لەو راستییە تێبگەیین کە هەریەکە لە تورکیا و هەرێمی کوردستان بە هۆکاری کۆمەڵیک فاکتەری جیۆپۆلۆتیکی و مێژوویی و دیمۆگرافی و ئابووری ناکرێت و ناشتوانن پەیوەندییان نەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندیی هەردوولا زۆر ئەستەمە بگاتە ئاستی دۆستایەتیێکی متمانەپێکراو و ستراتیجی. چونکە پەیوەندییەکانیان لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش بونیاتنەنراوە. هەرچی تورکیایە لە روانگەیەکی ئاسایشی و نەتەوەییەوە سەیری هەرێمی کوردستان دەکات؛ بەڵام هەرێمی کوردستان وەک دەروازەیەکی بازرگانی و دیپلۆماسییەوە سەیری تورکیا دەکات. هەرێمی کوردستان بە هۆکاری هەڵکەوتەی ئەو جیۆپۆلۆتیکە سەختەی کە هەیەتی بە تایبەت لەبەر ئەو کێشانەی کە لەگەڵ خودی عێراقیش هەیەتی پێویستی بە پەیوەندی دیپلۆماسی هەیە بۆ ئەوەی کەمێک لەژێر هەژموونی عێراق رزگاری بێت. هەڵبەتە كێشەی سەرەکی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییە هەرێمییەکاندا ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان دەیەوێت چالاکی سیاسی و دیپلۆماسی هەبێت، بەڵام بەبێ ئەوەی کارتێکی سیاسی لە دەست بێت. 

بوارێکی سەرەکی کە دەکرێت هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانی تێدا بکات لە پەیوەندییە نێودەوڵەتی و هەرێمیەکاندا بریتییە لە پرسی کورد لە ناوچەکەدا، بەڵام لەبەر کێشەی نێوان هێزە سیاسییە کوردییەکان و ئالۆزی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی هەرێمیدا، بەکارهێنانی ئەو کارتە زۆر ئەستەم و ئاڵۆزە. چونکە بەشێک لە هێزە کوردییەکان پەیوەندییان لەگەڵ وڵاتانی نەیاری یەکتریدا هەیە. بۆ نموونە هێزە کوردییەکانی باشوور تاوەکو ئێستاش پشت بە هەماهەنگی ئێران و تورکیا دەبەستن، یان ئەو هەماهەنگی و پەیوەندییەی کە لە نێوان پارتی کرێکاران و ئێران و سووریادا هەبووە. پرسی هاوکاریکردنی تورکیا کە ئەمجارەش دیسان پێدەچیت پێشنیاز کرابێت لە کاتی سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا، بەڵام ئەم داواکارییەی تورکیا بە هەرێمی کوردستان جێبەجێ ناکرێت، چونکە لە سەر ئاستی ناوەخۆیی دژایەتیەکی زۆر دەکرێت. 

هەڵبەتە تاوەکو ئێستا چەندین جار داوا لە هەرێمی کوردستان کراوە کە هاوکاری سەربازیی تورکیا بکات. لە ساڵی 2006 راویژكاری باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا (سته‌یت دیپارتمێنت) "دەیڤد سەتەرفیلد" له‌ 23ی ئۆكتۆبه‌ری هه‌مان ساڵ نەیشاردەوە كه‌ ئه‌وان "هه‌وڵی زۆرتریان له‌ هه‌رێمی کوردستان ده‌وێت بۆ دژایه‌تیكردنی په‌كه‌كه‌، ئێمه‌ خۆشحاڵنین به‌ نه‌بوونی هیچ كردارێك" لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە، بێ ئه‌وه‌ی روونی بكاته‌وه‌ كه‌ مه‌بەستیان چ جۆرە‌‌ كردارێکە.

هه‌ر تایبه‌ت به‌ مه‌ترسی په‌كه‌كه‌ له‌ مانگی هەشتی 2007 سه‌رۆکوه‌زیرانی ئه‌وكاتی عێراق نووری مالكی و سه‌رۆک ئەردۆغان یاداشتێكی لێكتێگه‌یشتنیان واژوو كرد له‌ ئه‌نقه‌را كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ دژایه‌تیكردنی پارتی كرێكارنی كوردستان؛ هەر لەو ماوەیەدا توركیا چه‌ندین جار هه‌وڵیداوه‌ ئه‌مریكییه‌كانیش باوەڕپێبهێنێت كه‌ گوشار بخه‌نه‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان ‌و عێراق بۆ لێدانی په‌كه‌كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا. تا ئەو ئاستەی دەتوانین بڵێین کە له‌ دوای 2003 تاوه‌كو 2007 به‌شێكی زۆری گرژیه‌كانی نێوان هه‌رێمی کوردستان ‌و توركیا تایبەت بوون‌ به‌ هاوكاری نه‌كردنی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا بە مەبەستی لێدانی په‌كه‌كه‌. 

لە ساڵی 2014 یەکێک لە راپۆرتەکانی دامەزراوەی سیتا- SETA Foundation کە ناوەندێکی توێژینەوەی نزیکە لە دەسەڵاتدارانی تورکیا، ئاماژە بەوە دەکات کە "تورکیا داوای لە هەرێمی کوردستان کرد کە یارمەتیی سەربازییان بدەن بۆ دەرکردنی هێزەکانی پەکەکە لە شنگال، بەڵام بارزانی لە بری ئەوەی شەڕی هێزەکانی پەکەکە و پەیەدە بکات، سەردانی کردن و سوپاسیانی کرد کە هاوکاری پێشمەرگەیان کردووە لە شەڕی دژی داعش". بۆیە تورکیا ناچار بوو کە بۆخۆی لە مانگی نیسانی 2017 بارەگاکانی پەیەدە و هێزەکانی پاراستنی شنگال بۆردوومان بکات. 

لەم سۆنگەیەوە گرنگە لەوە تێبگەین کە فاکتەری سەرەکی دۆستاییەتی تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەبنەڕەتدا لە پرسی کورد سەرچاوە دەگرێت. بە تایبەتیش پرسی پارتی کرێکارانی کوردستان. لە دوای 2003 داینامیکە سیاسییەکانی ناوخۆیی هەرێمی کوردستاندا گۆڕانییان بەسەرداهاتووە؛ ئێستا ساڵانی نەوەدەکانی دوای راپەڕین نییە کە هێزە کوردییەکانی باشوور بتوانن هاوکاری تورکیا بکەن نەک تەنیا لە دژی پارتی کرێکاران بەڵکو لە دژی هەر هێزێکی دیکەی کوردستانی بە تایبەت هاوکاری راستەوخۆی سەربازی تورکیا. 

پەیوەندی لەگەڵ تورکیا سەرەڕای دەسکەوتی ئابووری و دیپلۆماسی، بەڵام باجی سیاسی دەوێت و زۆریش لەسەر هەرێمی کوردستان دەوەستێت. چونکە بەشێکی بەرچاوی خەڵکی هەرێمی کوردستان هەروەها بەشێکی زۆریش لە پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، پەیوەندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا وەک خیانەتێک لە پڕەنسیپە نەتەوەییەکان سەیردەکەن. بۆیە مەبەستی سەرەکی تورکیا لە پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان زیاتر بۆ هاوکاریکردن و لێدانی پارتی کرێکاران بووە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە تایبەت لە دوایی 2003 لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هاوکاری تورکییان نەکردووە لەو بوارەدا. تاوەکو ئێستا لە چەندین راپۆرتی ناوەندی توێژینەوەکانی تورکیا ئاماژە بەوە کراوە کە تورکیا گلەیی هەیە لە هەرێمی کوردستان کە لە رووی سەربازییەوە هاوکاری تورکیا نەبوون لە لێدانی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK. 

هەرچەندە من نازانم ئایا بە وردی لە سەردانی ئەوجارەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوایەکی وەها لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کراوە، بەڵام سەرکردایەتیی سیاسی هەرێمی کوردستانیش ئێستا لەوە تێگەیشتووە کە ئەوان ناتوانن لەو بوارەوە هاوکاری تورکیا بکەن، ‌‌‌هەڵبەتە عێراقیش بەبێ هەرێمی کوردستان ناتوانێت هاوکاری تورکیا بکات بۆ دەرکردنی پارتی کرێکرانی کوردستان. دواتر ئەگەر وردبینانە سەیری پرسەکە بکەین هەرێمی کوردستان چ سوودێک دەبینی لە هاوکاریکردنی تورکیا بۆ لێدانی پارتی کرێکاران.

هەرێمی کوردستان گرنگە ئەو راستییە بزانێت کە قەوارەی هەرێمی کوردستان هیچ دۆستێکی دڵسۆزی نییە کە بتوانێت لە کاتی تەنگانەدا هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات. تورکیا لە دوای نسکۆی ریفراندۆم چی نەماوە لەگەڵ بەغدا بیکات بۆ پەراوێزخستن و لاوازکردنی هەرێمی کوردستان. بە تایبەت لە رێگەی وشکردنی شادەماری ئابووری هەرێمی کوردستان کە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلە.

تورکیا چەندین جار داوای لە عێراق و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانیش کردووە بۆ کردنەوەی دەروازەیەکی دیکەی بازرگانی (کە بە دەروازەی "کۆراڤا" یان "ئۆڤاکۆی" ناودەبرێت) بۆ ئەوەی راستەوخۆ مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ عێراق بکات لە رێگەی دروستکردنی هێڵێکی وشکانی لە تەلەعفەر بۆ موسڵ و دواتریش بۆ پاریزگاکانی دیکەی عێراق. لە راستییدا ئەوەی تورکیا بە هەرێمی کوردستان دەبەستێتەوە لە بنەڕەتدا پرسی پارتی کرێکارانی کوردستانە ئەگینا تورکیا نایەوێت هیچ مامەڵەییکی فەرمی و خێرداری هەبێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق