كێشه‌كانی هه‌رێم‌و به‌غدا، هۆكارو چاره‌سه‌ره‌كانی.

ليست هناك تعليقات

بەڵێن عبدلڵە
-
بەدرێژایی مێژوو گەلی كوردستان لەپێناو ئازادی‌و سەربەخۆیی خەبات‌و تێكۆشانی ئەنجام داوە، لەو پێناوەشدا قوربانیەكی یەكجار گەورە‌و لەژمارە نەهاتووی پێشكەش كردووە. بەداخەوە چەندین هۆكاری دەرەكی‌و ناوخۆیی، بەرهەمی ئەو قوربانی‌و فیداكاریەی بەدەست نەهێناوە. دوای چەندین شۆڕش‌و راپەڕین، بەشێكی خاكی كوردستان لەباشور رزگاركراو بوو بەخاوەنی پەرلەمان‌و حكومەتی خۆی، لەدەستوری نوێی عێراقیش، دانی پێدانراو شەرعیەتی دەستوری وەرگرت. ئەگەرچی ئەوە دواخەون‌و ئاوات‌و مافی رەوای گەلی كوردستان نیە، بەڵام دەستكەوتێكی مێژویە نەك بۆ باشور بەڵكو بۆ سەرجەم كوردستان بەگشتی. دوژمنان‌و ناحەزانی بەدرێژایی ئەو چەند ساڵە هەوڵیان داوە‌و دەدەن بۆ لەباربردنی ئەو قەوارەیە یاخود لاوازكردنی بەشێوەیەك كەنەتوانێ پێگەی سیاسی‌و ئابوری خۆی بەهێزبكات‌و لەناو هاوكێشە سیاسیەكانی ناوچەكە‌و جیهان حسابی بۆ بكرێ، بەتایبەتیش ئێستا كە كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر گەورە‌و ئاڵۆزن. دەرەنجام چاوەڕێی گۆڕانكاری گەورە لەئایندەی ئەم ناوچەیە دەكرێ، بۆیە دوژمنانی كوردستان هەموو هەوڵێك دەدەن، دەرفەت لەبەردەم ئەو قەوارەیە بەرتەسك بكەنەوە نەوەك لەئەنجامی ئەو گۆڕانكاریە چاوەڕوانكراوە گەلی كوردستان پێگەیەك‌و نەخشێكی هەبێ.
من پێم وایە دەبێ خەم‌و ئەركی یەكەمی سەرجەم حزبە سیاسیەكانی كوردستان‌و دڵسۆزان‌و نیشتمان پەروەران لەو بازنەیە بسورێتەوە، ئەوە ئەركێكی نیشتمانی‌و نەتەوەییە، ناكرێ بەعینوان‌و بیانوی جۆراوجۆر خۆمان لەم ئەرك‌و بەرپرسیاریەتیە بدزینەوە، ئێمە دەبێ دوو مەسەلە هەیە بەتەواوی لەیەكتریان جیا بكەینەوە:
یەكەم: جیاوازی فكری‌و سیاسی‌و ململانێی لایەنە سیاسیەكان لەسەر كۆكردنەوەی زۆرترین خەڵك لەدەوری دروشم‌و بەرنامەكانیان‌و هەوڵدان بۆ گەیشتنی بەدەسەڵات.
دووەم: كێشەی گەلی كوردستان‌و ئایندەی لە عێراق.
لەپێشەوە لەسەر پرسی دووەم قسە دەكەم، دواتر دەگەڕێمەوە بۆ پرسی یەكەم، كاتێك قسە دێتە سەر كێشەی كوردستان‌و ئایندەی لەعێراق لێرە شتێك نامێنێتەوە بۆ ململانێ‌و ناكۆكی، خۆ ئەگەر كۆك‌و هاوڕاش نین لەسەر مافی رەوای گەلی كوردستان لەسەربەخۆیی، بەلای كەمی دەبێ كۆك‌و هاوڕابین لەسەر مافە دەستوریەكانی گەلی كوردستان لەعێراق‌و وەك یەك تیم داكۆكی لێبكەین‌و هەوڵی بەدیهێنانیان بدەین. لەسەر ئەو بنەمایە پێم وایە تاكە ئەركی نوێنەرانی كوردستان لەپەرلەمان‌و حكومەتی عێراق بەتەنها داكۆكی كردنە لە مافە دەستوریەكانی كوردستان‌و بەدیهێنانیەتی. دەبێ وەك یەك تیم كار بۆ ئەم ئامانجە بكەن. دەبێ سەرجەم كێشەكانی ناوخۆی كوردستان بۆ حزبە سیاسیەكانی كوردستان‌و پەرلەمان‌و حكومەت‌و خەڵكی كوردستان بەجێ بێڵن، خۆیان لەو كێشانە بەدووربگرن، چونكە خەڵكی كوردستان ئەوانی هەڵبژاردووە نوێنەرایەتی مافەكانیان لەبەغدا بكەن، هەر لەم بڕگەیەدا پێویستە لایەنە سیاسیەكانی كوردستان سەرەڕای جیاوازی فكری‌و سیاسیان، سەرەڕای بونی دەسەڵات‌و ئۆپۆزسیۆن، سەرەڕای ناكۆكیەكان، كاتێ دەگەنە قسەكردن لەسەر كێشەكانی كوردستان لەگەڵ عێراق ئیتر دەبێ تەواوی ئەو ناكۆكی‌و ململانێیە بەلاوە بنێن‌و وەك یەك تیم پێداگیری لەسەر مافە دەستوریەكانی هەرێم بكەنەوە. نابێ ئەو ناكۆكی‌و جیاوازیانەی هەن كاریگەری بخاتە سەر ئەركە نیشتمانی‌و نەتەوایەتیەكان.
من لێرەدا هەندێ پرسیار دەوروژێنم دوور لە كەراهیەت‌و وەكو حەقیقەت، هەڤدە ساڵە رژێمی بەعسی روخاوە، چەندین كابینەی حكومەت لەعێراق یەك لەدوای یەك دامەزرا، ئەمریكا‌و ئەوروپاو وڵاتانی تر‌و un بەهەموو توانایان یارمەتی عێراقیاندا، سەرەڕاش عێراق خاوەنی سەرمایەكی زەبەلاحە، من دەپرسم بەرهەمی ئەو هەڤدە ساڵەی حوكمڕانی عێراقی چی بوە، با لەوە گەڕێین چەند پابەندی جێبەجێكردنی مادەكانی دەستور بوونە بەرامبەر هەرێم، لەپێشەوە عێراقیان نوقمی قەرزێكی لە بن نەهاتوو كردووە، خەڵكی عێراقیان‌و سەرجەم شارەكان بە بەغدای پایتەختەوە لەبچوكترین خزمەتگوزاری بێبەش كردووە. شارێكی وەك (بەصرە) كە بە شادەماری ئابوری عێراق هەژمار دەكرێ، دانیشتوانەكەی ئاوی سوێر دەخۆنەوە. هەرچی شارو شارۆچكەی سونەنشین هەیە كاول‌و وێران كراو خەڵكەكەی دەربەدەربوون‌و دەركران، دوای داعشیش هیچیان بۆ نەكرا. هەرچی سەرمایەی مرۆیی هەیە لەزانا‌و پسپۆر‌و شارەزا‌و خەڵكی ئەكادیمی سەری خۆیان هەڵگرت‌و وڵاتیان جێ هێشت، بەدرێژایی مێژووی عێراق بەغدای پایتەخت ئاوا بێ سەروبەرو بێ حزمەت نەبووە، ئەوە لە كوشتن‌و دەرپەڕاندنی خەڵك‌و ململانێی مەزهەبی‌و دروستبوونی چەندان گروپی مافیاو چەندین گروپی حەشدی شەعبی‌و ....هتد، ئێستا عێراق لەخوارەوەی خوارەوەی ریزبەندی وڵاتە بێ سەروبەرەكانە بەپێی هەڵسەنگاندنی ناوەندە باوەڕپێكراوەكانی جیهان.
لێرە دەپرسم عێراقێك دوای هەڤدەساڵ ئەوە بارودۆخی بێت‌و سەرەڕاش سەرجەم شكستەكانی خۆیان لەحوكمڕانی بەدژایەتی‌و دوژمنایەتی هەرێمی كوردستان پەردەپۆش بكەن‌و خەڵكی پێ گۆش‌و چەواشە بكەن، ئیتر بۆ دەبێ هەندێ كەس‌و لایەن پێی وابێ ئەگەر ئیدارەدانی كوردستان رادەستی بەغدا بكەین ئەوە كوردستان دەكەنە بەهەشت‌و كەرامەت بۆ هاوڵاتی دەگەڕێتەوە، ئاخر كاتێ مەسەلەكان هەمووی بچوك بكەینەوە لەناردنی موچە لەلایەن بەغدا، لەبەرامبەر لەدەست دانی هەرچی هەمانە ئەوە رێك لەدەستدانی قەوارەی هەرێمە تەسلیم كردنی كوردستانە بە بەغدا وەك سەدەی رابردوو.
لەسایەی ئەو حوكمرانیەی عێراق نەك مادەی 140 جێبەجێ نەكرا، بەڵكو شاڵاوی تەعریب ‌و دەرپەڕاندنی كورد هەر وەك زەمانی رابردوو لەناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم بە بەرنامە جێبەجێ دەكرێ. عێراقێك ئامادە نەبێ قەرەبووی كەسوكاری شەهیدانی هەڵەبجە‌و ئەنفال بكاتەوە، عێراقێك ئامادە نەبێ پارەی فرۆشتنی بەروبومی جوتیارانی كوردستان بدات‌و زەوتی بكات، ماف‌و شایستە دەستوریەكانی پێشمەرگە نەدات، ساڵانە كێشەی بودجەت بۆ دروست بكات، بەراشكاوی پەشیمانن لەو دەستورەی ئێستای عێراق. من دەپرسم بۆ دەبێ هەموو ئەو دۆسیە گەورانە كە چارەنوس‌و ئایندەی گەلی كوردستانی پێوەبەندە. بچوك بكەینەوە لە ناردنی موچە وەك ئەوەی بەدرێژایی مێژوو گەلی كوردستان تەنها خەباتی لەپێناو موچە كردبێ بەرامبەر بەغدا. وەك ئەوەی كێشەی كوردستان لەگەڵ بەغدا تەنها ناردنی موچەیە بەس.
ئیتر پێویستە لایەنە سیاسیەكانی كوردستان چیتر رازی نەبن عێراق دەستاودەستمان پێبكات‌و بەرێكەوتنی پینەوپەڕۆ كات بەڕێ بكەن، پێویست دەكات بەیەكگرتوویی سەرجەم ئەو كێشانە بەپێی دەستور یەكلابكرێنەوەو هەموو لایەك وەك یەك تیم داكۆكی‌و پێداگیری بكات.

دێمەوە سەر پرسی یەكەم‌و بارودۆخی هەرێم:
پێش هێرشی داعش هەرێمی كوردستان پێگەیەكی سیاسی‌و ئابوری بەهێزی هەبوو لە عێراق‌و لەناوچەكە، دوای هێرشی داعش‌و داشكانی نرخی نەوت، لەروی ئابوریەوە هەرێم پاشەكشەی كرد..بەڵام لەروی سیاسیەوە بەهۆی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لەباشور‌و شەڕڤانان لە رۆژئاوا پێگەی سیاسی هەر بە بەهێزی مایەوە. سەرەڕاش كوردستان بووە پەناگەی دەیان هەزار پەنابەر لەهەموو نەتەوەوئاین‌و ئاینزاكان، حكومەتی هەرێم‌و گەلی كوردستان بەجوانترین شێوە پەنای دان‌و پاراستنی هەروەها ئەو رێزگرتن‌و بەیەكەوەژیانەی نێوان نەتەوەكان‌و ئاینزاكان نمونەیەكی جوان‌و رویەكی گەشی كوردستانە.

ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان بە بارودۆخێكی سەخت‌و دژواری سیاسی‌و ئابوری تێدەپەڕێ، دیارە هۆكارەكان زۆرن، بە تەئكید شەڕی داعش‌و نزمبونەوەی نرخی نەوت‌و بڕینی بودجەی هەرێم لەلایەن عێراق.....هتد، بەشێكی سەرەكین لەم هۆكارانە، بەڵام ناكرێ ئۆباڵی ئەم بارودۆخە سەختە تەنها لەمانە كورت بكەینەوە، پێویستە دەست بخەینە سەر كەموكوڕی ‌و برینەكانی خۆشمان كە هۆكاری سەرەكی تەواوكەری ئەوانەی سەرەوەن لەخوڵقاندنی ئەم بارودۆخە. لێرە بەم چەند خاڵە دەمەوێ ئەو هۆكارە بخەمەروو..

1-لەروی ئابوریەوە: لەسەرجەم كابینەكانی حكومەتی هەرێم گرنگی بەبوژانەوەی ژێرخانی ئابوری نەدرا نە لەبارەی كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاوو نە لەبوارەكانی گەشت‌و گوزارو پیشەسازی زیاتر سیاسەت ئاراستەی بواری نەوت‌و بیناسازی كرا.بۆیە‌ كوردستان بووە بازاڕی ساغكردنەوەی كەلوپەل‌و بەروبومی وڵاتانی تر. بەم شێوەیە كۆمەڵگای كوردستان لە كۆمەڵگەیەكی وەبەرهێن گۆڕا بۆ كۆمەڵگەیەكی بەرخۆر. هەلی كاركردن بۆ گەنجان ‌و دەرچوانی زانكۆ‌و پەیمانگاكان كەم بۆوە. تێكڕا هەوڵی دامەزراندنیاندا لە فەرمانگە حكومیەكان یاخود رویان كردە كەرتی پێشمەرگایەتی‌و پۆلیس‌و ئاسایش. ئەمە وایكرد بەشی هەرە زۆری داهات‌و بودجەی هەرێم بۆ دابین كردنی موچە تەرخان بكرێ.
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم لەسێ لایەنی سەرەكی پێكهاتووە، بەرنامەیەكی فراوان‌و گشتگیریان راگەیاند، ئەگەر لەم چوار ساڵە ئەو بەرنامەیە جێبەجێ بكرێ، كوردستان پێشكەوتنێكی باش بەدەست دەهێنێت، دیارە هەندێ هەنگاو نراوە، هەندێكیان هێشتا نەكەوتونەتە بواری جێبەجێكردن، من وایدەبینم پێویستە هەر سێ لایەن كە بەیەكەوە حكومەتیان پێكهێناوە‌و لەسەر كارنامەیەك رێككەوتون، دەبێ بەتەواوی شان بدەنە بەر بەرپرسیاریەتی‌و ئەو رێككەوتن‌و بەرنامەیەی رایانگەیاندووە جێبەجێ بكەن، ئەوە سودی بۆ هەرێم‌و بۆ خۆشیان دەبێ، چونكە خەڵك چاوەڕوانی چاكسازی ریشەیی‌و موچەی مانگانە‌و هەلی كار‌و بوژانەوەی بازاڕ‌و خزمەتگوزاری زیاترە.

2-دەسەڵاتی حزب بەسەر دامودەزگاكانی حكومەت‌و دەست وەردانیان لەكاروباری بەڕێوەبردن بواری لەبەردەم كەسانی دڵسۆز‌و شارەزا‌و بەتوانا‌و پاك كەم كردەوە كە رۆڵی خۆیان ببینن لەبەرێوەبردنی دامودەزگاكان‌و خزمەتی گشتی پێشكەش بكەن.

3-ناكۆكی‌و ململانێی حزب بەئاقارێكی زۆر خراپ ئاراستە كرا، تێكڕا هەوڵ درا كادرو ئەندام‌و هەوادارانی خۆیان بە رۆحیەتی دوژمنایەتی‌و رق‌وكینەو رەتكردنەوەی ئەوی تر گۆش كران. ئەوەندە نەپرژانە سەر گۆشكردن‌و پەروەردەكردنی لایەنگرانیان لەسەر بنەمای نیشتمانی‌و نەتەوەیی.

4-دەبێ دەسەڵات لە كوردستان جا هەر كێ لەدەسەڵات بێت لە ئێستا‌و لە ئایندە، ئەركی لەپێشینەی دابینكردنی خزمەتگوزاری‌و ژیانی شایستەیە بۆ هاوڵاتیانی هەرێم، پێویستە ململانێی حزبەكان چ ئەوانەی لەدەسەڵاتن چ ئەوانەی لە ئۆپۆزسیۆنن لەسەر ئەو بنەمایە سەرچاوە بگرێ. نەك رقە‌و كینە‌و یەكتر رەشكردنەوە. دەبێ دەرفەتی یەكسان بۆ گشت لایەك دابین بكرێ،دەبێ رەنگ‌و جیاوازیە سیاسیەكان رێز لێگیراوبن، پەنا نەبرێتە بە زەبرو زەنگ.
بەداخەوە تا ئێستا مانای جیاوازی سیاسی‌و فكری نێوان لایەنە سیاسیەكان بەشێوەیەكی هاوچەرخ‌و شارستانی نەهاتۆتە نێوپرۆسەی سیاسی لەبری ئەوە برەو بە سەنگەرگرتن‌و دوژمنایەتی دراوە. دیارە جیاوازیەكان چەندە زۆربن زیان بەخش نین، بەڵام ئەگەر كەمیش بێت لە چوارچێوەی بەرنامە‌و پڕۆژەكان دەرنەبڕدرێن بەیەكتر نەڵێن من لەمانە لەتۆ جیاوازم ئەوە بگۆڕدرێ بۆ دوژمنایەتی زیانی زۆری لێدەكەوێتەوە، بەداخەوە فەلسەفەی حوكمڕانی لەكوردستان لەسەر ئەو بنەمایە دانەڕێژرا بۆیە دوچاری زۆر نەهامەتی گەورەبوین كە تا ئێستاش بەدەستیەوە دەناڵێنین.

5-من پێم وایە ئێستاش درەنگ نیە‌و دەكرێ پێراِبگەین، ناوماڵی كوردستان رێك بخرێتەوە، هەموو لایەك درك بەسەختی هەلومەرجەكە‌و مەترسیەكان دەكەن، دەكرێ لە رێگەی چاكسازیەكی ریشەیی‌و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری‌و گۆڕینی سیاسەتی ئابوری‌و...هتد، ئاشتیەوایی‌و متمانە بگەڕێتەوە نێوان حكومەت‌و هاوڵاتی هەروەها نێوان حزبەكان‌و هاوڵاتی. چونكە بە راشكاوی دەڵێم خەڵك تادێ متمانەی بەرەو كزی دەچێ كە ئەمە خاڵێكی مەترسیدارە نمونەی زەقی ئەو دیاردەیەش دوا هەڵبژاردن بوو كە رێژەیەكی زۆری خەڵك نەهاتنە سەر سندوقی دەنگدان.
لەكۆتایدا دەڵێم تا مانا قوڵەكەی چەمكی حزب‌و حزبایەتی نەگەڕێتەوە بۆ سەر سكەی راستەقینەی خۆی‌و ژیانی حزبایەتی، وە تا مانا هاوچەرخ‌و شارستانیەكەی ململانێی نێوان دەسەڵات‌و ئۆپۆزسیۆن ‌و نێوان حزبەكان نەگەڕێتەوە بۆ چوارچێوەی دەربڕینی جیاوازی لەفكرو سیاسەت جیاوازی لەشێوازی حوكمڕانی نەك دوژمنایەتی‌و رەشكردنەوەی یەكتر، تا ناكۆكیەكان بكەوێتە سەر حسابی كێشە نیشتمانی‌و نەتەوایەتیەكان‌و لەسەر پڕۆژەیەكی هاوبەش رێك نەكەوین، تا فەلسەفەی حوكمڕانی نەگۆڕێ بۆ حكومەتی هاوڵاتی ئاسان نیەلەم هەلومەرجە سەخت‌و دژوارو پڕ كێشانەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بتوانین جێ پێیەكی بەهێزو ژمارەیەكی حساب بۆ كراوبین. ئۆباڵی ئەو ئەرك‌و بەرپرسیاریەتیەش دەكەوێتە ئەستۆی لایەنە سیاسیەكانی كوردستان.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif