دابەشکردنی ھەرێم لە ھۆشیارییەکی بەدبەختدا

ليست هناك تعليقات



فارس نەورۆڵی
-
لە مێژووی ھیچ نەتەوەیەکدا دەرنەکەوتووە، یان زۆر بەکەمی ئەگەر ھەشبێت، کاتێک کیانێکیان دروستکردبێت بیریان لە بچوککردنەوەی کردبێتەوە، مەگەر کەسانێک بچووک بیریان کردبێتەوە، بەڵکو ھەوڵی فراوانکردنیانداوە. چونکە ھەموو ئاقڵێک دەزانێ تێچووی فراواننەبوون لە تێچووی فراوانبوون زیاترە. بۆیە ھەوڵیان داوە لە ڕێگای جیا جیاوە دەسەڵاتیان بەسەر زەمینی فراواندا بشکێ و وەهای نیشانبدەن، کە بۆ خۆشبەختی گەلانە ئەم فراوانبوونە. نمونەش زۆرن ئێستاش نەتەوە گەورەکان ھەوڵدەدەن لە ڕێگای ئابوری و فەرھەنگەوە دەست بەسەر جیھاندا بگرن. ئا لەم ھەلومەرجەی جیھان و ناوچەکەدا کورد کیانێکی بۆ دروستبووە سەرەڕای کەم و کوڕییەکانی، خۆڕاگری و مانەوەی لەنێو بەرداشی ئەو ھەموو بەرژەوەندی و ئەم دوژمنە مێژوییانەدا موعجیزەیە، کەچی لەبری ئەوەی بین بە فشار بۆ دروستکردنی یەکگوتاری بۆ بەھێزکردنی بیری ئازادیخوازی و بەگژداچونەوەی گەندەڵی، دێیین و دەگەڕێینەوە بۆ حیکایەتی میرنشینی، کە ھەمووان دەزانین چی مێژویەکی کارەساتباربوون! لەم کاتەدا دێین باس لە بە ھەرێمکردنی سلێمانی دەکەین.

ئەمە جگە لە بچوککردنەوە لێدانە لە ناوبانگی سلێمانی و ئەسیربوون بە بیرکردنەوەی ناوچەگەری، لە ھەمانکاتدا تێنەگەشتنە لە دۆخی سیاسی و دەستوری عێراق و ڕێککەوتنە سیاسیەکانی ناو ھەرێم. لەلایەکی دیکەوە تێنەگەشتن لە جوڵەی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان و بەریەککەوتنی پرۆژە گەورەکان لە ناوچەکەدا، کە لە ھەردوو پرۆژەی ئەمریکی چینیدا خۆیدەبینێتەوە و لە فەلەکی ئەم پرۆژانەشدا چەند پرۆژەیەکی ناوچەیی لە ململانێدان بۆ ئەوەی لە گۆڕانکاری ناوچەکەدا سەنگ و پێگەی خۆیان ھەبێت. بە دڵنیاییەوە ھەرێمی کوردستانیش بەشێکە لەو گۆڕانکارییانەی کە لە ناوچەکەدا و لەناو ئەو پرۆژانەدا بوونی ھەیە. بەڵام ئایندەی بەسراوە بە چۆنییەتی یارکردنی خۆمانەوە. لەم نێوەندەدا پێویستمان بە ھۆشیارییەکی سیاسی قوڵ ھەیە، نەک ئەو ھۆشیارییە بەدبەختەی لەم کاتەدا لەبری کار بۆ بەھێزی ھەرێم بکات داوای لەتکردنی ھەرێم بکات. ھەرچەندە لە ویستی کورد و سیاسەتی نێودەوڵەتیشدا ئەم ھۆشیارییە بەدبەختە بەمردوی لەدایکبوو.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif