گه‌نده‌ڵی زاواكه‌ی تره‌مپ

ليست هناك تعليقات

كان-ی هاوڕێم له‌مانگی ئه‌پرلی 2019 ته‌له‌فۆنی بۆ كردم كه‌كتێبێكی نوێی به‌دیاری بۆ كڕیوم كه‌هه‌مووی 20 رۆژه‌كه‌وتووه‌ته‌ به‌ر ده‌ستی خوێنه‌ران. كاتێك گه‌یشته‌ لام، كورته‌یه‌كی بۆ باسكردم و وتی: "ئه‌مریكییه‌كان په‌ستن له‌جارێد كۆشنێر-ی زاوای تره‌مپ، پرسیار ئه‌وه‌یه‌ چۆن كۆشنێر به‌بێ هیچ ئه‌زموونێكی سیاسی ده‌ره‌كی و ناوخۆیی بووه‌ته كه‌سێكی سه‌ره‌كی له‌كۆشكی سپی ده‌رباره‌ی به‌گه‌ڕخستنی كۆمپانیاكان و پرۆسه‌ی ئاشتی له‌خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست؟".

به‌خشكه‌یی چوونه‌ناو پله‌و پۆسته‌وه‌

كاتێك ده‌ستمكرد به‌خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ی ڤیكی ۆرد له‌ژێر ناوی "كۆمپانیای كۆشنێر: چاوچنۆكی و ئاواتخوازی و گه‌نده‌ڵی، چیرۆكێكی ده‌گمه‌نی جارێد كۆشنێر و ئیڤانكا تره‌مپ"، یه‌كه‌م هه‌ڵوه‌سته‌م كرد كه باوكی كۆشنێر كه‌سێكی له‌یاسا لاده‌ره‌، له‌ساڵی 2005دا به‌هۆی خۆدزینه‌وه‌ له‌باج و كه‌ڵه‌كچێتی له‌ویلایه‌تی نیوجێرسی ماوه‌ی دوو ساڵ زیندانی كراوه‌. به‌ڵام نووسه‌ر ئه‌وه‌ش ناشارێته‌وه‌ كه به‌هۆی كۆشنێر-ه‌وه خێزانه‌كه‌ی ناوێكی نوێی هه‌ڵگرت كاتێك هاوسه‌رێتی له‌گه‌ڵ ئیڤانكا تره‌مپ-دا كرد. دواتر تێگه‌یشتم كتێبه‌كه تێروانینی نووسه‌ره‌ له‌سه‌ر وێنه‌ی عه‌شیره‌ته‌كه‌ی كۆشنێر و جاڤانكا. كتێبه‌كه تێكه‌ڵه‌یه‌كه له‌باسكردنی چینێكی ئۆستۆكراتی و مێژووی كۆمه‌ڵایه‌تی دوای هۆڵۆكۆست. به‌دواداچونێكی راسته‌وخۆ و كورتكراوه‌ی (جاڤانكا) (جارێد كۆشنێر و ئیڤانكا تره‌مپ) و ریسواكردنی رێساو یاساكانی كۆمپانیایه‌.

له‌گێڕانه‌وه‌كانی ڤیكی ۆرد-دا چارلی كۆشنێر باوكی جارێد خه‌ونی به‌وه‌وه بینیوه‌ كه كوڕه‌كه‌ی ببێت به‌جۆن كنێدی جوله‌كه‌ی ئه‌مریكا، ئیڤانكا تره‌مپ-یش له‌خه‌یاڵیدایه ببێت به‌سه‌رۆكی ئه‌مریكا و دۆناڵد تره‌مپ-یش هه‌میشه له‌خولیای مێشكیدایه‌ و هیواخوازه له‌پاشه‌ڕۆژدا ئیڤانكا ببێت به‌خانمی یه‌كه‌می ئه‌مریكا.

كه‌یسی دوو ماری تێكئاڵاو به‌شێوه‌یه‌كی جوان له‌به‌رهه‌می ئه‌و ره‌نج و ماندووبونه‌ی تره‌مپ ئه‌خۆن كه له‌سه‌ره‌تایی ژیانییه‌وه‌ تا ئێستا هه‌وڵی بۆئه‌دا، نووسه‌ر ده‌ڵێت: " بۆ كتێبه‌كه‌م چاوپێكه‌وتنم له‌گه‌ڵ 220 كه‌س كردووه هه‌ر له‌گاری كۆهین-ه‌وه‌ گه‌وره راوێژكاری سه‌رۆك تره‌مپ له‌2017-2018 تا رێبه‌ری گه‌شتیاریی ئه‌و خوێندنگا ئاماده‌ییه‌ی كه ئیڤانكا لێی خوێندووه‌. هه‌موو جیهان واده‌زانن كه‌ئیڤانكا و كۆشنێر راوێژكارێكی سه‌رڕاست و نوێنه‌ر و رۆشنبیرێكی باوه‌ڕپێكراون. هه‌ردووكیان سه‌ره‌نجڕاكێش و ته‌واو ده‌وڵه‌مه‌ندن، له‌ئێستادا به‌هێزترین كه‌سی ناو كۆشكی سپی-ن. ئیڤانكا و كۆشنێر به‌خشكه‌یی چوونه ناو پله‌و پۆسته‌وه وێرای ئه‌وه‌ی به‌لێزانیان توانیان سه‌رنجی تره‌مپ بۆ لای خۆیان راكێشن".

ئه‌وكاته گاری كۆهین به‌مێشكیدا هاتووه كه ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌له‌ ئیداره‌كه‌ی تره‌مپ دوای ئه‌وه بووه‌ كه‌ تره‌مپ سه‌رزه‌نشتی كردووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و خۆپیشاندانه‌ نیشتمانییه‌ كوشنده‌یه‌ی له‌ فێرجینیا روویدا و هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ش یه‌كه‌م وێستگه‌ی به‌یكگه‌یشتنی بووه‌ له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانی تره‌مپ. له‌و به‌یه‌كگه‌یشتنه‌دا له‌ئۆگه‌ستی 2017 له‌گه‌ڵ ئیڤانكا ترامپ. كۆهن تێگه‌یشتووه له‌په‌رچه‌كرداری نائارامی كچه‌كه‌ی تره‌مپ به‌رامبه‌ر ئه‌م كه‌هه‌ردووكیان راوێژكاری ئابوری تره‌مپ بوون.

ئیڤانكا شه‌ڕێكی گه‌وره‌ی كرد

نووسه‌ر چاپته‌ری یه‌كه‌می له‌ژێر ناوی "بنه‌چه‌كه‌ی ترسناكه‌" باسی له باپیر و نه‌نكی جارێد كۆشنێر ده‌كات كه‌ساڵی 1949 به‌گه‌شتییه‌ك ده‌گه‌نه نیویۆرك ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی ساڵی 1945 رزگاریان ده‌بێت له‌كه‌میپینی قڕكردنی جوله‌كه‌كان. ئه‌م به‌شه‌ زیاتر گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی رزگاربوونی باوانی كۆشنێر-ه‌ له‌ده‌ست ئه‌ڵمانه‌كان.

گه‌وره‌بوونی كۆشنێر له‌خێزانێكی تاڕاده‌یه‌ك مامناوه‌ند، به‌ڵام ورده ورده چارلس-ی باوكی سه‌رمایه‌كه‌ی قه‌به‌ ده‌بێت كه‌ئه‌مه‌ش ساخته‌چێتی و گه‌نده‌ڵی زۆری ویستووه‌. هه‌ر له‌سه‌ره‌تای 15 ساڵییه‌وه كۆشنێر-ی ئاماده‌كردووه‌ بۆ كاری كۆمپانیای خانووبه‌ره‌. نووسه‌ر له‌لاپه‌ڕه‌18 دا ده‌ڵێت:"كاتێك جارێد كۆشنه‌ر داوایه‌ك پێشكه‌شی زانكۆی هارڤارد ده‌كات بۆ خوێندن، باوكی دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری بۆ ئاماده‌ده‌كات. باوكی به‌ئاگا بووه‌ له‌وه‌ی كوڕه‌كه‌ی تووشی تلیاك كێشان نه‌بێت. بیروباوه‌ری جوو-ی له‌مێشكیدا جێگیركردووه‌" هه‌ر له‌به‌شی دووه‌م و له‌لاپه‌ڕه‌ 19دا نووسه‌ر ده‌ڵێت:"باوكی كۆشنێر وتویه‌تی كوڕه‌كه‌ی له‌پشووی هاویندا شه‌و و رۆژی له‌كۆمپانیاكه‌ی به‌سه‌ر بردووه‌. جار جاره‌ش گوێی له‌موزیك گرتووه‌. هه‌میشه‌ پێیوابووه كه كۆپییه‌كه له جوزیف كنێدی جوله‌كه‌".

چاپته‌ری سێیه‌م له‌ژێر ناوی "خێزانی یه‌كه‌م" باسی ژنی یه‌كه‌می تره‌مپ ده‌كات. نووسه‌ر له‌لاپه‌ڕه‌32 و 33 دا ده‌ڵێت:"ئیڤانكا شه‌ڕێكی گه‌وره‌ی كرد له‌پێناوی دایكی و رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بوو له‌چنگكه‌وتنی ئه‌و وه‌ره‌سه‌یه‌ی تره‌مپ له‌كۆمپانیاكانی خانووبه‌ره‌و موڵك و ماڵه‌كانی هه‌یه‌تی، وێرای ئه‌وه‌ی ئیڤانكا دووركه‌وته‌وه‌ له‌و رێگایه‌ی دایكی كاتێك كه له‌باوكی جیابۆوه‌. هه‌ر زوو په‌یوه‌ندی كرد به‌باوكییه‌وه‌و بڕیاریدا له‌گه‌ڵ ئه‌و بژی و لێی دوور نه‌كه‌وێته‌وه‌. په‌یوه‌ندی تره‌مپ له‌گه‌ڵ ئیڤانكا هیچی كه‌متر نییه‌ له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ دوو كوڕه‌كه‌ی دۆن جێر و ئریك. بگره‌ له‌ئێستادا زیاتریشه‌".

تره‌مپ تووشی شۆك بوو

كۆشنێر له‌هه‌موو بواره‌كاندا یاریزانێكی ده‌گمه‌ن له فێلكردن له‌ حكومه‌ت، ئه‌و سه‌فقه‌ گوماناویی و ناڕوونه‌ی كه‌ له‌كاتی كڕینی ئاپارتمانی 666 له‌سه‌ر رێگه‌ی 5ی ئه‌ڤینۆ، رێچكه‌یه‌كی ناڕوون بوو چونكه له‌و كاته‌دا له‌رۆژنامه‌ی نیویۆرك ئۆبزێرڤه‌ر كاری ده‌كرد. هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه گوماناوییه بازرگانییه‌كانی له‌گه‌ڵ مه‌كسیك و ئیسرائیل و قه‌ته‌ر به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و خۆده‌رخستنه ئاشكرایه‌ی ئیڤانكا-وه‌. بۆیه‌ له‌چاپته‌ری پێنجه‌می كتێبه‌كه‌دا و له‌لاپه‌ڕه 46دا نووسه‌ر ده‌ڵێت:"ده‌شێت گه‌نده‌ڵییه‌كانی جارێد كۆشنێر له‌1 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار له‌مانهانتن، تێپه‌ڕ بكات".

كاتێك له‌كۆتایی 2005ه‌وه‌ كاری هاوبه‌شی خانووبه‌ره ده‌كه‌وێته نێوان هه‌ر دوو كۆمپانیاكه‌ی تره‌مپ و جارێد كۆشنێر، كۆشنێر هێشتا خێزانی تره‌مپ ناناسێ، نووسه‌ر ده‌ڵێت:"كۆشنێر زۆر كه‌ڵكی مه‌عنه‌وی له كۆمپانیاكه‌ی تره‌مپ وه‌رگرتووه‌. كاتێكیش كه‌2006 بڕیاری هاوسه‌رگیری ده‌دات له‌گه‌ڵ ئیڤانكا دوای دوو ساڵ به‌هۆی ناڕازیبوونی باوكی كۆشنێر-ه‌وه‌ جیاده‌بنه‌وه‌ به‌ڵام دواتر ساڵی 2009 له‌سه‌ر رێوڕه‌سمی ئاینی جووله‌كه هاوسه‌رگیری ده‌كه‌ن" له‌لاپه‌ڕه‌51 نووسه‌ر نوسیویه‌تی:"تره‌مپ تووشی شۆك بوو كاتێك كچه‌كه‌ی بڕیاریدا له‌سه‌ر ئاینی جوله‌كه شوو بكات، به‌ڵام ئیڤانكا توانی قه‌ناعه‌ت به‌باوكی بكات بۆچی؟ هه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌رچوو كه‌ تره‌مپ ویستی. دواجار تره‌مپ سه‌ركه‌وت توانی كۆشنێر بگێڕێته‌وه‌ بۆ ناو خێزانی خۆی".

هه‌روه‌ها نووسه‌ر له‌لاپه‌ڕه 70 و 71ی چاپته‌ری هه‌شته‌مدا تێبینی ئه‌وه‌ده‌كات كه‌ ئیڤانكا هه‌میشه‌ ویستویه‌تی هانی مێرده‌كه‌ی بدات كه‌ هاوشانی خۆیه‌تی ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی پیشانی باوكی كۆشنێر بدات كه‌ كوڕه‌كه‌ی له‌ژێر كۆنترۆڵی ئه‌و نه‌ماوه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌میشه‌ بۆچوونی جیاواز و ناكۆكه له‌نێوانیان لێپرسینه‌وه‌و چاودێریكردنی كۆشنێره له‌و كارانه‌ی ده‌یكات. كه‌ نووسه‌ری وای پیشانداوه‌ ئیفانكا كۆنترۆڵی دۆخی هاوسه‌رێتی كردووه‌و رۆڵی ژنێكی ئاركۆدۆكسی كلاسیكی ده‌گێڕێت. هه‌روه‌ها له‌لاپه‌ڕه 75دا نووسیویه‌تی:"هه‌رگیز كۆشنێر و ئیڤانكا پێشبینی ئه‌وه‌یان نه‌كرد كه‌تره‌مپ ئه‌و جه‌ماوه‌رێتییه‌ی ده‌ستگیر بێت، هه‌ر بۆیه هیچ كامیان ئه‌ستێره‌یه‌كی دیار نه‌بوون له‌هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی 2016دا و ته‌نیا وه‌ك كارمه‌ندێكی ئاسایی هه‌ڵمه‌ته‌كه ده‌بینران، به‌ڵام كۆشنێر كۆنترۆڵی بودجه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی كرد بوو. ته‌نانه‌ت هه‌ندێك پاره‌ی خه‌رجكرد تا ئه‌م ساته‌كه‌س نازانێت سه‌رچاوه‌كه‌ی كوێ بووه‌!"

ته‌نیا كاره‌كه بۆ كۆشنێر له‌بار بوو

ڤیكی ۆرد تێبینی ده‌كات كاتێك هیلاری كلنتۆن، له‌هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا، تره‌مپ تۆمه‌تبار ده‌كات به‌وه‌ی دژه‌جووه‌، كۆشنێر بێده‌نگی هه‌ڵده‌بژێرێت وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌ویش ئه‌و تێبینییه‌ی له‌لادروست بووبێت. له‌لاپه‌ڕه 96ی چاپته‌ری ده‌یه‌مدا ده‌نووسێت:"ئیڤانكا وتویه‌تی په‌یوه‌ندی نێوان ئیسرائیل و ئه‌مریكا مه‌سه‌له‌یه‌كی سیاسییه‌، ته‌نیا كۆشنێریش توانی له‌كه‌مپینی هه‌ڵبژاردندا به‌رگری له‌و په‌یوه‌ندییه بكات".

له‌شه‌وی ده‌رچوونی تره‌مپ-دا به‌سه‌رۆكی ئه‌مریكا، تره‌مپ به وشه‌یه‌ك ناوی هه‌وڵی كۆشنێر ناهێنێت. نووسه‌ر له‌م رووه‌ نوسیویه‌تی: "كۆشنێر سه‌ری سوڕما و ئه‌مه‌ی لای ئیڤانكا وتووه‌، ئه‌مه له‌كاتێكدا دواتر تره‌مپ زۆر كاری ئیداره‌كه‌ی خسته‌به‌رده‌ست وێرای ئه‌و زنجیره‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ی وه‌زاره‌تی داد-ی ئه‌مریكی كه‌پێشتر رووبه‌ڕووی كۆشنێر-ی كردبۆوه‌".

نووسه‌ر له‌به‌شی دوانزه‌ و له‌لاپه‌ڕه 125 دا باس له‌سه‌ره‌تای چوونه كۆشكی سپی ده‌كات كه‌هه‌موو شتێك فه‌وزاو بێ سه‌ره‌وبه‌ره بووه‌. راین هۆڵد ریچارد پارێزه‌ر و سیاسه‌توانی كۆماری، یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی له‌كه‌مپینی هه‌ڵبژاردنی تره‌مپ، بوو. باس له‌ته‌نیا 40 رۆژ ده‌كات كه‌توانیویه‌تی له‌كۆشكی سپی ده‌وامی بكات (20 جون 2017 بۆ 31 جولای 2017). كه پێیوابووه زۆر زه‌حمه‌ت بووه‌ له‌نێو ئه‌و فه‌وزایه‌ی كه تره‌مپ خۆی حه‌زی پێده‌كات، ده‌وامبكرێت. نووسه‌ر له‌سه‌ر زاری ریچارد-ه‌وه ده‌ڵێت:"ته‌نیا كاره‌كه‌ بۆ كۆشنێر له‌بار بووه‌ كه‌ هیچ پله‌و پۆستێكی نه‌بووه‌، به‌ڵام هه‌موو شتێ بوو و به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كیش كاریگه‌ری گه‌وره‌ی هه‌بوو له‌سه‌ر تره‌مپ".

نووسه‌ر ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌‌ڕوو ئه‌وه‌ی له‌پشت دوورخستنه‌وه‌ی جێمس كۆمی به‌رێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدرالی (ئێف بی ئای) یه‌وه‌ بووه‌، جارێد كۆشنێر-ی زاوای بووه‌. له‌چاپته‌ری پانزه‌دا ده‌ڵێت:"به‌خێرایی، تره‌مپ هه‌ستی كرد له‌ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی كۆمی-دا هه‌ڵه بووه‌و رۆژێك له‌به‌رچاوی ئیڤانكا سه‌رزه‌نشتی كردووه‌ و پێی وتووه نه‌ئه‌بوو به‌قسه‌م بكردیتایه‌".

قسه‌یه‌ك كه مابێته‌وه ئه‌وه‌یه خاتوو ڤیكتۆریا پێنێلۆپ جێن (ڤیكی ۆرد) نووسه‌ری كتێبه‌كه‌. ماوه‌یه‌ك له‌رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز كاریكردووه‌. به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمیش وه‌ك په‌یامنێر له‌سی ئێن ئێن له‌مانگی جون-ی 2019 ه‌وه‌ كارده‌كات. له‌به‌ریتانیا له‌دایكبووه‌ و له‌ساڵی 1997ه‌وه‌ رویكردۆته ئه‌مریكا و نیشته‌جێبووه‌. ساڵی 2003 ره‌گه‌زنامه‌ی يیه‌مریكی به‌ده‌ستهێناوه‌. ئه‌مه سێیه‌مین كتێبێتی و پێشتر دوو كتێبی تری به‌چاپ گه‌یاندووه‌.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق