ئەرمینیا بۆ شەڕی ئازەربایجان هەڵمەتی بەسەربازکردنی گەنجانی راگەیاند

ليست هناك تعليقات



لەماوەی 24 کاژێری رابردوودا، هەڵکشانی سەربازیی لە هێڵەکانی پێشەوەی شەڕ لەنێوان هەردوو وڵاتی ئازەربایجان و ئەرمینیا روویدا، حکومەتی ئەرمینیا هەڵمەتی بەسەربازکردنی گەنجانی راگەیاند.

وەزارەتی بەرگریی ئەرمینیا رایگەیاند، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە شەڕ دژی سوپای ئازەربایجان لە هەرێمی ناگۆرنی قەرەباخ دەستیپێکردووەتەوە.

لە بەرامبەردا لەماوەی چەند کاژێری رابردوودا، پەرلەمانی ئازەربایجان بڕیاری راگەیاندنی باری نائاسایی و قەدەخەی هاتووچۆی لە سەرانسەری وڵات پەسەندکرد.

شەڕو پێکدادانەکان لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا لەسەر هەر‌ێمی ناگۆرنی قەرەباخ تاوەکو ئێستا لانیکەم کوژرانی 16 سەرباز و ژمارەیەکی دیکەی خەڵکی سیڤیلی لە هەردوولای لێکەوتووەتەوە، شەڕی ئەمجارە بە تووندترین پێکدادان لەنێوان هەردوولادا لە ساڵی 2016وە دادەنرێت.

شەڕی ئەرمینیا و ئازەربایجان نیگەرانیی گەورەی لێکەوتووەتەوە لە ئەگەری دووبارە تێکدانی سەقامگیری ناوچەی قەوقاز، کە بە رێگەی گواستنەوەی نەوت و غاز بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا و جیهان دادەنرێت.

وەزارەتی بەرگری ئازەربایجان رایگەیاندووە لە شەڕو پێکدادانەکانی رۆژی یەکشەممە، هێزەکانیان چوونەتە نێو 6 گوندی نێو هەرێمی ناگۆرنی قەرەباخ، ئەرمینیاش ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە. وەزارەتی بەرگریی ئەرمینیاش رایگەیاند، لە شەڕەدا لە ناوچە سنوورییەکانی نێوانیان، 4 فڕۆکەی جۆری هەلیکۆپتەر و 15 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و 10 تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازی ئازەربایجانیان تێکشکاندووە.

لە ساڵی 1990ـەوە و لە ئەنجامی لاوازبوون و پاشان هەرەسهێنانی یەکێتیی سۆڤیێت لە 1991، ئەرمینییەکانی هەرێمی ناگۆڕنی قەرەباخ کە لەنێو وڵاتی ئازەربایجانە، لە شەڕێکی چەکداری کە تێیدا زیاتر لە 30 هەزار کەس بوونە قوربانی، توانییان هێزەکانی ئازەربایجان دەربکەن و هەرێمەکەیان وەک هەرێمێكی سەربەخۆ و جودا لەو وڵاتە راگەیاند.

لە ساڵی 1994 و بەنێوەندگیریی وڵاتانی رووسیا، ئەمریکا و فەرەنسا، ئاگربەست لەنێوان هەردوولا راگەیێندرا و دەست بە گفتوگۆکانی نێوانیان کرا، بەڵام گفتوگۆکان چەندین جار شکستیان هێناوە و هەردوولاش یەکدی بە پێشێلکردنی رێککەوتنەکان تۆمەتبار دەکەن.

فەرەنسا، تورکیا و رووسیا و ئەڵمانیا لە کاردانەوەی پێکدادانەکان داوای دەستبەجێ وەستاندنی شەڕ و ئاگربەست دەکەن. وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا داوا لە هەردوولا دەکات "دەستبەجێ هێرشەکان رابگرن و دەست بە دانوستاندن بکەن بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە".





ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق